په‌رله‌مانتارێكى شیعه‌ سكاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم تۆماردەکات‌

کوردستان 16/09/2023

په‌رله‌مانتارێكى شیعه‌ سكاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم تۆماردەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "داوام لەپارێزەرەکەم کردوە سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق تۆماربکات".

مستەفا سەند ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "داوام لەپارێزەرەکەم کردوە سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق تۆماربکات، بەهۆی پێدانی سولفە بەهەرێمی کوردستان کە لەدەرەوەی شایستەی یاسای بودجەیە".
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌و نوێنەری پارێزگای بەسرەیە، له‌ڕابردوشدا چەندین سكاڵاى لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکردوە.

له‌به‌رامبه‌ریشدا دارا سێکانیانی په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا وتویه‌تى، "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێت‌و دەسەڵاتی هەیە، قەرزو هاوکاریی هەرێم بکات، هەروەک چۆن هاوکاریی پارێزگاکانی دیكه‌ى عێراقیش دەکات".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، بڕیاروایه‌ سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆببێتەوەو چاوەڕواندەکرێت بابەتێکی کۆبونەوەکە پرسی ناردنی بودجە بێت بۆ هەرێمی کوردستان.