خوێندنەوەی عیرفانیانەی شیعری شاعیرانی کورد

کوردستان 13/05/2023

زۆر پێش ئیبن عەرەبی، سۆفیگەری لەناو کورد و لە دینی یارساندا هەبوە...

ئەمڕۆ 13/5/2023  لە هوڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی خوێندنەوەی عیرفانیانەی شیعری شاعیرانی کورد بۆ د. عەبدولوەهاب چرۆستانی بەڕێوەچوو..
ناوبراو لە بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر شیعرە عیرفانیەکانی مەحوی، مەولەوی، مەلای جزیری و خانی و بەشێک لە شیعرە عیرفانیەکانیشی خوێندوەو ماناکانیشی لێکدایەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، شیعری عیرافانی کوردی، کاریگەریی زۆری بیری سۆفیگەریی ئیسلامی و عەرەبی لەسەر بوە، تەنانەت مەحوی خۆی بە پەیڕەوکاری حەلاج لەقەڵەم داوە.
د عەبدولوەهاب چروستانی، باسی لەوەکرد کە یەکتاپەرستی، خۆسەویستی، ئافرەت، کە ئەمانە بنەمای گرنگی ناو سۆفیگەرین، هەموی لە شیعرەکانی مەحوی و مەولەوی و مەلای جزیریدا باس کراون و جەختیان لەسەر کراوەتەوە.
وتیشی: لە روانگەی ئەوانەوە بونی خوا تەنها بونێکی حەقیقیەو سەرجەم بونەکانی تر سێبەری خودان و بونی کاتی و وەهمین.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. عەبدولوەهاب، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و تێبینیەکانیان لەبارەی بابەتەکەوە خستەڕوو، بەشێکیان پێیانوابوو کە عیرفان و سۆفیگەری تایبەت نیە بە عەرەب و دینی ئیسلامەوە، بەڵکو زۆر پێش دینی ئیسلام و ئیبن عەرەبی، عیرفان لەناو کورد و لە دینی یارساندا هەبوە.
هاوکات لە بەشێکی تری سەرنجەکاندا، باسی ئەوە کرا کە سەرهەڵدانی عیرفان و سۆفیگەری لەناو دینی ئیسلامدا بۆ ئەوە گەڕاوەتوە کە سۆفیگەری پابەندی ئیسلامی ئەرسەدۆسکی نەبوەو بە دوای بەدیلدا گەڕاوە.