جیهان لەبەردەم ئاڵنگاری و گۆڕانکاریەکانی میدیای نوێدا

کوردستان 09/03/2024

د. یەحیا: سۆشیال میدیا دوانگەیەکە بۆ دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین
مەلا بەختیار: باس لەوە دەکرێت کە ژیری دەستکرد زیاتر بچێتە پێشەوە، رەنگە 40%ی مرۆڤایەتی بێکار بکات

ئەمڕۆ 9/3/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (جیهان لەبەردەم ئاڵنگاری و گۆڕانکاریەکانی میدیای نوێدا) بۆ مامۆستا و توێژەر د. یەحیا عومەر رێشاوی بەڕێوەدەچوو.
لە سەرەتای قسەکانیدا د. یەحیا باسی لەو تێڕوانین و چەمکانە کرد کە بۆ میدیای نوێ بەکاردەهێنرێن و وتی: تێڕوانینی جۆراوجۆر بۆمیدیای نوێ هەیە، تێڕوانینێک پێیوایە ئەم میدیایە تەنیا ناوی نوێیە، ئەگەرنا درێژکراوەی پێشەکەوتنی خودی میدیایە، هەندێکیش پێیانوایە دابڕان هەیە لەنێوان میدیای کۆن  و نوێ، چونکە چۆنێتی کارکردن و شێوازەکانیان زۆر لەیەکتر جیاوازن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانکاریەکانی نێو تەکنەلۆژیای زانیاری و سۆشیال میدیا، زۆر خێران و ئەمەش بۆتە ئاڵێنگاریەکە بۆ جیهان، بۆ نمونە بەپێی داتاکان 65%ی دانیشتوانی جیهان بەکارهێنەری ئینتەرنێتن، 60%ی جیهان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن، وتا دۆخەکە بەجۆرێکە کە دەتوانین بڵێین مۆبایل بوە بە بەشێک لە جەستەی مرۆڤ و بەشێک لە ژیانی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا. د. یەحیا باسی لەوەکرد، ئەم میدیا نوێیە یان سۆشیال میدیا هەندێ خاسیەتی هەیە کە بەهۆیانەوە زۆر کایە و بواری لە ژیانی مرۆڤایەتیدا گۆڕیوە، گرنگترین خاسیەت ئەوەیە کە ئەم میدیایە کارلێکیە، واتا لە نێوان وەرگر و نێرەری پەیامە میدیاییەکان کارلێکی دروست کردوەو ئاسانکاری زۆر بۆ وەرگرەکان کردوە، هەروەها ئەم میدیایە، گەردونیە و بابەتەکانی زۆر بە خێرایی بە جیهاندا بڵاودەبنەوە. هەروەها ئەم میدیایە خۆش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بە ئاسانی چۆنێتی بەکارهێنانی فێر دەبین.
د. یەحیا باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەم میدیاییەوە کایەکانی وەکو سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی، زۆر گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتوە. بۆ نمونە لە بواری سیاسیدا ئێستا وایکردوە کە سیاسەتمەدارەکان زیاتر وەکو میدیاکار دەبینرێن بەهۆی زۆر بەکارهێنان و بایەخ دان بە سۆشیال میدیا، هەروەها بەپێی راپرسیەک دەرکەوتوە زۆرترین ئەو بوارەی لە سۆشیال میدیاوە موتابەعە دەکرێت، بواری سیاسیە. وتیشی: لەڕوی ئابوریەوە ئەم میدیایە توانیویەتی کایە بازرگانی و مامەڵە زۆر بباتە پێشەوە.
سەبارەت بە باشی و خراپیەکانی ئەم میدیایە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، میدیای نوێ چەکێکی دوو سەرە، دەکرێت خراپ بەکاربهێنرێت و دەکرێت بە باشییش رۆڵی خۆی ببینێت واتا دەتوانین بڵێین لایەنی ئەرێنی زۆرە، بەڵام لایەنی نەرێنیشی هەیە، بۆ نمونە بەپێی تیۆری فەزای دیموکراسی، باس لەوە دەکرێت کە میدیای نوێ و سۆشیال میدیا، دوانگیەکن بۆ دیموکراسی و ئازادی رادەربڕین، بەڵام هەشن پێیانوایە کە ئەوەی پێی دەوترێت رۆژنامەوانی هاوڵاتی و هەموو کەسێکی کردوە بە میدیاکار ئەوە جۆرێکە لە فەوزا. وتیشی: یەکێک لە لایەنە خراپەکانی ئەم میدیایە ئەوەیە متمانەی خەڵکی بەرامبەر بە میدیا کەمکردۆتەوە، واتا دەتوانین بڵێین هەر شتێک لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە پێویستە بە گومانەوە سەیری بکەین.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. یەحیا، بەشێک لە ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێکیان بە دیدێکی رەخنەگرانەو تا رادەیەک رەشبینانە لە داهاتوی مرۆڤایەتی و کایەکانی ژیانیان دەڕوانی لە سایەی ئەم جۆرە پێشکەوتنە تەکنەلۆجیایەی پەیوەندی بۆ ئەمەش نمونەی ژێری دەستکردیان هێنایەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکاری گەورە لە زۆر بواری ژیاندا دەهێنێتە کایەوە. بەشێکی تری سەرنجەکانیش پێیانوابوو دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشکەوتن و ئەم میدیا نوێیەش بکەین و ناتوانین دژایەتی بکەین چونکە هاتۆتە ناو هەموو کایەکانی ژیانەوە.
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداری گفتوگۆکەی کرد و سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو. ناوبراو لەبارەی هێزی تەکنیک و تەکنەلۆژیا، نمونەی روداوێکی سەد ساڵ لەمەوبەری هێنایەوە کە لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیادا رویداوە، ئەویش مەسەلەی کاریگەری تەکنیک بوە لە هێنانە کایەی سۆشیالیزم. وتی: ئەوکات لە نێوان لینین و کاوتسکی ناکۆکی لەسەر هێنانەدی سۆشیالیزم هەبوە، لینین وهاوڕێکانی پێیانوابوە کە دەبێت هەرچۆنێک بوە سۆشیالیزم بسەپێنن، بەڵام کاوتسکی و هاوبۆچونەکانی پێیانوابوە ئەگەر تەکنەلۆژیا و دیموکراسی گەشە نەکات مەحاڵە سۆشیالیزم بەدەستبێت، سەرئەنجام دەرکوت کە بۆچونەکانی کاوتسکی و هاوڕێکانی راست بون و لەسەر ئەم بابەتە کوشتن و دەرکردن و نابوتکردنی چەندین تێکۆشەری لێکەوتەوە. مەبەستم لەوەیە کە کاریگەری تەکنەلۆژیا هێندە بەهێزە ئەوکات بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی سۆشیالیزمەوە،  ئێستاش لەبەردەم ئەو پێشکەوتنە بێشومارەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیداین کە کۆی کایەکانی ژیانی گۆڕیوە نەک لای ئێمە بەڵکو لەو وڵاتانەشدا کە خۆیان تەکنەلۆژیاکەیان دروستکردوە، بۆ نمونە باس لەوە دەکرێت کە ژیری دەستکرد زیاتر بچێتە پێشەوە رەنگە 40%ی مرۆڤایەتی بێکار بکات.
مەلا بەختیار وتیشی: قسە لەسەر ئەوەیە کە بەهۆی ئەم پێشکەوتنانەوە دەبێت لە ساڵانی ئایندەدا، کایە و بوارەکانی ژیان، وەکو ئایدۆلۆژیا و  و فیکر و فەلسەفە چیان بەسەر بێت؟ من پێم وایە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە زۆر شتی ئەم سەردەمە بایەخی نامێنێت.