هەژدە ڕێگەی نووسەرانە

ڕەخنەی چاودێر 14/08/2018

شونتا گریمس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: میدیا عەبدولقادر

باشترین ڕێگا بۆ چوونە ناو دنیای نووسین و نووسەرێتی، ئەوەیە گوێ لە نووسەرانی تر بگرین، ئەم بابەتەش یەکێکە لەو هەوڵانە. ئێمە بەردەوام ئەزموونی نووسەرانی جیهانمان خستووەتە ڕوو و بەردەوامیش دەبین. کەواتە گوێ لە ئەزموونی نووسەرانی تر بگرە و دەست بکە بە نووسین.

یەک: هەموو ڕۆژێک بنووسە
هەموو ڕۆژێک نووسین ئەرکی یەکەمە، لەبەر ئەوەی گرنگە.

دوو: وەک نووسەرێک بخوێنەرەوە
ستیڤن کینگ دەڵێت، ئەگەر کاتت نەبوو بۆ خوێندنەوە، کەواتە کاتیشت نابێت بۆ نووسین. بیکە بە خوویەک و هەمیشە کتێب لەگەڵ خۆتدا هەڵبگرە.

سێ: وەک نووسەرێک تەماشای تەلەفزیۆن بکە
ئەگەر دەتەوێت ببیت بە نووسەر، پێویستت بەوەیە تەماشای تەلەفزیۆن بکەیت. هەندێک لە باشترین چیرۆکەکان لە تەلەفزیۆندا ڕوو دەدەن. وەک نووسەرێک تەماشا بکە و سەرنج بدە، کە بۆچی چەند کاتژمێرێکی تەمەنت لە تەماشاکردنی شتێکدا دەبەخشیت.

چوار: وەک نووسەرێک تەماشای فیلم بکە
ڕەی برادبێری ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت ببن بە نووسەر، بە سەیرکردنی زۆری فیلم. ئەو ئامۆژگاریی دەکات بە تەماشاکردنی فیلمی کۆن. فیلم ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە هەموو چیرۆکەکە لە ماوەی ٢ کاتژمێردا.

پێنج: شوێنی خۆت ڕێک بخە
پێویستت بە شوێنێکە کە تێیدا مێشکت بزانێت کاتی نووسینە. لە هەر شوێنێک بیت مێشکت ڕابهێنە کە بکەوێتە سەر ڕێڕەوی نووسین.

شەش: هاوشێوەکانت بدۆزەرەوە
بە دوای نووسەرانی تردا بگەڕێ. بیاندۆزەرەوە. وانە وەربگرە. بەشداریی گرووپی نووسین بکە.

حەوت: تەنیا بۆ یەک خوێنەر بنووسە
هەوڵ مەدە بۆ هەموان بنووسیت. نووسین بۆ هەموو کەسێک؟ ئەمە کارێکی شێتانەیە.

هەشت: سنوور دابنێ لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا
نووسینەکانت گرنگن. ئەمە کاری تۆیە. خشتەی نووسینەکانت دابنێ و بیانپارێزە.

نۆ: وەک ئەوە بنووسە کە کاری خۆت بێت
ئەگەر نووسین کاری تۆیە، کەواتە تۆ چەند شتێک دەکەیت. کاتی بۆ تەرخان دەکەیت، هەوڵ بۆ فێربوون دەدەیت، بۆ ئەوەی کارەکەت بە باشی بکەیت. هەروەها ئەوە تەواو دەکەیت کە دەستت پێ کردووە. چاوەڕێی ئەوەش دەکەیت کە خەڵکی ڕێز لە کارەکەت بگرن.

دە: لە پشت دەرگایەکی داخراوەوە بنووسە
ئەمە هەموو کات ڕوو دەدات، نووسەرەکان دەزانن سەرەتا و کۆتاییی چیرۆکەکانیان چییە. بەڵام لە ناوەندی ئەمەدا تووشی تاریکی دەبن، دەست دەکەن بە پرسیارکردن. تۆ مەهێڵە دەوروبەر بە چیرۆکەکەت بزانێت تا ئەو کاتەی تەواوی دەکەیت.

یانزە: فێری ئازادکردنی خود ببە
ئازادکردنی خود وەک نووسین گرنگە. پێویستە فێری ببیت بۆ ئەوەی بیکەیت.

دوانزە: بردنەدەرەوەی کتێبەکەت/ بڵاوکردنەوەی نووسین
زۆر دەگمەنە بۆ کەسێک کە کتێبێک بنووسێت و هەبێت و وەک پێشەیەک پیشان بدرێت و ببینرێت. پێویستە بەردەوام بیت لە نووسین و بڵاوکردنەوەیان بە هەموو جیهاندا.

سیانزە: ئامانجی بچووک دابنێ
ئامانجە بچووکەکان ژیان دەگۆڕن. دەتوانیت لە هەموو شوێنێکدا بە دەستی بهێنیت، ڕۆژانە دە خولەک بنووسە، دە خولەکەیش بخوێنەرەوە.

چواردە: بە خۆت بڵێ نووسەر
باوەڕم پێ بکە، ئەمە بە دەنگی بەرز بە خۆت بڵێ: من نووسەر. کاتێکی تر هەرکەسێک پرسیاری کرد دەربارەی ئەمە، چی دەکەیت؟ بڵێ: من نووسەرم.

پانزە: تەواوبوون
ئەمەیان زۆر گرنگە، شتێکی زۆر نییە کە بیکەیت بۆ ئەوەی ببیت بە نووسەر، ئەگەر دەستنووسێکت تەواو نەکردبێت.

شانزە: وا بکە کاری ڕۆژانەت خزمەت بە کارامەیییەکەت بکات
ئەمە بیرکردنەوەیەکە کە هەموو شتێک بۆ تۆ دەگۆڕێت.

حەڤدە: ئارەزووت بۆ کارەکەت هەبێت
ئەمە هەڵەیەکە زۆر دەبینرێت. ئەگەر هیچ شتێک نییە کە بایەخدار بێت بۆت، ئەوا فێری شتێک ببە کە ئارەزووت بۆی هەبێت، هەروەها هەوڵ بدە لە ڕێگەی ئەوەوە سەرنجی خەڵکی ڕابکێشیت.

هەژدە: مەشقکردن
سەرەتا بەوە دەستم پێ کرد کە گوتم هەموو ڕۆژێک بنووسە. هەروەها هەر بەوەش کۆتایی پێ دەهێنم. هیچ کام لەو پێشنیارانەی سەرەوە ناتوانن جێی ئەم پێشنیارە بگرنەوە؛ هەموو ڕۆژێک بنووسە و دەستنووسەکەت تەواو بکە و بیپارێزە.