مەلا بەختیار: ئەو پرۆژەیەی هەرێم لەگەڵ عێراق دانوستانی لەسەر دەکات، نیوەی خواستەکانی کوردی لەخۆگرتوە

کوردستان 01/03/2023

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، لە دوەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، لە بارەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند: عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەژێر کاریگەری فشار و بۆچونەکانی دوەروبەردان، کە ئەمە بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارەو پێویستە کورد یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بێت لە بەغداد.

ناوبراو راشیگەیاند: من جەنابی سەرۆکی هەرێم و  سەرۆک وەزیرانی کوردستانم ئاگادارکردۆتەوە کە ئەو مەلەفەی ئێستا کورد دانوستانی لەگەڵ عێراقدا پێدەکات، نیوەی خواستەکانی کوردی تێدایە، چونکە ئێستا زیاتر باسی کێشەی نەوت و گاز و ئەمنیە، ئەی کێشەی مادەی 140؟ ئەی کێشەی قەرەبوی ئەنفال و هەڵەبجە؟ بۆیە پێویستە هەموو ئەمانەش بکرێنە یەک پاکێج و لە بەغداد دانوستانیان لەسەر بکرێت.

مەلا بەختیار لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: کە مەترسیدارە وەفدەکانی کوردستان بە جیا سەردانی بەغداد بکەن و دانوستان ئەنجام بدەن. وتیشی: تاکە دەستەبەر و زەمانی کورد لەم کێشە و پێشهاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەر و عێراقیش ئەوەیە کورد لەناوخۆیدا رێکبکەوێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەلا بەختیار باسی لە دۆخی گەندەڵی عێراق کردو رایگەیاند: ئامارەکان باس لەوەدەکەن کە تا ئێستا نزیکەی 400 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە.