بێ وەدەستهێنانەوەی موچەکان شادیگێڕان مانای چی؟!

کوردستان 02/03/2024


سامان سنجاوی
شادیگێڕان و شاگەشکەبون بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، دەبێتە هۆی بەردەوامی بە هەواڵی موچە هات و نەهاتی سەردێڕەکان، پێویستە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبیرێکی قوڵی رەخنگرییەوە، سیاسەتەکانی پشت دادگای فیدڕاڵی هەڵبسەنگێنن بۆ ئەوەی نەبینە بەشێک لە کایەی یاری سیاسی حزبە دەسەڵاتدارەکانی عیراق، چونکە نابێت پێت وابێ بەرژەوەندی سیاسی حزبە شیعەگەراکانی عیراق هاوبەرژەوەند و هاوتەریبن  لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی موچەخۆرانی هەرێم.
 جارێ هیچ دەستکەوتێک بەدینەهاتووە، شادیگێڕان مانی چی دەگەیێنێت؟ بۆ ئەوەی لە گەمە سیاسییەکان بەدەر بین و باشتر کایەکە ببینین، موچەخۆر خۆی خاوەنی سیاسەتی بەدیهێنانی مافە زەوتکراوەکان بێت، دەبێ لەوپەڕی بەئاگاییەوە هەڵوێست و هەڵسوکەوت بنوێندرێت، چونکە بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە سیاسەتدا کات و شێوازی جێبەجێکردنیان جیاوازن و بریارەکان وەک پرۆسەیەک دەردەکەوێت، دەکرێت پرۆسەش وەک لەمپەر ببیندرێت، ئەمە جگە لە بکەرانی پشت بڕیارەکانی دادگا و جێبەجێکەرانی پێشەوەی بڕیارەکان لەناو حکومەتی عیراق، چۆن و کەی کڕۆکی بابەتەکە بە چ مەرامێک دەجوڵێنن؟ و بکەرانی پشتەوەی حکومەتی هەرێمیش چۆن لە بڕیارەکان دەڕوانن و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن ؟ و بەچ شێوازێک ویستی جێبەجێکردن یان درێژکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنەکە کاری لەسەر دەکەن؟ بە مەبەستی درێژەدان بە دۆخی رابردوو،  پەیوەستەکانی جێبەجێکردن و نەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، چ کارگەرییەکی لەسەر  ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
بۆیە پێویستە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم بە گشتی و مامۆستایانی ناڕازی بەتایبەتی، جگەلەوەی دەبێت رۆڵێکی رەخنەگرانەی هاوسەنگ لە نێوان هەرێم و بەغدا بگێڕن، بۆ ئەوەی نەبنە پشتیوانی لایەک و لەم نێوانەدا بکرێنە گەمەی سیاسەت، ئەوا دەبێت وەک کوردێک خۆیان لە بەرامبەر بارودۆخەکە ببینن، چونکە کورد هەر کوردەو دۆزێکی تایبەتی هەیە، کورد نەدەبێت عەرەبی سونە و نەدەشبێتە عەرەبی شیعە، ئەگەر بشبیتە پاشکۆی عەرەبی شعیەی سیاسی، هەر وەک کوردێکی پاشکۆی سیاسەت لێی دەڕواندرێت و یاری بەخواستەکانی دەکرێت. لەم بارودۆخەدا فەرمانبەر نابێت وەک کەسایەتیەکی ساکار و خۆشباوەڕ دەرکەوێت، بەڵکو هەمیشە لەسەر رەخنەو داواکارییەکانی، پێبەپێ لەسەر بەدیهێنانی مافە زەوتکراوەکانی لە راستە رێبونی موچەی لە ساڵی ٢٠٢٤ دواتر بۆ وەرگرتنەوەی سێ موچەی ساڵی  ٢٠٢٣  دواتریش بۆ سندنەوەی موچەی ( پاشکەوتکراو، لێبڕاو، پلەبەرزکراو.. هتد) هەنگاو بەهەنگاو لە بەرامبەر حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم لە رایەڵەیەکی رێکخراودا کە تەواوی فەرمانبەران و خانەنشینان بگرێتەوە، وەک کوردستانییەک بەردەوام، بێت.