مەلا بەختیار، پێویستی بە مەندوب نیە!

نەشوان ئەحمەد سەعید 29/08/2020

زۆرن ئەوانەی لەپێناو دەستكەوتێكی شەخسی یاخود مادی، هەر رۆژەلە تای بەرژەوەندیەكن و هەموو خەبات و هەوڵ و ماندوبونیان دەكەنە قوربانی بۆ گەیشتن بە شتێك كە ناتوانن بە سیاسەت و نوسین و هەوڵی ئاسایی و لۆژیكی پێی بگەن.
وا پانزە ساڵە لە هەرزەكاریمەوە تا ئەم تەمەنەی ئێستامە، بە بەردەوام لە دورو نزیك ئاگاداری هەموو كۆرو كۆبونەوەكانی كاك مەلا بەختیارم، ماوەیەكی كەمیش وەك سەرنوسەری سایتی چاودێرو پاشانیش بۆ ماوەیەك لە نوسینگەی راگەیاندنی خۆی كارم كردوە.
ئەوەی من لەم ماوەی كاركردنەم و بە ئێستاشەوە  ئەیبینینم، پێچەوانەی زۆر بەرپرسی تر بوە، هەمیشە یەكێتی لە لوتكەی خەمەكانی و خۆی لە دامێن بینیوە، نەمدی رۆژێك دژی هیچ كەسێك و دژی یەكێتی و پێچەوانەی سیاسەتی  یەكێتی كار بكات، بەڵكو  وەك هەموو كات لە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخی یەكێتی تەبایی نێوان جەمسەرەكانی یەكێتی بوە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش كە ناكۆك بوە، بە مۆراڵێكی سیاسی بەرزەوە سیاسەتی لەگەڵ كردوە.

هەشت ساڵ لەمەوبەرو لە ٢٧-١٢-٢٠١٢، لە مەڵبەندی خانەقین بازنەی حەمرین، كە ئەو كات كوتلەو كوتلەكاریەكی بێرادە بەرۆكی یەكێتی گرتبو، هەبوون لەسەر پۆست و پلەو پایە، خەریكی ملشكانی هاورێكانی بو. ئەو كاتیش هەموان كە خەریكی چنینەوەو دەستكەوتی مادی بون، بەڵام مەلا بەختیار بە دەق بۆ هەموانی رونكردەوەو پێی وتن: "یەكێتی تۆكمە بێت، یەكێتی ناو یەكێتی پارێزراوبێت، هەڤاڵان لە كاك كۆسرەت و كاك بەرهەمەوە، بۆ ئاخر كەسمان، هەموومان گونجاوبین لە نێوان خۆمان، ئەنجومەنی سەركردەیەتی و ئۆرگانەكان گونجاوبین لە نێوان خۆمان، منیش لە خزمەت هەموومان دەبم. دڵنیابن، ئەوەی وتومە زیاتر لەوەش دەكەم، دەبم بە هەوێنی برایەتی، دەبم بە هەوێنی خۆشەویستی،  هیچ شتێكیشم ناوێت جگە لە یەكێتی ناو یەكێتی. هەركەسێك دەیەوێت كەمێك زیاتری دەست بكەوێت، بابێت لە بەشەكەی من بەرێت، گرنگ ئەوەیە یەكێتی و یەكێتی ناو یەكێتی بمێنێت".

دەی با كادرانی یەكێتی و دڵسۆزان، با ئەو سەركردانەی ئەو كات خۆیان بریار بدەن، كێ بو لەو كاتەی جەنابی مام جەلال نەخۆشكەوت هەتا پاش كۆچی دواییشی، یەكێتی پاراست، نەیهێشت لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو  توشی داڕمانی زیاتر بێت، سەرەڕای كێشە و بێشەكانی ناوەندی بڕیار و كێشە لەگەڵ گۆڕان و چەندین گرفتی تر؟

با دڵسۆزانی یەكێتی، ئێستاو رابردوو هەڵسەنگێنن، با بزانین پێگەو قورسایی یەكێتی لە ئاستی ناوخۆو دەوڵەتانی ناوچەیی و جیهانیش، ئێستا حساب بۆ كراوە یان رابردوو؟

سیاسەت بە رق و كینە، شەڕی ناوخۆی لێكەوتۆتەوە، ئەندێشەیەكی بەرهەمهێناوە كە تادێت كۆمەڵی كوردی بەرەو تونێلی تاریكی ناتەبایی و نائارامی بردوە، نیو سەدە زیاترە ئەمە تاقی دەكرێتەوە ئەنجامی نەبوە، ئێستاش بەم بەیت و بالۆرە كۆنە، نە سیاسەت دەكرێت و نە یەكێتی سەركەوتوو دەبێت!

باشترە  ئەوانەی نانیان لەسەر دوبەرەكی و دروستكردنی فەوزایە، سەركردایەتی ئێستا رێگەیان پێ نەدەن و لە شوێنێكدا ستۆپ بە هەموو ئەوانە بكەن، گەرنا، هیچ دوبەرەكییەك لە بەرژەوەندی ئێستای یەكێتی نابێت.