مەلا بەختیار و باڵیۆزی سوید کۆبوونەوە

کوردستان 07/12/2022

 

مەلا بەختیار: سودانی بیەوێ هەر دزێک دەستگیر بکات، لایەک هەیە بەرگری لێدەکات!

"شەڕی ئایدۆلۆجیەتی داعش و بیری توندڕەوی گرنگترە لەشەڕی عەسکەری!"   

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، لەگەڵ جێسیکا سفاردستروم، باڵیۆزی سوید لە عیراق کۆدەبێتەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ (7/12/2022) بە ئامادەبوونی ماتس کارلسۆن، سکرتێری دووەم بۆ کاروباری سیاسی و بۆتان سەڵاح، لێپرسراوی بەشی کاروباری کونسوڵگەری سوید لەهەولێر ئامادەیبوون، گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دۆخی ئێستای عیراق، پەیوەندییەکانی نیوان کوردستان و بەغداد، هەلومەرجی سیاسی کوردستان و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکان، شەڕی داعش و مەترسییە بەردەوامەکانی کرا.
مەلا بەختیار، لە گفتوگۆکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە٢٠١٣ەوە تائێستا ئەوەی لەعیراقدا گۆڕاوە تەنها باڵەخانەکانن، ئەقڵی حوکمڕانی هەروەکو خۆیەتی هیچ نەگۆڕاوە و وتی: لەعیراقدا یەکەمین کێشە و مەترسیدارترینیان، نەبوونی فەزای دیموکراسی و تێگەیشتنی دیموکراسی بۆ چارەسەری کۆی کێشەکانە! کاتێکیش تێگەیشتنی دیموکراسی و پرۆژەو بەرنامەی دیموکراسی بۆ چارەسەری کێشەکان نەبێ، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی خاڵەی کە کامە لایەن دەتوانێ زۆرترین توانای خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بخاتەڕوو.
رونیشیکردەوە: عیراق کە توانای سەرەکی ئەم وڵاتەی لەبەردەستە، هێزی چەکدار و هێزی ئابوری لەلایە، کلیلی چارەسەری ئەم وڵاتەیشی بێگومان لەلایە. بەداخەوە لەبەرامبەردا کوردستان، هێز و پێگەی باشە، بەڵام پەیوەندی سیاسی هێزە سیاسییەکان خراپە بۆ گفتوگۆکردن لە بەغداد. کە هەر ئەمەشە کەموکوڕی دەخاتە گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی کوردستان و چارەسەری کیشەکانیش بەشێکی زۆری پەیوەندی بە بەغدادو بەشێکیشی پەیوەندی بەکوردستانەوە هەیە.
هەر لەگفتوگۆکەشیدا، مەلا بەختیار، روانگەی خۆی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق نیشانداو رایگەیاند: لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پشتیوانی بەڕێز سودانیان کرد بۆ پێکهێانی کابینەکەی و دەشبێ کاتی بدەینێ بۆ جێبەجێ کردنی کارنامەکەی. بەڵام ئایا بەڕێز سودانی هەموو ئامانجەکانی بەدیدەهێنێ و هەموو کیشەکان چارەسەر دەکات؟ ئەمەش پرسیارە جەوهەرییەکەیە. وتیشی: ژینگەی سیاسی، ژینگەی حزبەکانی عیراق، ژینگەی هێزە چەکدارەکانی عیراق، هەموویان پێکەوە کۆسپی گەورەن لەبەردەم بەڕێز سودانیدا!
لە درێژەی گفتوگۆکەشدا، هێمای بۆ ئاستی گەندەڵی لەعیراقدا کرد و بەهەڕەشەی سەرەکی لەسەر ئێستا وئاییندەی عیراق زانی و وتی: ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەوڵاتانی دراوسێ بکرێ، دەردەکەوێ هیچ دەوڵەتێک بەقدەر دزەکانی عیراق شوقەو ڤێلایان لەو وڵاتانە نەکڕیوە. پرسیاریش ئەوەیە ئایا سودانی دەتوانێ چەند هەزار دز دادگایی بکات و زیندانیان بکات؟ لەکاتێکدا چەند هەوڵی گرتنی دەزەکان بدات، ئەوەندە کێشەی بۆ دروست دەبێت، چونکە هەر دزێک لایەک بەرگری لێدەکات و بەمشێوەیەش ناتوانێ بگاتە ئەنجام. بەڵام بەپێویستی دەزانم هەموومان پشتیوانی بکەین هەتا بەقۆناغ ریفۆرم لەم وڵاتەدا بگاتە ئەنجام.
پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەشێکی تری گفتوگۆکەی مەلا بەختیار و باڵیۆزی سوید بوو، تیادا مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: هەردوولا یەکێتی و پارتی، نیگەرانین لەبەرامبەرهەلومەرجی سیاسی و حزبایەتی لەکوردستان، هاوکات هەردوولاشمان نیگەرانی بەرامبەر بە بەغداد، لەکاتێکدا هیچ لایەکیشمان پرۆژەیەکی جدیمان بۆ چارەسەری کێشەکان نییە.
لەکۆتایی گفتوگۆشدا، بێروڕاو خوێندنەوەکان سەبارەت بەداعش و بیری ئایدۆلۆجیەتی توندڕەوەکان ئاڵوگۆڕکراو تیایدا مەلا بەختیار، رایگەیاند:
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا فەلسەفەی داعش و ئایدۆلۆجیەتەکەی، لەناو خەڵکێکی کەمدایە یان خەڵکێکی زۆردا ماوە؟ باوەڕم وایە مەترسییەکە لێرەدایە نەک لەو جێگەیەی کە ئایا داعش چەند چەکداری ماوە! چونکە فکری فێندەمێنتالیزم لەناو خەڵکانێکی زۆردا بەهێزە!  
راستە ئێمە وەکو کورد هەمیشە بەهێزی عەسکەری، توندڕەوەکانمان شکاندووە، بەڵام وەکو هێزی ئایدۆلۆجی نەمانشکاندوون، کە ئەمەش مەترسییە سەرەکییەکەیە!
 سەرنجەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا داعش چۆن دەیتوانی ئەم هەموو هێزە عەسکەرییە دروست بکات، ئەگەر ئایدۆلۆجییەتی توندڕەویی و داعشی بەهێز نەبوایەو جەختیکردەوە:
یەکێتی ئۆرۆپا و هاوپەیمانی ئۆرۆپا بۆ شەڕی بەداعش، هێزی لۆجستی و توانایەکی زۆری عەسکەری و دارایی بۆ شەڕی دژ بەداعش خەرجکرد، بەڵام هێشتا ئەوانیش وەکو ئێمە نازانن شەڕی راستەقینەی داعش، شەڕی ئایدۆلۆجیەتی داعش و بیری توندڕەوییە.  بۆیە دەبێ ستراتیجێک هەبێ هەم لەنێوان یەکێتی ئۆرۆپا و هەم لەنێوان هێزە دیموکرات و مەدەنییەکانی لای ئێمە و ئەو حکومەتانەی لەم بابەتە تێدەگەن، بۆ ئەوەی ئەم ئایدۆلۆجیەتە لاواز بکەین نەک بەمشێوەیە بمێنێت، ناکرێ بە کەمبوونەوەی چەکدارانی داعش دڵخۆشبین، چونکە هێشتا ئایدۆلۆجیەتەکە مەترسیدارە.