دەنگدەر ئەم جارە چی دەگۆڕێت؟

کوردستان 13/03/2024


سامان سنجاوی
بەپێی گوتەی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان ( لە هەرێمی کوردستان ٣٧٨٩٣٦٠ دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەو سێ ملیۆن و حەوت سەد و هەشتاو نۆ هەزارو سێسەدو شەست دەنگدەرە، ٢٩٠٠٠٠٠  دوو ملیۆن و نۆسەد هەزار دەنگدەر خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار کردووە) ئەمەش واتای ئەوەیە ٨٨٩٣٦٠ هەشت سەدو هەشتاو نۆ هەزارو سێسەد و شەست کەس بە هۆی نوێنەکردنەوەی کارتی بایۆمەتری و خۆ تۆمارنەکردن، مافی دەنگدانیان نیە، ئەم ژمارە زۆرەش کە مافی دەنگدانیان نیە ئەگەر لە کۆی دەنگدەر وەکو رێژەی سەدی وەریبگرین دەکاتە  ٢٣.٤٧ % بیست و سێ و پۆینت چل و حەوت لە سەدا، ئەم رێژەیەش ئەگەر لەگەڵ ٢٩٠٠٠٠٠ دووملیۆن و نۆسەد هەزار دەنگدەری خۆ تۆمار کردوو وەربگرین، دەکاتە ٧٦.٥٣ % سەدا حەفتا و شەش و پۆینت پەنجاو سێی رێژەی بەشداری لە دەنگدان لە کۆی ١٠٠% ی ٣٧٨٩٣٦٠ دەنگدەر؛ ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت بێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ٢٣.٤٧%  بۆیان نیە و بڕیاریشیانداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکەن، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە، دەبوو دەنگدەر هۆشیارانەتر مافی دەنگدان و بەشداری سیاسی بۆ ماوەی چوار ساڵ نوێنەری خۆی دیاری بکردایە، لە هەرێمێک کەماوەی زیاتر لە دە ساڵە بارێکی دارایی خراپ بەسەر ژیان و گوزەرانیدا هاتووە،و دۆخێکی سیاسی نالەبار بەردەوامی هەیە، بەشێکی زۆری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەی پڕ لە قەیران و نادادی نارازین و گەندەڵی دەستی بردۆتە خنۆکی سیستەمی حکومڕانی، کەچی ٢٣ % بیست و سێ لە سەد بڕیاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن داوە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە بارودۆخی سیاسی و دارایی باش و ئۆقرەگر بێت، رێژەی بەشداری دەنگدان کەمدەبێتەوە، بە پێچەوانەشەوە دۆخی سیاسی و دارایی و ئابوری .. هتد خراپ بێت زۆرینە بەشداری هەڵبژرادن بۆ گۆڕانکاری دەکەن، بەڵام ئەم هۆشیارییە سیاسییەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە، لە کوردستان بە پێچەوانەوەیە.
کەواتا بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان ٧٦.٥٣ % مافی بەشداری دەنگدانیان هەیە، بەپێی پێوەری هەڵبژاردن ئەو رێژەیە دەکرێتە ١٠٠% واتا ٢٣.٤٧ % وەک تەرک ئەژماری بۆ دەکرێت، و دوو ملیۆن و نۆسەد هەزار دەنگدەر وەک رێژەی سەدی، سەدا سەد  دەبێتە پێوەری بەشداری هەڵبژاردن.
ئەم سەرەتایەی لە نەچون بۆ خۆتۆمارکردن دەرخەری ئەوەیە بەشێکی زۆر لەو ٧٦.٥٣ % بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، چونکە زۆرینە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو کارتی دەنگدانیان نوێ کردۆتەوە، نەک تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنە کارتیان نوێ کردبێتەوە، ئەگەریش لە نەوەی نوێی دەنگدەر کە تەمەنی گەیشتۆتە سەرووی ١٨ ساڵ ووردبینەوە، دەبیندرێ بەشێک لەو نەوە نوێیە خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمار کردووە، کە کەمترین خۆتۆمارکردنیش لە پارێزگای سلێمانییە کە ٣٦٠٩٢ سی و شەش هەزارو نەوەدو دوو دەنگدەر خۆیان تۆمار کردووە، ئەگەر بەراووردی پارێزگای هەولێر بکەین کە هەرچەند ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سڵیمانی لە پارێزگای هەولێر زۆرترە بەڵام لە هەولێر نزیکەی دوو بەرابەر خۆیان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن تۆمار کردووە کە لە هەولێر ٦٢٧٧٧ دەنگدەر تا ١٠ی ٣ ی ٢٠٢٤ کە دوا رۆژی خۆ تۆمار کردن بوو، ئەم خۆ تۆمارکردنەی هەولێر هێشتا ژمارەیەکی کەمە لە کۆی نەوەی یەکەم جار دەنگدەر، ئەگەر ئەوەی هەولێر ژمارەکەی کەم بێت، ئەی سلێمانی کە دانیشوانی لە هەولێر زۆرترە نیوەی خۆتۆمارکراوی هەولێر بێت، ئەمە نیشانمان نادات کە ئاستی بەشداری لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی، دەگاتە نزمترین ئاستی بەشداری کردن لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوو؟ کە دۆخی بەشداری لە هەڵبژاردنیش بەم جۆرە بێت، مانای وایە گۆڕانکارییەکی کەمی پێگەیی لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان روودەدات.