کورد و کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین

بەرهەم كەڵهوڕی 24/05/2021

 : 
ئەم ماوەیە بینیمان کە چۆن بەشێک لە میللەتەکەمان ، ئەوانەی پشتیان بەتەفسیری ئایینی ئیسلام بۆ ئەم کێشەیە بەستبوو و لەگەل حیزبە ئیسلامیەکانیش  چۆن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی گردبوونەوە و ناڕەزاییان پێشان دا دژی دەوڵەتی ئیسرائیل ، لەناو کورددا ئەمە یەکەم جار نیە ،  تەنانەت سەرکردە  سەلاحەدینی ئەیوبیش له مێژوودا  بە هەڵمەتی  سەربازی ئەمەی کردووە .
بەڵام لە دوورتر سەیری بابەتە بکەین و شی بکەینەوە ، دەبینین به گوێرەی سەرچاوه ئیسلامیەکان کە عەرەب و جولەکە ئامۆزان و هاو نەژادن ، هەر یەکەیان کوڕی ئیسماعیل و ئیسحاقن و ئەوانیش هەردووکیان برا بوون و کوڕی ئیبراهیم بوون خوا لێیان ڕازی بێت . عەرەبەکان نەوەی ئیسماعیلن و جوولەکەش نەوەی ئیسحاقن ، تەنانەت سەرۆکی پێشووی لیبیا ( موعەمەر قەزافی ) دەیگوت جووەکان ( کوڕە مامی ئێمەن )  و دەشی گووت با ووڵاتێکی تێکەڵ بۆ هەردووکیان  دروست بکەین و ناوی لێ بنێین ( ئیسراتین ) .
کەواتە کێشەیەکی دووتیرەی یەک نەژادە و بەرگێکی ئایینیشی پێوەیە و ئەو بەرگە ئایینیەشە کە  لەناو نەتەوە موسڵمانە غەیرە عەرەبەکانی وەکو کوردیشی کۆمەڵێکی زۆری  ڕاکێشاوە بەرەو ئەو ململانێیە لە مێژینەییەی نێوان ئەم دوو بەرەبابە ( عەرەب و جوولەکە ) .
 کورد به پاڵنەری ئایینی بەرگری زۆری لە فەلەستین کردووە ، بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە نەوەک هەر سوپاسی نەکراو ڕێزی لێ نەگیرا ، بگرە ئەنفال و کیمیا باران و ...هتد کرا وەک ئەوەی کە هەر موسڵمانیش نەبوو بێت و ئەوان تازە لەسەردەمی فتوحات بن لەڕوانگە ئایینیەکەوە ،  جگە لە ڕوانگە مرۆڤایەتیەکەوە کە کۆمەڵکوژیەوە دەچێتە نێو  خانەی تاوانکاری و لەناو بردنی  بە کۆمەڵەوە  ؟!
 دوای تێپەڕ بوونی ئەم مێژووە ئێستا ئیسرائیل دەوڵەتێکی هەرە بەهێز و پێشکەوتووی جیهانە و لەڕووی سەربازیشەوە بەهێزە و تەنانەت بەرەی سەربازی عەرەبیش لە ساڵی  ۱۹٦۷ دانیان بەوەنا کە شکستیان خواردوە بەرامبەر هێزی سوپای ئەم دەوڵەتە  تەنانەت کاتێک  پەیامنێرێکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنوەر سادات پرسیارێکی لێ دەکات سەبارەت بە ئیسرائیل،  ئەو وەڵام دەداتەوە و دەڵێت : فڕێ دانی ئیسرائیل بۆ ناو بەحر  موزایەدە و ئەو ئیسرائیلەش کە هەیە  کێ دەتوانێت بیگۆڕێت با بفەرمووێت و بێت بیگۆڕێت من ناتوانم ئەمە بکە م . تەنانەت لە هەندێک لە ووتارەکانی ئەم دواییەی هەندێک لەسەرکردە عەرەبیەکانیش  هەم جۆره ووتاره بەدی دەکرا ، هەندێ ووتاری تری توند هەبوون  کە جگە لە موزایەدە هیچی تر نەبوون ، بۆ نموونە لەلایەن تورکیا وئێران ، تورکیا لە ژێرەوە پەیوەندەیەکی زۆر باشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئێرانیش  لە 1979  تا ئێستاهەر خەریکی بەرزکردنەوەی ئەم جۆرە دروشمانەیە و لە ئەرزی واقیعیشدا  گەر به پاڵنەری ڕوسیا نەبووبێت هیچی نەکردووەو  ئەویش  هەر موزایەدە دەکات تا  پشتیوانی جەماوەری جیهانی ئیسلامی بەدەست بێنێت و عەتف و سۆزی ئەوان بۆخۆی ڕابکێشێت هەروەکو ململانێی عوسمانی و سەفەوی دێنە بەرچاو م . بەڵام ووتاری سەرکردە عەرەبەکان نەرمتر بوو تەنانەت ئەوانیش هەرەەک ئەنوەر سادات بەڕاشکاوی دانیان بە نابەرامبەری هێز دانا .
شوکر ئێستا گەیشتن بەقۆناغی هێورکردنەوەی بارو دۆخەکە و وەستاندنی گرژیە سەربازیەکان .
ئایا دواڕۆژی سیاسی کورد چی بەسەر دێت گەر بچێتە نێو ئەم ململانێیانە ؟
به ڕواڵەت ئەمەریکا گەورەی ووڵاتانی جیهانە ، بەڵام لە واقیعدا هەروەکو دەگوترێت جیهان گەمەی دەستی ئیسرائیلە .
ئێمەی نەتەوەی کورد  کە تا ئێستاش نەبووین به خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کۆمەڵێک هۆکار هەن ، لەوانەش دژایەتی کردنی ئیسرائیلە لە مێژووی کۆن و نوێدا ، کەواتە ئێمەی کورد نە پشتیوانی میللەت و ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیمان بەدەست هێنا ، بەڵکو تا ئێستاش ستەممان لێ دەکەن ، ئیسرائیل و ئەمەریکا و ڕۆژئاواشمان کردوون بە دوژمن و نەیاری خۆمان و ئەوانیش پشتیوانیمان لێ ناکەن تا ببین بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ .