جیاوازی ژینای رۆژهەڵات و د. عەبدولەتیف سەلەفی باشور!

کوردستان 02/10/2022

 

ئازاد عەلی

ژینا، کچە سەقزی- کوردستانی- ئازادی خواز، تەنها لەبەر ئەوەی کەمێك قژی دەرکەوتووە، شەهیدکرا.
د. عەبدولەتیف سەلەفیش، جامانەی لەسەرو ڕیشی درێژە و دکتۆرای هەیە و ئیمامی مزگەوتیشە.. بەوپەڕی ئازادی قسە ئەکات .. لەگوڵ کاڵتریشی پێ ناوترێ.. پارەش وەردەگرێ، هێشتا دژی عەلمانیەتە!
د. سەلەفی.. ئەگەر سەلەفیەکی سعودیە، یان ئەفغانستان، یان هەر سەلەفیەکی تر، بەدەستی دەسەڵاتداران بکوژرانایە، لانی کەم خوتبەی نوێژێکی لە جومعە و جەماعەتدا بۆ تەرخان دەکرد. بەڵام بۆ ژینا ورتەی لێوە نایەت. سمێڵیشی بریسکەی دێ!
ژینا هەتا شەهید بوو، بەرگری لە ئازادی کرد و بوو بە سومبلی (ژن، ژیان، ئازادی) بۆ ئێران و تەواوی ئێرانیان و کوردستانیانی راپەڕاند.
د. عەبدولەتیف- سەلەفیش، بۆچی (٢٠) ساڵە خوتبە ئەدات باسی سەلەفیەت ئەکات و دوژمنایەتی عەلمانیەت و دیموکراسی کردۆتە پیشەی هەمیشەی.. بۆچی بۆ بەرگری لە هەق ناتوانێ (١٠٠) کەس بهێنێتە سەر شەقام؟ چونکە سەلەفیەت لە کوردەواریدا بیدعەیە. کەوابێ: جیاوازی ژینا و دکتۆری سەلەفی چییە؟
لەوەڵامدا دەڵێین:
لەبەر ئەوەی ژینا، دژی سەرپۆش سەپاندن و ئازادی مرۆڤ گیانی بەخت کرد.
د. عەبدول لەتیفیش، بۆ سەلەفیەتێك بانگەواز دەکات، کە لە تەواوی دونیادا شکستی خواردووە.. لەپێشەوەدا لە میسڕ و سعودیە. ژینا.. تێگەیشتبوو ئازادی و ژن و ژیان، قسەی ناخی هەموو کوردێك و ئێرانیەکی دیموکراتخوازە. بەڵام لەتیف سەلەفی تێناگات کە سەلەفیەت لە سەردەمی خولەفای ڕاشدینیش نەهاتۆتەدی.
د. عەبدولەتیف.. تێناگات، سەلەفیەت هی سەردەمی کوێرەوەری و دواکەوتن و دوژمنایەتی ئازادییەکانە. ئەم سەلەفیە تێناگات کەوا:
ئازادی لەگەڵ مرۆڤدا لەدایك دەبێ. بەڵام سەلەفیەت، ئازادی مرۆڤ بەناوی خوداوە لە مەلۆتکەوە دەکوژێ. ژینا، بە ژیان بەختکردنی کەرامەتی ژن و کەرامەتی کوردستان و کەرامەتی ئێرانی پاراست، بەڵام د. عەبدولەتیف، نەك ئامادە نییە گیانی لەپێناوی سەلەفیەتدا بەخت بکات.. بەڵکو سەلەفیەتی بۆ ئەوەیە.. بە ڕواڵەت ریشی بەربدات، بەڵام ژێر بە ژێر ژنی کەسانی تر زەوت بکات و کەرامەتی خێزانێك پێشێل بکات.
هەر مرۆڤێك، نرخی ئازادی ژن و پیاوی نەزانی.. کەرامەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.. ئەگەر هەزار جار لافی خوداپەرستی لێبدات.
بەڵام هەر مرۆڤێك بەهای ئازادی زانی، گیانی خۆی لە پێناوی هەمواندا بەخت دەکات.. ئەگەر یەك رۆژیش نوێژی نەکردبێ.
دەیان هەزار مرۆڤ گیانیان لە پێناوی کوردستان و دیموکراسیدا بەخت کرد، سەلەفیش نەبوون.
هەزاران سەلەفیش لە کوردستاندا هەبوون، لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستانیشدا، تاڵێك لە مووی سەلەفیەتیان بۆ کوردایەتی نەجوڵا. یەکێك لەوانە د. عەبدولەتیف سەلەفیە کە ئێستا لە مێرگی ئازادی کوردستاندا.. ریشی ئازادانەی بەرداوە.. کەچی دەیەوێ.. بەناوی خودا و سەلەفیەتەوە، ئازادی لە زۆرینەی خەڵك زەوت بکرێ.