لە توركیا بەلەمێكی كۆچبەرانی نایاسایی بە 30 سەرنشینەوە نقوم بوو

جیهان 22/10/2018


چاودێر:

  لە كەناراوەكانی شارۆچكەی گومبەتی سەربە بۆدڕوم لە پارێزگای موغڵا، بەلەمێك كە كۆچبەرانی نایاسایی هەڵگرتبوو، ژێرئاوكەوت و نزیكەی ٢٠ لە سەرنشینانی رزگاركران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ، دوای ئەوەی كە هاوار بۆ بە هاناوەچوونیان لە نزیك كەناراوەكانی گومبەت بیسترا، تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكان و هێزەكانی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەكە كران.

بەلەمەكە كە بە تەواوەتی ژێرئاوكەوتبوو، درێژییەكەی شەش مەتر و نزیكەی ٣٠ كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو كە ژمارەیەكیان منداڵ و ژن بوون. تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكان بە خێرایی گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئەو كەسانەیەن رزگاركرد كە لە سەرە ئاوەكە چاوەڕێی بەدەمەوەچوون بوون و بۆ ناو بەلەمەكانیان گواستنەوە.

پۆلیسێكی هاتوچۆ لەكاتی كارەكانی رزگاركردندا منداڵێكی حەوت ساڵانی لە ناو ئاوەكە دەرهێنا و بردیە وشكانی، دوای ئەوەی هەستی كرد كە هەناسە نادات منداڵەكەی لەباوەش گرت و بە هەموو توانایەوە بەرەو تیمی فریاگوزاری رایكرد كە نزیكەی 100 مەتر لە پێشەوە وەستابوو. پۆلیسەكە بە چاوی پڕ فرمێسكەوە تەماشای هەوڵی تیمی پزیشكی دەكرد كە مەساجی دڵیان بۆ منداڵەكە كرد. 
منداڵەكە پاش چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانە كرا. 

نزیكەی 20 كەس كە لەو رووداوە رزگاركران گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی بۆدڕوم. تیمەكانی ژێردەریایی لەو شوێنەی بەلەمەكە ژێرئاو كەوتووە بەردەوام سەرقاڵی كاری گەڕانن. 

هاوكات پۆلیس لە وشكانییەوە هاوكاری كارمەندانی ئاسایشی كەناردەریا دەكات كە بە چوار بەلەم سەرقاڵی كاری رزگاركردنن.