​ فەرامۆشكردنی رۆژی نیشتمانی عێراق.. لە ساڵڕۆژی مام جەلالدا

کوردستان 06/10/2022

 

ئازاد عەلی

3/10 پێنجەمین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی مام جەلال‌و رۆژی نیشتمانی عێراقە..
دامەزراوەی تازە دامەزراوی مام جەلال، ئەمساڵ لە هەولێردا رێوڕەسمێكی رەسمیان بۆ سازدا. وەكو چالاكی سەرەتایی رێورەسمەكە باشبوو. بەڵام سەیرە، لە زیاتر لە (100) سەفیری وڵاتان‌و زیاتر لە (40) كونسڵگەری لە یادی سەرۆك مام جەلالدا (10) كەسیشیان ئامادە نەبوون. لەمەش سەیرتر، سەركردە دیارەكانی عێراق وەكو: (1-سەدر 2-مالكی 3-هادی عامری 4-عەمار حەكیم 5-حەیدەر عەبادی 6-ئەیاد عەلاوی 7-محەمەد حەلبوسی 8-خەمیس خەنجەرو 9-سكرتێری حیزبی شیوعی..) ئامادە نەبوون. ئەمە كەموكوڕیەكی زەق بوو بە یادەكەوە دیار بوو. ناردنی پەیامەكانیش زۆر كەم بوون!
سەیرتر لەوەش، سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتاریان هەبوو. بەگشتی وتارەكان بۆ سەرۆك مام جەلال باشبوون. بەڵام مایەی سەرسوڕمانە كە هەرسێكیان بیریان چوبوو كە هەمان رۆژ، رۆژی نیشتمانی عێراقیشە. دوورونزیك باسی ئەو رۆژە نیشتمانیەی عێراقیان نەكرد. هەروەكو عێراق رۆژی نیشتمانی نەبوبێ‌.. وا بوو!!
بەندە وای دەخوێنمەوە، كە هەرسێ‌ سەرۆكەكەش.. وەكو هەموو هاوڵاتیەكی عێراق‌و كوردستان، رۆژی نیشتمانی عێراق لە بیركردنەوەیاندا، نەبۆتە بەشێكی هەستی نیشتمانیان‌و ئاوێتەی ویژدانیان نەبووە.
عێراق داتاشراوە. لە (100) ساڵی رابوردودا، دەستكەوتێكی نیشتمانی‌و دیموكراسی‌و مەدەنی ئەوتۆی نەبووە، هەتا لە ویژدانی نەوەكاندا رۆژە نیشتمانیەكەی بچەسپێ‌.
وڵاتێك بە ئاگرو خوێن‌و تاوان، بە كیمیاباران‌و جینۆساید، دژی نیشتمانپەروەرو شۆڕشگێڕو ئازادیخوازان سەپێنرابێ‌، چۆن شوناسەكەی لە ویژداندا دەچەسپێ‌؟!
ئەقڵ چۆن روداوەكانی دوای (100) ساڵی دامەزراندنی عێراق لێكبداتەوە كە:
یەكەم: هێزێكی دیموكراتی نیمچە بەهێزیش لە وڵاتەكەدا نییە.
دووەم: هێزێكی مەدەنی دەركەوتوو لە وڵاتەكەدا نییە.
سێهەم: هێزێكی چەپی كاریگەر لە وڵاتەكەدا نییە.
چوارەم: بزوتنەوەیەكی دیاری ژنان لە وڵاتەكەدا نییە.
پێنجەم: بزوتنەوەیەكی سەندیكایی‌و دیموكراسی لە وڵاتەكەدا نییە.. بەڵام..
* * *
یەكەم: دەیان هەزار چەكداری میلیشیایی هەیە.
دووەم: چەندین لایەنی تایفەگەری هەیە.
سێهەم: تیرۆرو تۆقاندن هەیە.
چوارەم: گەندەڵی خەیاڵی هەیە.
پێنجەم: بازرگانی مادەی هۆشبەر هەیە.
شەشەم: ژنكوژی‌و باوكسالاری هەیە.
حەوتەم: تەزویری هەڵبژاردنەكان هەیە.
هەشتەم: دەستێوەردانی وڵانان لە وڵاتەكەدا هەیە.
جگە لە سەدان دیاردەی ناپەسەندی تریش!!