سیاسه‌تی چین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌ئارامی بدوێ و پاره‌ی باشیان پیشان بده

جیهان 06/05/2023

سیاسه‌تی چین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛
به‌ئارامی بدوێ و پاره‌ی باشیان پیشان بده
ئه‌یهوود یاری

(ئەمەی دەیخوێننەوە ڕاڤەی شرۆڤەکارێکی ئیسرائیلییە کە گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوپا، دیپلۆماتکار و ئەکادیمیی چینی لەم بابەتەدا دەخاتە ڕوو.)

لە لیستی وڵاتانی گرینگ بەلای چینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتاییی لیستەکەدایە و پێناچێت ئەم ڕەوشە لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لەگەڵ ئەمەشدا، کاتێک باس لە ئەکتەرێکی دەوڵەمەندی جیهانی وەکوو چین دەکەین "لەپێشینەیەکی کەم-‪low priority" دەستەواژەیەکی ڕێژەیییە. هەڵبەتە ڕێگەی ئاوریشمی نوێ کە چین دروستی دەکات، زیاتر ئەوەی چین پێ دەڵێت: "ڕۆژئاوای ئاسیا" وەلانراوە ولەبری ئەو بۆ دروستکردنی بازرگانیی وشکانی و دەریایی بۆ ئەورووپا لە لایەک ئاسیای ناوەڕاست و لە لایەکی ترەوە زەریای هیندی و کەناڵی سوێس بەکار دەهێنێت. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمپانیا چینییەکان -ئەوانەی کە بەتەواوی لە لایەن بانکی چینییەوە پشتیوانی دەکرێن- لەزۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەپڕۆژەکانی؛ ژێرخان، فرۆشتن، خاوەندارییەتی وکاری نوێکاری دیکە دەکەن.

ڕۆژەڤی سەرەکی چین، جەنگی بازرگانییە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. لە دوای پەیڕەوی ڕەوتی حیزب بۆ "تۆڵەسێنانە" لە بەرانبەر گوشاری ئەمریکا، ئەم نیگەرانییە ڕوو لە زیادبوونەی تەعرفەی گومرکی*‪، زیانێکی زۆر لە ئابووریی جیهان دەدات و لە کۆتاییشدا زیان بە داهاتی پوخته‌نه‌كراوی ناوخۆیی و سەقامگیری ناوخۆی چین دەگەیەنێت. هەروەها دەسەڵاتدارانی پەکین ئاگاداری هەوڵەکانی دیکەی هێزە ئاسیایییەکانن بۆ سنووردارکردنی گەشەی خێرای چین، بەتایبەتی ئەوەی کە واشنتۆن و ئەکتەرەکانی دیکە، خەریکی پەرەپێدانی سیستەمی هاوکاری هیندستان و زەریای هێمنن، کە بۆ یەکەمجار لە لایەن ژاپۆنەوە پێشنیاز کرا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، چین هەوڵ دەدات دەسەڵات و بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی لە ڕووی ویستی دابینکردنی سەرچاوەی وزە، پێوەندی بازرگانی و بەرژوەندییە بازاڕوانییەکان زیاد بکات. پەکین وای بە باش دەزانێت سیاسەتی هەنووکەیی خۆی، واتە؛ دوورەپەرێزی لە مشت‌ومڕە بێکۆتایییەکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاڕێزگاری لێ بکات و هەر جۆرە قسەیەکیش کە پێچەوانەی ئەمە بێت، بەخێرایی بە درۆ دەخرێتەوە؛ وەکوو ئەوەی یەکێ لە باڵیۆزەکانی چین لە ساڵی ٢٠١٨، ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە نیازە لە شەڕی ئیدلبدا یارمەتی بەشار ئەسەد بدات. بەهەمان شێوە، چین خۆی لە هەڵوێسوەرگرتن لە کێشمەکێشی نێوان ئێران و سعوودیە یان کێشەوبەرەی وڵاتانی عەرەبی، وەکوو گەمارۆی سەر قەتەر بەدوور دەگرێت و وای پێ باشە کۆمکاری عەرەبی بە بیسەری سەرەکی گفتوگۆکانی دابنێت.

ئەم ڕێبازە پشتیوانی بەردەوام لە هەڵوێستەکانی کۆمکاری عەرەبی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیش لەخۆ دەگرێت. لە دنگدانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چین وا ڕاهاتووە پاڵپشتی لەو بڕیارانە بکات کە دژی ئیسرائیلن. بێگومان پەکین باش دەزانێت دەوڵەتەکانی کەنداو، لەژێرەوە و بەنهێنی لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بەدوای هاوکاریدا دەگەڕێن، بەڵام تا کاتێک پێگەی گشتی و فەرمییان لە پێوەندییەکانیان بەشاراوەیی بمێنێتەوە، چین دژی ئیسرائیل دەنگ دەدات.

گفتوگۆکانی ئەم دواییە لەگەڵ بەرپرسانی سوپای چین، هەندێک خاڵی تێدایە کە شایەنی باسکردنە:

چین بەردەوام دەبێت لە هاوردەکردنی نەوتی ئێران. بۆ ئەمەش چین هەوڵ دەدات تا ئابڵوقەکانی ئیدارەی ترەمپ پێشێل بکات، بەبێ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ کێشە دروست بکات یان ڕەدیان بداتەوە. هەرچەندە چین هەوڵ دەدات پێوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێت، بەڵام بەرنامەی ئەوەی نییە کە ڕژێمی ئێران لە گوشارە دارایییەکان ڕزگار بکات یان چەکی پێشکەوتوو بە ئێران بفرۆشێت. لەگەڵ ئەمەشدا، وا دیارە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی چین زۆر نیگەران بن لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان واشنتۆن و ئێران. تاران پێشوازی لە هاوکارییەکانی هیندستان بۆ دروستکردنی بەندەری چابەهار کە ڕکابەری بەندەری گوادەری پاکستان دەکات کە لە لایەن چینییەکانەوە دروست کراوە و یەکێکە لە بەندەرە سەرەکییەکانی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ.

چین هێشتا ئامادەیی بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە سووریا نییە. پەکین گرینگی بە دەرفەتە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە دەدات، بەڵام هیچ پەلە لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئەمانە ناکات - ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا چەندان جار داوای لە چین کردووە تاکوو لە بونیادنانەوەی سووریای دوای جەنگ هاوکاری بکات. چین لەبارەی سووریاوە لەگەڵ مۆسکۆ و وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی زانیاری هەیە، بەڵام ئامانجی سەرەکی چاودێریکردنی جیهادییەکانی تورکستانی ڕۆژهەڵاتە کە لە سووریا شەڕ دەکەن و دەستنیشانکردنی ئەو چەکدارە موسڵمانانەی ئۆیغوورە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان لە شینجیانگ.

چین نیگەرانە لە "هاوپەیمانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین". ئەم هاوپەیمانییە دەستپێشخەرییەکی ناوچەیی و خۆنوێنی ئەم وڵاتانەیە کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت، سەرەڕای ئەوەش میسریش لێی چووەتە دەرەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا بەرپرسانی چین نیگەرانی ئەمەن کە هاوپەیمانانی ئەمریکا بتوانن کۆنتڕۆڵی سەربازی هاوبەش و درێژخایەن بەسەر هێڵە دەریایییەکان لە کەناڵی سوێس و دەریای سوورەوە تا زەریای هیندی بکەن، چونکە ئەم ڕێگەیە بۆ ستراتیجی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ زۆر گرینگ دەبێت. لەسەر بنەمای ئەمە، پەکین هەوڵی خۆی بۆ باشترکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ عەربستانی سعوودیە و تا ڕادەیەکی کەمتر لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەدات. هەروەها وا دیارە پەکین دەیەوێت کە تەکنەلۆجیای مووشەکی پێشکەوتوو و ڕەنگە زانستی ئەتۆمیش بخاتە بەردەستی ڕیاز و ئیمارات و ناڕازیەتییەکانی ئێرانیش هیچ لە بیروڕاکەی ناگۆڕێت. هاوکات چین بنکەیەکی سەربازی بچووکی لە جیبۆتی هەیە و بەنیازە ئامادەیی بەردەوامی خۆی لە بەندەری دوقمی عومانیش بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەی سەرانی چین جەخت لەوە دەکەنەوە کە چین پێویستی بە ئامادەیی سەربازی لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە نییە؛ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە، ئاماژە بە هێنانەدەرەوەی هاووڵاتییانی چینی لە لیبیا -لەبری هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرینگەکانی خۆی لەوێ- دەکەن.

چین لەبارەی ئیسرائیلەوە هێشتا بەوریایییەوە هەڵسوکەوت دەکات. وڵاتە یەکگرتووەکان قورسایییەکی زۆریلەسەر پێوەندی چین لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. واشنتۆن چەندان جار ئەوەی ڕاگەیاندووە کە نایەوێت ئورشەلیم پێوەندییەکی گەرمی لەگەڵ پەکین هەبێت، هەروەها بەشداریکردنی چینی لە کەرتە هەستیارەکانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیلدا کە لە گەشەکردندان سنووردار کردووە. پەکین باش دەزانێت کە گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی چەکیش ڕێگەپێدراو نییە و بەتەواوی قەبووڵی کردووە کە ئیسرائیل دەبێت بە شێوەیەکی جددی تێبینییەکانی ئەمریکا لەبەرچاو بگرێت. هەرچەندە بەرپرسان ئاماژە بە بەشێک لە هاوپەیمانە عەرەبییەکانی واشنتۆن دەکەن کە نەرمی زیاتر لە بەرانبەر چین نیشان دەدەن.

لە کۆتاییدا، پەکین هیچ نیشانەیەک بەدەستەوە نادات کە دیپلۆماسیەتی کلاسیکی خۆی لە بەرانبەر ئیسرائیل یان شێوازی دەنگدانی نەخوازراوی خۆی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، دەگۆڕێت. چینییەکان بەپەرۆشەوە خوازیاری تەکنەلۆجی داهێنەرانەی ئیسرائیلییەکان، بەڵام باوەڕیان بەوە نییە کە زیادبوونی پێوەندییە ئابوورییەکان پێویستی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەیان هەبێت. حکوومەتی چین ئاسانکاری بۆ هاوردەکردن لە ئیسرائیلەوە ناکات؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە ساڵی ڕابردوو گەیشتە ١٤ ملیار دۆلار، بەڵام زۆرتر فرۆشی ئیسرائیل لە ڕێگەی کۆمپانیای ئینتێڵ (Intel)ەوە بووە. کۆمپانیا چینییەکان بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئیسرائیلیان کڕیوە (بەتایبەتی لە کەرتی کیمیایی و شیرەمەنی) و تەندەرەکانی بەڕێوەبردنی بەشێک لە بەندەرەکانی حەیفا و ئەشدۆدیان بەدەست هێناوە، بەڵام ئاژانسەکانی چاودێری ئیسرائیل ڕێگر بووە لەوەی دەستیان بە بەشەکانی ئەلیکترۆنی و بیمە بگات (بیمە لەو ڕووەوە گرینگە کە چین دەیویست دەستی بە زانیاری کەسێنی کارمەندانی ئاسایش لە ڕێگەی بەرنامەی خانەنشینییەوە بگات.) سەرەنجام وا دیارە دەسەڵاتدارانی چین هیچ بەرژەوەندییەکیان لە کردنەوەی ڕێڕەوێکی بازرگانی نییە کە لە ڕێگەی کەنداوی عەقەبەوە بۆ بەندەر ئیلات، لەگەڵ ڕاکێشانی هێڵی شەمەنەفەر (لەوێوە) بۆ دەریای ناوەڕاست بکەنەوە. بەڵگەیان ئەوەیە کە میسر دژی هەر جۆرە سیستەمێکی گواستنەوەی بازرگانییە جێگرەوەی کەناڵی سوێس بێت.

وەبەرهێنانی چینی لە میسر بەخێرایی لە پەرەسەندندایە. ئەم سەرمایەگەڕییە ژێرخانی پایتەختی نوێی میسریش لەخۆ دەگرێت کە سەرۆک کۆمار بڕیاری داوە لە دەرەوەی قاهیرە ڕۆی بنێت. پەکین بڕوای وایە بۆ سەرکەوتنی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ، دەبێت سەقامگیری میسر دەستەبەر بکرێت، چونکە کەناڵی سوێس ڕێڕەوێکی گرینگە بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان کە بەرەو ئەورووپا دەڕۆن.

چین نایەوێت دەست لە کاروباری فەڵەستین وەربدات. دەسەڵاتدارانی چینی بەڕاشکاویی گوتوویانە کە هیچ پڕۆژەیەکی ئابووری لە فەڵەستینییەکان قەبووڵ ناکەن و بەشداریکردنشیان لە هاوکارییە دارایییەکان سنووردار دەبێت. بە شێوەیەکی ڕوونتر، پەکین ڕێگە بە کۆمپانیا چینییەکان نادات لە دەرەوەی هێڵی سەوز [سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧]، یان لەناو کەرتی غەززە، تا ئەو کاتەی لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا بێت، کار بکەن.

پێوەندی شیکارانەی چین بۆ ناوچەکە لە زیادبووندایە. لەگەڵ ئەو گرینگیپێدانە تا ڕادەیەک کەمەی پەکین بە "ڕۆژئاوای ئاسیا" یان (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی داوە، بەڵام هێشتا حکوومەتی چین بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی دارایی بۆ بنکە و پەیمانگەکانی تووێژینەوە لەبارەی ناوچەکەوە. هاوکات، ژمارەی ئەو خوێندکارانی ئارەزووی فێربوونی زمانی عەرەبی دەکەن لە زانکۆکانی چین لە بەرزبوونەوەدایە (هەرچەندە بە بەراورد بە زمانی فارسی و تورکی کەمترە.)

بەکورتی، چین هێشتا بەخۆپارێزییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت، هەبوونی دیپلۆماسی هەست پێنەکراوە، لە دەستتێوەردانی سەربازی خۆی بەدوور دەگرێت و لە هەمان کاتدا، بەتوندی بە دوای دەرفەتە بازرگانییەکانەوەیە - بەتایبەتی لە وەبەرهێنانە ژێرخانییەکانی پێوەست بە نەخشەڕێگەی "دوورنوێن ٢٠٣٠" لە عەرەبستانی سعوودیە و بواری سووتەمەنی. تا کاتێک کە پڕۆژە گەورەکانی پێوەست بە نەخشەسازی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ لە پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست تەواو نەبن، ڕەنگە ئەم ناوچەیە بەشداری جددی سیاسی و سەربازی چین بەخۆیەوە نەبینێت.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە ئه‌یهوود یاری نووسیویەتی و بە ناونیشانی (سیاست خاورمیانه‌ای چین؛ نرم حرف بزن و پول حسابی نشان بده)، ١٧ی جوونی ٢٠١٩، لە سایتی واشنتۆن ئینستیتویت بڵاو کراوەتەوە.

•• ئه‌یهوود یاری (Ehud Year)، ئەندامی ئینستیتویتی واشنتۆنە و پەیامنێری تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلە، بابەتەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەکوو؛ نیۆرک تایمز، واڵ ستریت، واشنتۆن پۆست و ئەتلانتیک بڵاو کراوەتەوە.

* تەعرفە، تاریفە (tariff): تەعرفەی گومرکی ماڵیاتێک کە بابەتی کاڵا هاوردەکان وەردەگیرێت. وشەکە لە (tariffa)ی ئیتاڵییەوە هاتووە و ئەویش لە (arrafa)ی عەرەبییەوە وەریگرتووە.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Ehud Year, ‘China’s Middle East Policy: Speak Softly and Wave a Large Purse’, Washington Institute, 17 June 2019