هه‌ڵوێست , وه‌ك به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی ئه‌خلاقی
كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو له وڵاتی (كوێت) , كه له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانیاندان, بابه‌تی (میثاق القیم) مقۆمقۆیه گه‌وره‌ی نایه‌وه . ئه‌و په‌یماننامه‌یه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێ ئیسلامی پۆپۆلیسته‌وه وروژێنراوه و دوای ئه‌وه‌ی له ڕووی سیاسییه‌وه ئیفلاسیان كردووه , ده‌یانه‌وێت خۆیان بكه‌نه خاوه‌نی ئه‌خلاقی وڵات و به‌هات و هاوار و وروژاندنی لایه‌نی سۆزداری ده‌نگی جه‌ماوه‌ر بۆ خۆیان ڕاكێشن و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێ سیاسی گه‌نده‌ڵیش كه متیانداوه تا له‌م گۆمه لێڵه ڕاوی خۆیان بكه‌ن ,ئیمزایان كردووه ,به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشییه كۆمه‌ڵێ ئه‌كادیمی ڕۆشنبیر و ته‌نانه‌ت پیاوی ئاینیی دووربینیش لێیان هاتوونه‌ته ده‌نگ و ڕایانگه‌یاندووه ئازادی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كه‌سی هێڵی سووره و خه‌ڵكی كوێت بێئه‌خلاق نین تا كه‌س خۆی بكات به پۆلیسی ئه‌خلاق به‌سه‌ریانه‌وه .
له‌لایه‌كی تره‌وه و له وڵاتی (ئێران) , پاش ئه‌وه‌ی پۆلیسی ئه‌خلاقی ئێرانی به ناوی به‌دحیجابییه و له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی دووتاڵه‌مووی قژی ,(مهسا امینی)یان گیانیان لێ سه‌نده‌وه , خه‌ڵكی زانیان ئه‌مه كوشتنی ته‌نیا كه‌سێك نییه ,به‌ڵكو ئامانج لێدانی كه‌رامه‌ت و به‌كۆیله‌كردن و زه‌وتكردنی ئازادییه , بۆیه خه‌ڵكی هاتنه سه‌رشه‌قام و تایببه‌تتر خه‌ڵكی ده‌سته‌بژێر هه‌ڵوێستی هه‌بوو...به‌كورتی و به كوردی ئه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌و دوو ڕووداوه‌یه له‌و دوو وڵاته , هه‌ڵوێستی خه‌ڵكێكه ,به تایبه‌تی ده‌سته‌بژێر و ڕۆشنبیران , كه لێدان له ڕای جیاواز وبه‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان هێڵی سووره و نابێت ڕێی پێ بدرێت ,به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه لێره ,هه‌موومان تا ئاگره‌كه خۆمان نه‌سوتێنێ هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ناده‌ین . ئه‌م ئه‌تواره خراپه‌مان ڕێك ئه‌و یاداوه‌رییه ناخۆش و نا ئه‌خلاقییه‌ی سه‌رده‌می هه‌شتاكان و كاتی مناڵی هێنایه‌وه یادم ,كاتێك ئێران تۆپی ئه‌هاویشت بۆ سلێمانی و نه‌ئه‌گه‌یشته ناو شار و هه‌ندێك ده‌یانووت :"هیچ نییه خانووه قوڕه‌كانه "!...
ئه‌و هێزانه‌ی كه ڕای جیاواز و قه‌ڵه‌می ئازاد و ئه‌قڵانییه‌ت و ڕۆشنگه‌رییان پێ قووت ناچێ ,له‌ڕابردوودا درێغییان نه‌كردووه له تیرۆر و ته‌وبه پێكردن و هه‌ڕه‌شه و چاولێسوركردنه‌وه و تۆقاندن و دوا ڕووداوه‌كانیش ده‌ست له ناوده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئاینییه كه ویستییان به نانبڕین ده‌زگایه‌كی ڕۆشنبیری و كلتوری دابخه‌ن كه به میزاجی ئه‌وانی نه ئه‌خوارد و له‌وه‌ش سه‌یرتر تۆمه‌تی ئیلحادیان بۆ داتاشی !
لێگه‌ڕێین له مه‌لابه‌ختیار و ده‌زگاكانی , به‌ڵام ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ئه‌كادیمی و به گشتی ئازادیخوازانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بیریان له ترسناكی په‌یامه‌كانی پشت ئه‌م كاره كردووه‌ته‌وه؟! ,بیریان كردووه‌ته‌وه له تۆرابۆرایه‌ی كه مه‌لا له‌تیف سه‌له‌فی و هاومه‌شره‌به‌كانی كاری بۆ ده‌كه‌ن , وه‌زعیان كو ده‌بێ؟..ئه‌گه‌ر وه‌زع وابڕوات به‌م نزیكانه هه‌رچی كتێب و شیعر و هونه‌ر و ئازادی هه‌یه ڕه‌جم ده‌كرێن و جه‌ڵدیان لێ ده‌درێت...ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێره ده‌بێته تۆرابۆرا ,نه‌ك ته‌نیا مه‌لابه‌ختیاره‌كان و زانكۆ و خوێندنگه‌و ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنی مه‌عریفه ,به‌ڵكو ماڵه‌كانی خواش ده‌ته‌قێنرێنه‌وه ,چونكه جێگای بیدعه‌ن.
ڕاسته هه‌ندێك كه‌سی به‌ربژێر خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوون له كاتی پێشێلكارییه‌كاندا به‌ڵام كه‌م نین ئه‌و به‌ناو ڕۆشنبیر و سیاسی و چالاكوانانه‌ی كه موجامه‌له‌ی هێزی دژه‌ئازادی ده‌كه‌ن , ئیتر له ترسنۆكیان بێت یان له پۆپۆلیستبوونیان. ئه‌وه‌ی ئامانجی ئه‌م نووسینه‌یه , په‌رۆشییه بۆ به‌رگریكردن له ئازادی , نووسین و كۆڕ و كۆبوونه‌وه به داخستن و كوشتن و نانبڕین وه‌ڵام نادرێته‌وه ,به‌ڵكو به نووسین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه كه ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامدا ده‌وڵه‌مه‌ندی مه‌عریفی بۆ هه‌موولا لێ ده‌كه‌وێته‌وه.هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر هه‌ركه‌سێك كه ئازادی لێ ته‌سك ده‌كرێته‌وه , ئه‌ركێكی ئه‌خلاقییه و له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌رامه‌تی كۆی مرۆڤه‌كانه.
نووسینی:شاسوار علی