ئیسلامگەرایی و هەڵبژاردنەکانی تورکیا

جیهان 13/05/2023


عەتا محامەدتەبریز

"دەبێت هەموو تەکیە و خانەقاکان دابخرێن و هیچ کام لە ئێمە پێویستمان بە ڕێنوێنییەکانی ئەوان نییە."
مستەفا کەمال ئەتاتورک

لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە ناوی "من عەلەویم" لە لایەن کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدای سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) تورکیا، کاردانەوەی لێ کەوتەوە. زۆر کەس ئەم ڤیدیۆیە کە زیاتر لە ١٠٣ ملیۆن جار بینراوە و ژمارەی پێوانەیی لە توویتەر شکاندووە، بە کارێکی بوێرانە دانا.

هەروەها بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وا بوو ئەم ڤیدیۆیە ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی هاوپەیمانی کۆمار بە سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان. ئەوان ڕووداوێکیان لە گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١دا بیر کەوتەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستە و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، بە ئامادەبووانی گۆڕەپانەکەی گوتبوو "دەزانن کەمال عەلەوییە" و ئامادەبووانیش "هۆیها"یان کردبوو.

کەچی ئەم جارە ئەردۆغان لە وتارێکدا لە بەرابەر ڤیدیۆیەکی سێ خولەکی کلیچدارئۆغڵو، گوتی هەندێک کەس دەیانەوێت لە وڵاتدا پەرە بە تایفەگەری بدەن، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە ڕێز لە عەلەوییەکان و هەر جۆرێکی دیکە دەگرین." بەکارهێنانی وشەی "جۆر" بۆ باوەڕێکی ئایینی کاردانەوەی لێ کەوتەوە و زۆر کەس ڕەخنەیان لە ئەردۆغان گرت. هەندێک لە ڕەخنەگران دەیان گوت ئەمە سووکایەتییەکی ئاشکرایە و ڕێگە بۆ سەرکوتکردنی بیروباوەڕەکان خۆش دەکات.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیە، چ کارێکی ئازایانە بێت یان خۆپارێزی، کاردانەوەکان ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵگەی تورکیا لەسەر پرسی ئایین لەبەردەم دوو جەمسەریدایە. هەندێک کەس لەم وڵاتە پێیان وایە کەشوهەوای ئایینی تورکیا ئازاد کراوە و هەندێکی تریش ڕێبازی ئێستە، بە ڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ئایینگەرایی دەزانن. هەرچەندە ئەم لێکدانەوانە لایەنی ڕادیکاڵیان هەیە، بەڵام پێدەچێت پرسی ئایین و ئازادییەکانی پێوەست بەوەوە لەم دووانەیەدا، یەکێک لە کاریگەرترین پرسەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەدا دەبێت.

تەریقەت و گرووپە ئایینییەکان لە سیاسەتدا

ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٢٥، کەمال ئەتاتورک داوای کردبوو کە "دەبێت هەموو تەکیە و خانەقاکان دابخرێن و هیچ کام لە ئێمە پێویستمان بە ڕێنوێنییەکانی ئەوان نییە" و هەرچەندە توانیبووی ئەم بیرۆکەیە بکات بە قانوون، بەڵام ئەمڕۆ هەم ئەو قانوونە گۆڕاوە و هەم زۆربەی کەشی پەروەردەی تایبەت و بەشەناوخۆیییەکانی تورکیا لە دەستی یەکێک لە گرووپەکان یان تەریقەتەکاندایە. ئامادەیی و کاریگەرییان لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا لە هەموو کاتێک زیاترە. لەو کەشە کراوەیەی کە حکوومەت بۆیانی دابین کردووە، ئەوان دەسەڵاتی چالاکییە جددییەکانیان لە بەشە جیاوازەکاندا بەدەست هێناوە.

چالاکییەکانیان تەنیا لە بواری پەروەردەدا نییە، بەڵکوو بە هۆی ئەو هێزە مرۆیییە و توانا دارایییەیە کە لەبەر دەستیاندایە، کۆمپانیا و ناوەندی جۆراوجۆریان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروست کردووە و تەنانەت نەخۆشخانەیان دامەزراندووە. بە هۆی ئەم هێزە دارایی و چڤاکییە و هەروەها مەیلی حکوومەت بۆ ئەم گرووپانە، ڕۆژبەڕۆژ کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی تورکیا لە زیادبووندایە.

ئەم تەریقەت، گرووپ و مەزهەبە ئایینییانە کە پێشتر چالاکییەکانیان قەدەغە کرابوو، ئەمڕۆ لە ڕێگەی بەیاننامەوە بڕیاری خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن. یەکێک لە گرینگترین ئەو گرووپانە کە جەماوەر و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە، گرووپی "ئیسماعیل ئاغا"یە. ئەوانیش وەک زۆرێک لە تەریقەتەکانی دیکە پشتگیری لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەو هاوپەیمانییەی لە دەوری ئەو و پارتەکەی کۆ بووەتەوە، دەکەن.

پیاوماقوڵانی ئەم گرووپە کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە، تەریقەتی نەقشبەندین، چەندان جار لە لایەن ئەردۆغانەوە سەردانییان کراوە. لە بەیاننامەی ئەم گرووپەدا هاتووە هەڵبژاردنی داهاتوو "یەکێکە لە وەرچەرخانە مێژوویییەکان"ە و هاوپەیمانی کۆمار هەوڵەکانی بۆ پاراستنی بەها ئایینی، نەتەوەیی و ئەخلاقییەکان دەست پێ کردووە. بەیاننامەکە باوەڕی وایە ئەم هاوپەیمانییە دژی ئەو کەسانە وەستاوە کە بەها ئیلاهییەکان لە بەرانبەر کەسانێک پڕۆژەی لەناوبردنی خێزان و نەوەکانیان هەیە، دەپارێزێت.

بەڵام گرینگترین گرووپی لایەنگری هاوپەیمانی کۆمار گرووپی مەنزیلە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی تەریقەتەکەی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن، ئەمڕۆ بە پەیڕەولێکراوترین گرووپی ئایینی لە تورکیا دادەنرێت. پشتیوانی ئەوان هێندەی پشتیوانی گرووپی ئیسماعیل ئاغا ئاشکرا نییە. گرووپی مەنزیل نەک بە ناوی خۆی بەڵکوو لە ڕێگەی واژۆی هاوبەشی ڕێکخراو، شوێن و کۆمپانیانەی لەبەر دەستیدایە پاڵپشتی ئەم هاوپەیمانییە "نەتەوەیی و خۆماڵی"یەی کردووە.

ئەم تەریقەتی نەقشبەندییە، لە گوندی مەنزیلی سەر بە پارێزگای سەمسوور (ئادیەمان) سەری هەڵداوە، بە پێچەوانەی گرووپی ئیسماعیل ئاغا، خاوەنی کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆییە و بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەژێر کاریگەری چالاکییە ڕاگەیاندنەکانی ژێر چاودێری ئەواندان. هەرچەندە هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن ئەم گرووپە دزەیان کردووەتە ناو وەزارەتە جیاوازەکان و کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر سیاسەت هەیە، بەڵام بە هەمان ڕێژە توانیویانە لە ڕێگەی کۆمەڵە خێرخوازیەکانیانەوە وەک "بەشیر" بچنە ناو خەڵکی ئەنادۆڵەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەتایبەتی چالاکی ئەم کۆمەڵە خێرخوازییە لە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی فێبریوەری، بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەری بیروباوەڕەکانی گرووپی مەنزیل لەناو جەماوەردا زیاتر لە جاران بڵاو ببێتەوە.

هاوڕەگەزخوازان و خێزانی "پیرۆز"

گرووپە ئایینییەکانی تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەبێت، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن ڕەنگدانەوەی داواکارییە سیاسییەکانیان لە دەمی بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانەوە دێتە دەرەوە. یەکێک لەم خواستانە، مافی هاوڕەگەزخوازەکانە.

بەشێک لە ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان ئەم کێبەرکێی هەڵبژاردنە لە نێوان دووانەیەک دادەنێن، دووانەیەک کە لە لایەک لایەنگرانی مافی هاوڕەگەزخوازان و گرووپە کەمینە ڕەگەزییەکانی دیکەن و لە لایەکی دیکەشەوە لایەنگرانی ئایینی و بەها خێزانییەکانن.

ئەردۆغان ئەم بابەتەی بەم شێوەیە داڕشتووە: "ئێمە لەگەڵ LGBT (هاوڕەگەزخوازان-ژن و پیاو، دووڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕەکان) نین. ئێمە دژی (LGBT)ین. ئێمە وەک هاوپەیمانی کۆمار دژی ئەوەین، چونکە بۆ ئێمە خێزان پیرۆزە. ڕێگە بە کەسیش نادەین سووکایەتی پێ بکات."

بەڵام سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، پرسی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە (ئاڵای هاوڕەگەزخوازان) لەگەڵ کوودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ بەراورد دەکات. ئەو ئاماژە بە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەوان لە کوودەتاکەدا سەرکەوتوو نەبوون و ئەمڕۆش، پارتی کۆماریخوازی گەل و هاوڕەگەزخوازانیان پێکەوە کۆ کردووەتەوە تاکوو شکست بە ئەردۆغان بهێنن.

تێڕوانینی لایەنەکانی دیکە کە هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان پێک هێناوە لەم ڕووەوە جیاواز نییە. لە نێوانیاندا پارتی "سەرلەنوێ ڕەفاه" سێ بەڵێنی هەڵبژاردنی خۆی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: داخستنی کۆمەڵەی (LGBT)یەکان، هەڵوەشاندنەوەی بێسنووربوونی پارەی نەفەقە و دامەزراندنی خوێندن و پەروەردەیەک کە ئەخلاق و ڕووحانییەت لە پێشینەی کارەکانیدابێت.

دژایەتیکردنی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لە سیاسەتی بیست ساڵی ڕابردووی تورکیادا تازە نییە، بەڵام ئەم بابەتە پێش ئەمە کەمتر وەک ئامرازێک بۆ سیاسەتکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەری سیاسی بەکار دەهێنرا. ڕکابەرێک کە بەدوای پشتگیری ئەم کۆمەڵگەیەوەیە.

پێوەندی لەگەڵ "تیرۆر" یان گوێڕایەڵی خوا

لە ٢ی مەیدا ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لە شاری قۆنیەی ئایینی گوتی: "کەمال و هاوەڵەکانی فەرمان لە کوێوە وەردەگرن؟ ئەوان فەرمانەکانیان لە تیرۆریستانی قەندیل وەردەگرن. بەڵام ئێمە فەرمانەکانمان لە خواوە وەردەگرین."

ئەو لە ڕێگەی ئەم لێدوانانەوە بە ئاشکرا پارتی کۆماریخوازی گەل و سەرۆکەکەی بە پەکەکە بەستەوە کە لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە بە "تیرۆریست" دادەنرێت. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە خۆی و گرووپەکەی خۆی پێوەندیدار کرد بە خواوە.

ئەم قسانە زۆر کەسی لە تورکیا نیگەران کردووە؛ چونکە پێیان وایە ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە دوای ١٤ی مەیەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەم لێدوانە بەسە بۆ ئەوەی هێرشی جددیتر بکاتە سەر گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، یان لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پارتە بە هەمان بیانوو، ڕێگرییان لە سیاسەت لێ بکرێت.

ڕیشەی لێدوانەکەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی سەلاحەددین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ئەندامانی ئێستەی هەدەپە، بۆ سیاسەتەکانی پارتی کۆماریخوازی گەل. کێشەکە لەسەر ئەم پشتیوانییە نییە، مەسەلەکە ئەوەیە کە هەندێک پارتی دیموکراتی گەلان بە لایەنگری پەکەکە و بەو هۆیەوە بە لایەنگری تیرۆر دادەنێن.

ئەم پێوەندییە لە نێوان پارتی کۆماریخواز و پەکەکە لە کاتێکدا دروست بووە کە لە بازنەی هاوپەیمانی کۆماردا، پارتی "هوداپار" هەیە، کە هەندێکیش لە تورکیا بە پارتێکی "تیرۆریستی" دادەنێن. "هوداپار" پارتێکە بەتوندی ئیدانەی هاوڕەگەزخوازی کردووە و تەنانەت بە ئاشکرا هەندێک ماددەی دەستووری تورکیای ڕەد داوەتەوە. یەکێک لە گرینگترین بابەتەکان کە ئەم حیزبە دژایەتی دەکات، ئازادی ژنانە. هەروەها پێوەندی پێش هاوسەرگیری نێوان ژن و پیاو قەبووڵ ناکەن.

ئەم پارتە لە لایەن هەندێکەوە بە درێژەپێدەری حزبوڵڵای تورکیا دادەنرێت، لە ناوچەی باتمانی تورکیا دروست بووە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت هەندێک لە ئەندامەکانی دەستیان لە هەندێک تاواندا هەبووە. بە بڕوای سیکۆلارەکانی ئەم وڵاتە، یەکێک لە نهێنییە جددییەکانی دوای هەڵبژاردن، بوونی ئەم حیزبەیە بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان.

لە نێوان لێبوردەیی و دەستتێوەرداندا

پارتی داد و گەشەپێدان، لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی "هوداپار" و پارتی "سەرلەنوێ ڕەفاە"، ئاشکرایە بە پەیمانێکی کۆنەپەرستانە هاتووەتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە؛ پەیمانێک کە ڕاستییەکەی هەندێک لە ئەندامەکانی یەکسانی ڕادیکاڵیان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕاپرسییەکان سەبارەت بە ئایینداری لە تورکیا دەریدەخەن کە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی تورکیا توانیویەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بنەمای نائایینی لە دەستووری وڵاتەکەدا ناوخۆیی بکات. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەیە لەم ساڵانەی دواییدا کۆی دەنگەکانی حیزبە ئیسلامگەراکان بە لە سەددا ٤٠ زیاتر نەگەیشتووە.

واقعییەت ئەوەیە کە ئەگەرچی حکوومەتی ئیسلامگەرای داد و گەشەپێدان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە کۆمەڵگەی ئایینی تورکیا ڕازی بکات و پەرە بە ئیسلامگەرایی لەم وڵاتەدا بدات، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە بە سوودوەرگرتن لەم گوتارە بازنەی بیسەرانی خۆی زیاد بکات.

لەسەر بنەمای ئەو گوتارەی هاوپەیمانی کۆمار لەسەری دەڕوات، بۆ زۆرێک لە نەیاران، ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی گرینگە، چونکە پێیان وایە لەڕووی ئایین و قانوونە مەدەنییەکانەوە، تورکیا شایەدی کەشێکی گشتی کەمتر ئاشتیخوازانە دەبێت.

لە لایەکی ترەوە پێدەچێت نوێنەری پارتی کۆماریخوازی گەل، سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ پارتە ئیسلامگەراکانی وەک سەعادەت و پارتی ئایندەدا هاوپەیمانی میللەتی پێک هێناوە، جەماوەرێکی زۆرینەی لە کۆمەڵگەدا هەیە. بە تایبەت کە بەشێک لە ئەندامانی پارتی کۆماریخوازی گەل عەلەوین، لە لایەن هەندێک گرووپە کوردییەکان پاڵپشتی دەکرێن و هەندێک جاریش ئەندامەکانی سەردانی هەندێک کۆمەڵەی بەرگریکارانی (LGBT) دەکەن.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە (عطا محامدتبریز) نووسیویەتی و بە ناونیشانی (اسلامگرایی و انتخابات پیش‌روی ترکیه؛ مساله دین و آزادی چقدر برای دو طرف اهمیت دارد؟)، ١١ی مەی ٢٠٢٣. لە سایتی بی‌بی‌سی فارسی بڵاو کراوەتەوە.

•• عەتا محامەدتەبریز، تووێژەری سیاسی و دوکتۆرا لە زانستی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زانکۆی ئیستەنبووڵ لە تورکیا.