مەلا بەختیار: پەروەردەکردنی عەقڵ، زۆر لە نەوت لەپێشترە

کوردستان 03/05/2023

لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر خولێک دەربارەی راهێنانی سەرکردایەتیکردنی رێکخراو بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ 3/5/2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، خولی (راهێنانی سەرکردایەتیکردنی رێکخراو) بۆ 23 کادیر و چالاکوانی بواری رێکخراوەیی بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن سیاسەتمەدار و کەسانی پسپۆڕەوە وانەکان پێشکەشکران. خولەکەش بە هاوبەشی لەنێوان تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر و رێکخراوی چەپک رێکخرابوو.
دەستپێکی خولەکە بە وانەیەکی مەلە بەختیار سیاسەتمەدارو رۆشنگەر دەستیپێکرد بە ناونیشانی (چۆن دەتوانن ببنە سەرکردەی رێکخراو؟)
مەلا بەختیار لە سەرەتای باسەکەیدا تیشکی خستە سەر چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی و لەوبارەیەوە وتی: ئەم زانستە لە نزیەکی 50 ساڵی رابردوە سەریهەڵداوەو گەشەی سەندوە، زۆرێک لە بیرمەندان و پسپۆڕان پێیانوایە گەشەپێدان و پەروەدەکردنی عەقڵ، زۆر لە سەرچاوە سەروشتیەکانی وەکو نەوت و گاز لەپێشتر و گرنگترە، بۆ نمونە وڵاتێکی وەکو تایوان نەوتی نیە بەڵام داهاتی تاک زۆر بەرزە، ئەمەش بەهۆی پەروەردەکردن و پەرەپێدانی عەقڵ و مەعریفەوە دروست بوە. سەنگاپورە نەوتی نیە، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە لە دواکەوتوترین وڵاتەوە گەیشتە هەرە پێشکەوترین وڵاتانی جیهان، ئێستا پاسپۆرتی سەنگاپورە پلەی یەکەمی هەیە لە جیهاندا، لەکاتێکدا سەنگاپورە قەترەیەک نەوت و گازی نیە، بەڵام تەنیا لەڕێگەی پەروەردەو گەشەپێدانی مرۆیی ئاوا پێشکەوتن.
دەربارەی سەرکردەش، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، کە وشەی سەرکردە لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتوە، سەر لەگەڵ کردە، واتا ئەو سەرەی کە کردە و کردەوەی هەیە. واتا ئەو کەسەی بە کردار دەتوانێت بیسەلمێنێت توانای هەیە. وتیشی: ئێوە پێش هەموو شتێک پیویستە رێبازەکەتان رونبکەنەوە کە دەبن بە چ سەرکردایەتیکردنێکی رێکخراوەیی، ئەگەر هەر دەتەوێت ببیتە سەرکردەیەکی بچوک ئەوە کارێکی ئاسانە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت ببیتە سەرکردەیەک کە مەدەنیەت و دادپەروەری و ئازادی بەدیبهێنیت، ئەوا پیویستە پەروەردەکردنی عەقڵت لە ئاست ئەو ئامانجانەدا بێت.
مەلا بەختیار، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەقۆناغی گوزەری دیموکراسیدایە، کە ئەم قۆناغەش پڕە لەكێشە و گیروگرفت و تەنانەت شەڕی ناوخۆش، وڵاتانی دیکەش هەر بەم قۆناغەدا تێپەڕیون، ئنجا بونەتە وڵاتی دیموکراسی، بۆیە لەم قۆناغەدا ئێمەی کورد پێویستمان بە پەروەردەکردن و گەشەپێدانی عەقڵ و خەباتی مەدەنی و پەوەردەکردنی سەرکردەی رێکخراوەییە. وتیشی: لە ئێستادا سەرچاوەکانی پەروەردەکردنی عەقڵ زۆر و فراوانن، ئێستا جگە لە کتێب و قوتابخانە، زانکۆ هەیە ئینتەرنێت و گوگڵ هەیە کە دەتوانی هەرچیت بوێت تێیدا بەدەستیبێنیت، بۆیە پێویستە ئێوە سود لەم سەرچاوانە وەربگرن و رۆژانە بە بەردەوامی و بە بەرنامە کاتێکی کەمیش بێت بۆ خوێندنەوەی تەرخان بکەن.
دوای تەواوبونی وانەکەی مەلا بەختیار، ئامادەبوانی خولەکە، پرسیارو سەرنجەکانیان دەربارەی بابەتەکە خستەڕوو، مەلا بەختیاریش وەڵامی پرسیارەکانی دانەوەو هێندەی تر گفتوگۆ لەسەر باسەکە کرا.  ئامادەبوەیەکی خولەکە، پرسیاری ئەوەی هەبوو کە کێ لەناو کوردا بە سەرکردە لەقەڵەم دەدرێت، مەلا بەختیار لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەقڵی گەورە لەناو کوردا هەن، بەڵام ئەقڵی گەورەی وەکو مام جەلال لە مێژوی کوردا هەڵنەکەوتوە، ئەمە بەو مانایە نیە کە مام جەلال رەخنەی لێنەگیرێت، بگرە خۆم لە کتێبی  (لەبری بیرەوەرەی) رەخنەم لە مام جەلال گرتوە.
وانەی دووەمی خولەکە، لەلایەن شاخەوان دوکانی بە ناونیاشانی (ئەوروپا لەنێوان واقیع و خەیاڵدا.. ئایا کۆچ دەمانگەیەنێتە چ کەنارێک؟) پێشکەشکرا.
هەر لە بەردەوامی خولەکەدا، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ، دوو بابەت لەلایون م. عەباس جومعە بەرێوەچوو بە ناونیشانی (ئەتەکێت لەکاتی سەرکردەبون و نمایندەکردنی کاری رێکخراوەیی) هەروەها بابەتی دووەم بەناونیشانی (هونەری مامەڵە کردن و هونەری بێژان) پێشکەشکران.
دواین وانەی خولەکەش لەلاین پرۆفیسۆر د. هێرش رەسوڵ، بە ناونیشانی (راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی) پێشکەش کرا.
دوای تەواوبونی وانەکانیش بڕوانامەی رێزلێنان بەسەر ئامادەبواندا دابەشکرا.