وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشەكانی ئێوارانی زانكۆ و پەیمانگا دادەخات

رۆشنبیری 25/07/2018

وتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بڕیاریداوە زۆربەی بەشەكانی ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم دابخات و بڕیارەكەش بۆ ئەمساڵی خوێندن “2018-2019″ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، نوسیویەتی”لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی فێركردنی بەیانیان و ئاستی زانكۆ و پەیمانگەكان لەڕووی جۆرایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی لای قوتابیان، بڕیاردرا زیاتر لە 70%ی بەشەكانی خوێندنی ئێواران لە زانكۆ پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 دابخرێن”.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت “وێڕای ئەوەی بڕیارەكە بۆ ئەمساڵی خوێندن دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەو قوتابیانە ناگرێتەوە كە ساڵانی پێشوو لەو بەشانە وەرگیراون”.
هەروەها ئاشكراشیكرد، ئەو بڕیارە سەرجەم بەشەكانی ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگەكانی تایبەت “ئەهلی” دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە خوێندنی بەیانیان بدرێت.