كۆمەڵەی مافی مرۆڤ: زیندانییەكانی توركیا ئەشكەنجە دەدرێن

جیهان 20/10/2018

    

چاودێر
لقی ئامەد-ی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ دەربارەی دۆخی زیندانییانی بەندیخانەی خارپێت راپۆرتێكی ئامادە كرد و ئاشكرای كرد كە زیندانییە سیاسییەكان تەداوی ناكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
لقی ئامەد-ی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD) راپۆرتێكی دەربارەی دۆخی زیندانییانی بەندیخانەی ژمارە ١ و ٢ی ئاسایشی باڵای خارپێت ئامادە كرد و لە بینای كۆمەڵەكە لەژێر ناوی «راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە بەندیخانەی خارپێت» بۆ ڕایگشتی ئاشكرای كرد. سەرۆكی لقی ئامەدی كۆمەڵەكە (عەبدوڵا زەیتوون) رایگەیاند: «لە بەندیخانەكانیش زیندانییان ڕووبەڕووی تووندوتیژیی وشكی سەردەستانە دەبنەوە. زیندانییان بەهۆی هەڵوێستی سیاسییان ڕووبەڕووی مامەڵەیەكی تایبەتی بەندیخانە دەكرێنەوە. هەم لە كۆمەڵگە دادەبڕێنرێن و هەمیش لە بەندیخانە ئەشكەنجە دەدرێن. زیندانییە نەخۆشەكان بە كەلەپچەكراوی تەداوی دەكرێن و ناتوانن سوود لە مافی تەداویكردن وەرگرن.»
غوربەت یوڤوز ئەندامی كۆمسیۆنی بەندیخانەكان-ی سەر بە لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتەكەی بۆ مێدیاكان خوێندنەوە
«شاندەكەمان لە لێكۆڵینەوەكانیاندا گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە زیندانییان رووبەڕووی ئەشكەنجە و مامەڵەی خراپ كراونەتەوە. لەژێر گۆشەگیری و دابڕاندندا بەند كراون. مافەكانیان لە ڕووی تەندرووستی، راگەیاندن، كولتووری و كۆمەڵایەتییەوە پێشێلدەكرێت. شاندەكەمان گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە زیندانییان بەهۆی بیروڕای سیاسییان مافەكانیان پێشێل كراوە و مافە قانوونییەكانیان لێ سەندراوەتەوە. ئەو كتێبانەی كە قەدەغەش نەكراون و بڕیاری كۆكردنەوەیان نەدراوە، ناگەنە دەستی زیندانییان. بەڕێوەبەرایەتیی بەندیخانەكە مافی ئازادیی ئاگاداركردنەوەی لە زیندانییان سەندووەتەوە، سزای دیسپلینی زیندانییان دەدرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.»
كۆمەڵەكە رایانگەیاند: ئێمە داوا لە لیژنەی لێكۆڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی توركیا و وەزارەتی داد دەكەین هەنگاو بنێن. بۆ ئەو مەبەستە ئەم پێشنیازانە دەكەین:
بەر لە هەموو شتێك داوا لە رژێمی توركیا دەكەین بە گوێرەی سیاسەت و پەیمانە نێونەتەوەییەكان مامەڵە بكەن. داوا دەكەین كاربەدەستانی بەندیخانەكان كۆتایی بە ئەشكەنجەدانی زیندانییان بهێنن.

- پێویستە بەپەلە گۆشەگیری و دابڕاندن لەسەر زیندانییان هەڵبگیرێت و مەرجی ژیانی مرۆیی دەستەبەر بكرێت.

- پێویستە مافی تەندرووستیی زیندانییان دابین بكرێت و ڕێگرییەكانی بەردەم تەداویكردنی زیندانییەكان هەڵگیرێت.

- پێویسته دادگەیی ئەو كارمەندانەی‌ بەندیخانەكانی ١ و ٢ بكرێت كە بەشداربوون لە تاوان دژی زیندانییان.

- بۆ ئەوەی شاندە سەربەخۆ و نێونەتەوەییەكان بتوانن لە بەندیخانەكە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆیانە بكەن، پێویستە حكوومەت هەنگاو بنێت و دەرگە بۆ شاندەكان بكاتەوە. داوا لە وەزارەتی داد دەكەین ئەركی قانوونی خۆی بە گوێرەی پەیمانە نێونەتەوەییەكان جێبەجێ بكات.»