بەرپرسێكی سعودی ووردەكاری كوشتنی جەمال خاشقچی باسدەكات

جیهان 21/10/2018



ئاژانسەكان – بابان:
بەرپرسێكی سعودی راستیەكان لەبارەی كوشتنی رۆژنامەنوس و ئۆپۆزسیۆنی سعودی جەمال خاشقچی ئاشكرا دەكات و تەئكیددەكاتەوە، لەسەر دەستی ئەو 15 كەسە كوژراوە، كە نێردراون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵیداو شوێنی تەرمەكەشی ئاشكرا دەكات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی سعودیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە: سعودیە دەیەوێت كەسایەتیە ئۆپۆزسیۆنەكان بگێڕێتەوە بۆ سعودییە، بۆئەوەی دوژمنانی ریاز نەتوانن بەكرێیان بگرن، ناردنی تیمێكی تایبەتیش، كە لە 15 كەس پێكهاتبون و ویستویانە قسە لەگەڵ خاشقچی بكەن
بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی رۆیتەرز، تیمەكە لەلایەن ئەحمەد عەسیری جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە پێكهێنرابو، هەموویان چونەتە ئیستانبوڵ و لەگەڵ خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە كۆبونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵیدا  بەمەبەستی رازیكردنی بۆ گەڕانەوەی خاشقچی بۆ سعودییە.
لەسەرەتادا ئەو تیمە 15 كەسییە، پلانەكەیان وابووە كە ئەگەر خاشقچی رازی نەبوو بە گەڕانەوە ئەوا دەیبەن بۆ شوێنێكی دەرەوەی ئیستانبوڵ و ماوەیەك دەیشارنەوەو پاشتر ئازادی دەكەن، ئەو تیمەش فەرمانی ئەوەیان هەیە و رێیان پێدراوە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی هەڵسوكەوت بكەن، هەروەها (سعود قەحتانی) راوێژكاری دیوانی پاشایەتی سعودییە، بەشداری كردووە لە رێكخستنی پرۆسەكەو بەڕێوەبردنەكەی داوەتە دەست یەكێك لە كارمەندەكانی.
بەپێی وتەكانی ئەو بەرپرسە سعودیە، خاشقچی  وتوێتی چیم لێدەكەن؟ دەمكوژن؟ دەمڕفێنن؟، یەكێكیش لەوانە بەناوی (ماهیر موتریب) پێی وتووە بەڵێ بێهۆشت دەكەین و دەتفڕێنین، بەپێی وتەی بەرپرسەكە ئەو رێگەیە بۆ ترساندنی جەمال خاشقچی، دژی پلانەكە بووە، دوای ئەوەش خاشقچی دەنگی بەرزكردۆتەوە، ئەوانیش ویستویانە بێدەنگی بكەن و دەم و لوتیان گرتووە، گوایا بەهۆی ئەوەشەوە هەناسەی لێبڕاوەو گیانی لەدەستداوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی سعودیە، جەختی لەوە كردۆتەوە كە  هیچ نیازێك نەبوە بۆ كوشتنی جەمال خاشقچی، بەڵام هەڵە لە جێبەجێكردنی پلانەكەدا رویداوە، دەشڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەگەر كەسێك لەو تەمەنەی ئەودا بخەیتە ئەو بارودۆخەوە ئەوا گیان لەدەستدەدات.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە بۆ شاردنەوەی تاوانەكەیان، تیمەكە تەرمی خاشقچی-یان لەكومبارێكەوە پێچاوەو لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی كونسوڵخانەكەوە بردوویانە بۆ كەسێك لەدەرەوەی كونسوڵخانە (كە تائێستا نازانرێت كێیە) ، بۆ ئەو مەبەستەی شوێنەواری جەمال نەهێڵێت و دواتریش (سەڵاح تەبیقی) كە شارەزای بەڵگەی تاوان و پزیشكی دادوەرییە، سەرجەم ئاسەوارەكانی رووداوەكەی لەناو كونسوڵخانەكەدا شاردۆتەوە.
سەبارەت بەوەی پێشتر كونسوڵخانەی سعودیە تەئكیدی لەوە دەكردەوە خاشقچی كونسوڵخانەكەی جێهێشتووە، بەرپرسەكە دەڵێت (كەسێك لەتیمەكە) بەناوی (مستەفا ئەلمەدەنی) بە جلوبەرگ و چاویلكەو كاتژمێرە كەی خاشقچیەوە، لە دەرگای پشتەوەی كونسوڵخانەی سعودییە چۆتەدەرەوە، بۆئەوەی وا نیشاندی بدات، كە ئەوە جەمال خاشقچییە كونسوڵخانەكەی جێهێشتوە و بەرەو ناوچەی سوڵتان ئەحمەد رۆیشتووەو لەوێوە جلوبەرگ‌و كەل و پەلەكانی جەمالی لەناوبردووە.
 دواتر راپۆرتێكیان بۆ سەروو خۆیان نووسیوەو تێیدا هاتووە كە گوایا رێگەیان بە خاشقچی داوە لە كونسوڵخانە بچێتە دەرەوە، چونكە هەڕەشەی ئەوەی كردووە كەسێك لەدەرەوەی كونسوڵخانەكە دەسەڵاتدارانی توركیا ئاگاداردەكاتەوە، دواتریش بەپەلە ئیستانبوڵیان جێهێشتووە، لەئێستاشدا سەرجەم ئەندامانی تیمە 15 كەسیەكە و 3 كەسی تر كە گومانیان لەسەرە، دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لێرەدا پرسیاری چەندین كەسایەتی و دەزگاو لایەنی ئەمنی و هەواڵگری نێودەوڵەتی، لێرەدا درووست دەبێت كە  گفتوگۆكردن لەگەڵ خاشقچی و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی بۆ سعودییە، پێویستی بە 15 كەس هەیە؟ بەتایبەتی كە لەنێو ئەو 15 كەسەدا ئەفسەرو شارەزای پزیشكی دادوەری و شارەزای توێكاری لەناویاندا هەبێت؟

سەرچاوە: سایتی (روسیا الیوم)