مۆنۆمێنتی بارزانی ڕێککەوتنی یەکێتی – پارتی، چارەنووسی خۆرهەڵاتییەكان

کوردستان 22/05/2023


ئەنوەر حسێن (بازگر)
یەکەم:
مۆنۆمێنتی بارزانی و مێژووی خۆرهەڵاتییەكان
هەفتەی ڕابردوو مۆنۆمێنتی بارزانی بە ئامادەبوونی لایەنی جۆراوجۆر لە بارزان بەڕێوەچوو، دوو ڕووداوی، جێی سەرنجی بەخۆیەوە بینی:
یەکەم: سەرەتایەکی نوێ لە ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی بەکرداری جیا لە وتارەکەی بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی و توانەوەی بەستەڵەکی نێوان ئەم دوو هێزە، کە مەترسی و نیگەرانی دروست کردبوو. هەرچەندە پێناچێت ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی بێت و هەموو كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات.
دووەم: بانگهێشتی ڕەسمی نوێنەرانی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان (مستەفا هیجری) لە حیزبی دیموکرات، لەوەش باشتر دانانی لە ڕێزبەندی پێشەوەی میوانەکان، بەڵام دیوێکی خراپیش بانگهێشتنەکردنی (ئیبراهیم عەلیزادە) سکرتێری کۆمەڵە (بەبێ هۆ، یان پارتی دەکرێ هۆکارەکەی بڵێت، کە نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگای خۆرهەڵات دەکات...؟!). جیا لەوەش دەبوو، (عومەری ئیلخانیزادە)ش لە ڕێزبەندی پێشەوە دابنرێت، کە ئەوەشیان نەکرد.
بەم ڕووداوگەلە نوێنەرانی ئێران توڕەبوون و هۆڵەکەیان جێهێشت و، وتیان؛ "ئێمە چاوەڕێ بووین ئەوانەمان تەسلیم بکەنەوە، نەک لە پاڵ ئێمە دایانبنێن و بانگهێشتیان بكەن"، بەهەرحاڵ کۆی مەڕاسیمەکە باشبوو. 
دووەم:
ئەمریكا و ڕێككەوتنی یەكێتی - پارتی
پاش شەش مانگ لە دابڕانی تیمی یەکێتی لە حکومەت بەهۆی مامەڵەی نەگونجاوی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ناوچەی سەوز، و گرژی و ئاڵۆزی دۆسیە (سیاسی، ئەمنی و داراییەکان...)، هەردوولا هاتنە سەر مێزی گفتوگۆو دانووستان.
بەپێی هەندێ سەرچاوە، ڕەنگە بەرپرسە ئەمریکییەکان، دۆستانە وتبێتیان؛ گەر ڕێکنەکەون لە زووترین کاتدا، گلەیمان لێ مەکەن وەکو ئەفغانستان و حکومەتی ئەشرەف غەنی، جێتان بهێڵین، ئەوکات خۆتان زەرەر دەکەن و ڕەنگە حەشدی شەعبی بگاتە سەر سنورەکانتان.
 ئەوەشیان وتوە؛ پرسی هەڵبژاردن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دوو ئەولەویەتی کاری یەکەمتان و دواتر ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد، کەیسی ڕۆیشتنی نەوت، خاڵی سێیەم و چوارەمن.
بەهەرحاڵ ئامۆژگارییەکانیان، باش و دۆستانە بوون و گرژی و گرفتەکانیش لانیکەم بۆ ئێستا ئەهوەن بوونەوە، بەڵام ئەنجامەكانی چی دەبێت، دەبێ چاوەڕوان بین.
سێیەم:
هەڵبژاردن و بۆچوونی ئەمریكا و ئێران
هەڵبژاردنی کوردستان، پرسێکی گرنگە بەلای ئەمریکی ئەورووپییەکانەوە، جەخت دەکەنەوە کە لە کاتی خۆیدا و پێش سەری ساڵ بەڕێوەبچێت، جیا لەوەی لە ناوخۆ هێشتا گرفتی بەردەمی ماوە، گرنگترین بابەت پرسی کورسی کۆتاکانە، یان (ئەو گرفتەی ڕۆژی 22/5/2023) لە هۆڵی پەرلەمان ڕوویدا.
بەڵام لەملاوە ئێران، داوایکردوە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، بۆ مانگی ئازار تا ئایاری داهاتوو، بانگهێشتی سەرۆکی نەوەی نوێ-ش هەر پەیوەست بەو بابەتەوە بوو، بێگومان بۆچوونەكانی ئێران-یش بۆ هەرێم و عێراق دەبێ بەهەند وەربگیرێن، دەورونەقشی گەورەی هەیە و ناكرێ بۆچوونی ئێرانییەكان-یش پشتگوێ بخرێت.
هێشتا هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتایی نەداوە، ئایا دڵی واشنتۆن یان تاران ڕازیدەکات؟
چوارەم:
ئاردۆگان و بێ چانسی كورد
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا پێی نایە قۆناغی دووەم و، ڕەنگە پشتیوانی (سینان تۆغان) کاندیدی سێیەم، لە ئاردۆگان، بەوپێیەی خۆی لە حیزبی (MHP)ی نەتەوە پەرستی توركیا جیابوەتەوە، دژی کوردە و خۆشی لە (CHP) نایات، ئەوان ئاردۆگان دەکەنە براوەی یەکەم بەوەش قۆناغێکی نوێی سەرکوت و ئیستبداد لە تورکیا دەستپێدەکات، پەلاماری خۆرئاوا دەدات و هێرشەکانیش بۆ سەر قەندیل، باشوری کوردستان و موسڵ درێژە پێ دەدات.
لەهەر حاڵدا دەرچوونەوەی ئاردۆگان، قۆناغێکی نوێ لە کوشتار و نەهامەتی بۆ گەلی کورد و ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت. کە لەم پرۆسەیەشدا کورد چانسی نەبوو، كە پشتیوانی لە كلیچدار ئۆغڵو دەكرد، وەکو چۆن لە شۆڕشی "ژینا" چانسی نەیهێنا.

پێنجەم: 
چارەنووسی خۆرهەڵاتییەكان
بەدوای شۆڕشی "ژینا" لە ئێران و خۆرهەڵات، تا دێت چارەنووسی هێزە خۆرهەڵاتییەکان و کوردەکانی خۆرهەڵات دەبێتە مایەی نیگەرانی و مەترسی دروستبوون لە سەریان. 
جیا لە هەڕەشەی بۆمباران و درۆنی بەردەوام، بۆسەر خێزان، خانەوادە و منداڵەکانیان و بێ دەنگی هەرێم، چاوەڕوانی کارەساتی گەورەتری لێ دەکرێت.
بەتایبەت کە باس لە سازش لەسەر شۆڕشی ئەوان دەکرێت، ئەوە کارێکە نابێت هیچ بەرپرس و حیزب و حکومەتێک، جورئەتی ئەوە بکات، نەک هەنگاوی بۆ هەڵگرێت، بەڵکو هەر باسیشی بکات.
خۆرهەڵاتییەکان، نەک هەر ئاریشە و گرفتیان بۆ هەرێم نەبووە، بەڵکو لە زۆر بابەت و زۆر جاریش غەدریان لێکراوە، تکایە با کەس مێژووی پەلامار، تیرۆر و کوشتاری ڕابردوو دژی خۆرهەڵاتییەکان دووبارە نەکاتەوە، نەبیری خەڵكیشی بێنێتەوە، با مێژوو جارێکی تر تراژیدی و شەرمەزارانە دووبارە نەبێتەوە. باشترین كاری هەرێم ئەوەیە؛ گەر دۆستیان نابن، دۆستی دوژمنەكانیشیان مەبن، مەمنون و سوپاسگوزارن.
شەشەم:
پشكۆی شاعیر
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاعیر و پێشمەرگەی کوردستان مامۆستا (پشکۆ نەجمەدین) چۆتە سەرمەزاری (مەلا مستەفای بارزانی)، بەڵام بەداخەوە سوکایەتی و توهنیی زۆر بە (پشکۆ) کراوە، لەلایەن سۆسیال میدیای بێ ناسنامەوە.
پشکۆ، شاعیری ناسک، شۆڕشگێڕی چەپ و ڕادیکاڵ، پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت، پیاوێکی ئازا و بێ دەنگی پڕ لە ژان، شایەنی ئەوە نییە وا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پاشان بۆچی دەبێ شاعیرێک، نووسەرێک، کەسایەتییەک، گەر بچێتە سەر گۆر و مەزاری (مام جەلال، مەلا مستەفا، نەوشیروان مستەفا، قاسملوو، فوئاد سوڵتانی،...) جێگەی عەیبە و سەرزەنشت بێت؟ بۆچی تاوانە؟!
خودی ڕووداوەکە زۆر ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، حیزبەکان خۆیان، لیدەر و کارێزماکانی خۆیان تەنها بۆ خۆیان موقەدەس کردوە، كردوویانن بە موڵكیەتی حیزبی خۆیان، کە دەبێت ئەوانە ببنە موڵکی گشتی و هەموو کەس ڕێزیان لێبگرێت، بەڵام بە ئیدۆلۆژزیکردنی کەسایەتییەکان و بچوککردنەوەیان لە قاڵبی حیزبدا، ئەم گرفتانە دروستدەکات، نەک هەوڵدان بۆ بە سیمبوڵکردنی ئەوان وەکو بۆ هەمووان.
بەهەرحاڵ ئەمکارە دژی پشکۆ، نەزعەیەکی مەترسیدارە و ڕەنگڕێژکردنی مەیلدارانەی ناعەقڵانییە، کە دەتەوێت کێ بکەیتە دوژمن؟ و کێ بکەیتە شەیتان؟ کە هەرگیز ناتواندرێ ئایندەیەکی باشی لێ چاوەڕوان بکرێت.