هەلومەرجی دروستبونی جوڵانەوەی ئیسلامی

کوردستان 02/03/2024

عیرفان عەلی، رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی:  باوەڕی تەواوم بە ئازادی و دەوڵەتی مەدەنی هەیە.
مەلا بەختیار: عەلمانیەت هەرگیز کوفر و ئیلحاد نیە.

ئەمڕۆ 2/3/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی  (هەلومەرجی دروستبونی جوڵانەوەی ئیسلامی-  رۆڵیان لە نەیارێتی ستەمکاریدا وهەڵویستی ئێستایان) بۆ رابەری بزوتنەوە ئیسلامی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جوڵانەوەی ئیسلامی کرد لە جیهانی ئیسلامیدا، کە ئەویش لە داگیرکاری ئەوروپیەکان و هێرشی ئیمپریالیزم بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی سەریهەڵدا بە تایبەتی دروستبونی ئیخوان موسلمین. وتی: دوو هۆکاری سەرەکی رۆڵیان لە سەرهەڵدانی جوڵانەوەی ئیسلامی هەبوە یەکەمیان فرۆشتنی فەلەستین بە جولەکەکان و هاوکات سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیاس کە تێیدا لینین داوا لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاش دەکات  هەوڵ بۆ ئازادی بدەن، هەربۆیە لە ساڵی 1928 جۆرێکی دیکەی تێگەیشتن بۆ ئیسلام هاتە کایەوە کە پێیوابوو ئیسلام هەم عەقیدەیە و هەم سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابورییش، ئەم جۆرە تێگەیشتنە دواتر بوو بە ئیخوان موسلمین.
لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی مێژوی ئیخوان موسلمین، عیرفان عەلی ئاماژەی بەوەکرد کە ساڵی 1949 فکرەی ئیخوان موسلمین دەگاتە عێراق و بەغداد، لەوێشەوە لەڕێگەی مەلا ساڵح و لەنێو چەند کتێبێکدا دەگەیەنرێتە لای مەلا عوسمان لە هەڵەبجەو ئەویش فکرەکە قبوڵ دەکات. وتیشی: یەکەم رێکخستنی ئیخوان موسلمین  لە کوردستان هەر لە هەڵەبجە دروستدەبێت.
ناوبراو باسێکی لە مێژوی دروستبونی بزوتنەوەی ئیسلامی کرد و ئاماژەی بەوەکرد هۆکاری دروستبونی بزوتنەوەی ئیسلامی بە پلەی یەکەم روبەڕووبونەوەی ستەمکاری بەعس بوە، ئامانجی بزوتنەوە تەنیا رزگاریی میلەت بوە لە دەستی زوڵم و ستەمی بەعس بەڵام بە پاشخانێکی ئیسلامی خەباتمان کردوە. وتیشی: کاتێک بەعس هاتە سەر دەسەڵات لە عێراق، ئیخوان موسلمینی عێراق خۆی هەڵوەشاندەوەو هەموو چالاکیەکانی راگرت، کاتێکیش بزوتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی 1987 دروست دەبێت، ئیخوان موسلمین نامە بۆ مەلا عوسمان دەنێرن کە نابێت دژی بەعس چەک هەڵگرن، مەلا عوسمان بیسمیلای نامەکە لێدەکاتەوەو نامەکە دەخاتە ژێر پێڵاوەکانی و دەڵێت مەسەلەی رزگاری نەتەوەکەم گرنگترە.
بەشێکی دیکەی قسەکانی تەرخان کرد بۆ بارودۆخی دوای راپەڕین و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، لەوباریەوە وتی:  یەکەم هەڵبژاردن لە ساڵی 1992 بۆ پەرلەمان و رابەری کوردستان، بوە هۆی نەگبەتی بۆ کورد و سەرئەنجام شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی خێڵگەرایی کورد و سەرکردەکانی کە تا ئێستاش بەردەوامە و بەهۆی ئەم عەقڵیەتەوە ئەو هەموو ناکۆکیەمان هەیەو وردە وردە وا دەستکەوتەکانمان لەدەست دەدەین. وتیشی: هەر بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بوو رەوتە تەکفیری و توندڕەوەکان هاتنە ناو بزوتنەوەی ئیسلامی و ئاراستەی بزوتنەوەیان بەرەو لایەکی دیکە گۆڕی.
دوای تەواوبونی قسەکانی عیرفان عەلی، ئامادەبوان  سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێکی پرسیارەکان دەربارەی ئەو کرانەوە و گۆڕانکاریە بوو کە بزوتنەوەو خودی عیرفان عەلی تێیدا رەنگیداوەتەوە، هەر بۆیە پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا دەربارەی دەسەڵات و ئازادی چۆن بیردەکاتەوە. ناوبراو لە وەڵامدا وتی: باوەڕی تەواوم بە ئازادی و دەوڵەتی مەدەنی هەیە، هەر کەسێکیش بەهۆی ئەوە دەنگ بە من دەدات کە حوکمی شەریعەتی بۆ دروست بکەم، با دەنگم پێ نەدات.
دواتر مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداری گفتوگۆکەی کرد و سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو، سەرەتا وتی: قسەکانت تازەن و موتربەن بە گۆڕانکاری، ئەمەش مایەی دڵخۆشیە.
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری بزوتنەوە ئیسلامی بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکەی ئیخوان موسلمین، کە داوایکردبوو دژی بەعس نەبن، بڕیارێکی مێژویی بوو، لەناو کورد سێ هەڵویستی لەو جۆرە هەیە، یەکەم بڕیاری قاسملۆ بۆ هاتنە دەرەوەی حزبی دیموکرات لە هەناوی حزبی تودە، دوەم بڕیاری کۆمەڵەی رەنجدەران بوو کە عێراقچێتی رەتکردەوەو رێکخستنی کوردستانی چەسپاند، لەگەڵ بڕیارەکەی ئێوە کە داواکەی ئیخوان رەتدەکەنەوە. وتیشی: بۆ زانیاریتان تا ئێستاش ئیخوان موسلمین دان بە مافی چارەنوسی گەلی کوردا نانێت.
دەربارەی ناکۆکیەکانی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی و هەڵگیرسانی شەڕی نێوانیان لە سالانی نەودەکان، مەلا بەختیار  وتی: پەیوەندیەکانی بزوتنەوە لەگەڵ یەکێتی و مام جەلال پەیوەندیەکی باش و جوان بوو، بەڵام وردە وردە بەهۆی کەسانی وەکو مەلا کرێکار کە لە مزگەوتی جیهاد گوتاری دەدا کە عەلمانیەکان دەخاتە ژێر پێیەوە، ئیتر مەترسیەکان بۆ سەر یەکێتی دروسبوو، سەرئەنجام شەڕی لێکەوتەوە. لەو سەروبەندەشدا ئێمەی ئاڵای شۆڕش بۆیە لەگەڵ یەکێتی یەکمانگرتەوە، چونکە پێموابوو تەجروبەیەکی دیموکراسی دروستبوەو پێویستە بیپارێزین و بەهێزی بکەین، ئەوکات وتم کە خیتابی بەشێکی بزوتنەوەی ئیسلامی دەبینم پێموایە شەڕ لەگەڵ یەکێتی دروست دەکات، بە داخەوە ئەوەبوو شەڕەکە دروستبوو، زیانێکی زۆریشی لە بزوتنەوەو یەکێتی و میلەتیش دا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد ئەوەی رویدا مێژووە، بەڵام بۆ ئێستا چی بکرێت؟ لە کاتێکدا مێژوو سەلماندی نە هێزە ئیسلامیەکان دەتوانن عەلمانیەکان لەناو بەرن نە عەلمانیەکانیش دەتوانن ئەوان لەناو بەرن،  بەشێوەی تاک رەهەندی لەم بابەتە بڕوانین هەڵەیە، بۆیە پێویستە هاوسەنگی لەنێوانیاندا رابگیرێت.
هەر سەبارەت بە سیستەمی عەلمانی، مەلا بەختیار باسی لەوە کرد کە عەلمانیەت لە ئەوروپا خزمەتێکی گەورەی بە دین و دونیای ئەوان کردوە، عەلمانیەت لەوێ بۆیە سەرکەوت، چونکە توانی هاوسەنگی لەنێوان دین و دونیادا رابگرێت. وتیشی: عەلمانیەت کوفر نیە، هەرگیز عەلمانیەت ئیلحاد نیە.