هەڵدێری تێكەڵاوكردنی هێزی چەكدار و خۆپیشاندان

عێراق 30/08/2022

 

هەڵدێری تێكەڵاوكردنی هێزی چەكدار و خۆپیشاندان
(سەدریەكان نمونەن)
مەلا بەختیار

خەبات، ستراتیژو تاكتیكە. شێوەكانی خەبات، رێگاكانی بەدیهێنانی ستراتیژە، تاكتیكیش، مانۆڕەو هونەری قۆستنەوەی هەلە.. یان پەكخستنی پیلانە.
شۆڕشی چەكداری، راپەڕینی جەماوەری، خۆپیشاندانی فراوان، رێپێوان‌و مانگرتن.. رێبازی جۆراوجۆری گۆڕەپانی خەباتن. باش بەكاربێن ئامانج بەدیدێنن. خراپیش بەكاربێن، شكست دەخۆن!
لەدوای راپەڕینی گەلانی ئێران‌و راپەڕینی فەلەستین، ستراتیژی راپەڕینی بەردەوام، بۆتە ئاڕاستەی سەرەكی سەركەوتنی جەماوەر.
مەرجی سەرەكی راپەڕینی بەردەوام، یان خۆپیشاندانی بەردەوام، تێكەڵاونەكردنێتی بە خەباتی چەكداری. كە تێكەڵاو كرا.. هەڵدەدێرێ‌!
رابەرانی راپەڕینی بەردەوامی ئێران، كە لەناو دەیان ملیۆن هاوڵاتی دژی رژێمێكی بەهێزی نۆكەری ئیمپریالیزم بەرپاكرا، باش باش تێدەگەیشتن، ئەگەر خەباتی چەكداری تێكەڵاوی راپەڕینی گەلان بكەن، رژێمی شا سەركوتیان دەكات.. بۆیە سەرەڕای هەزاران شەهیدو بریندار، هەر نەیانكرد.
دوای ئەوە راپەڕینی فەلەستینیەكان، كە ملیۆنەها فەلەستینی، بە دار و بەرد دەچون بەگژ بەهێزترین حكومەتی عەسكەری-ئەمنی-ئیسرائیل، بەرپاكرا. زۆر لە راپەڕینی گەلانی ئێران درێژتری كێشا.. ئەمانیش وریا بون خەباتی چەكدارییان تێكەڵ بە راپەڕین نەكرد.. هێزی چەكداری ئامادەشیان هەبوو.. بۆیە سەركەوتن.
كوردستان.. بە خەباتی چەكداری شكستی خوارد. بەڵام بە راپەڕین دوای شكستی عێراق لە داگیركردنی كوەیت، هاتە مایە و سەركەوت.
راپەڕینی سوریاو لیبیاو یەمەن، تێكەڵاوی خەباتی چەكداری كران، لە بەدیهێنانی دیموكراسی‌و گۆڕینی سیستەمدا، شكستیان خوارد.
لە مانگی رابوردودا، سەدریەكان خۆپیشاندانی فراوانیان كرد. كاریگەریش بوون. هەڵەی دەستپێكی یەكەمیان ئەوە بوو، پەرلەمانیان داگیر كرد. بەمە، جۆرێك لە شەرعیەتیان دایە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرگریكردن لە داوودەزگاو ئەنجومەنی یاساڕێژی!!
هەڵەی دووەمیان پەلاماردانی دادگای باڵای عێراق بوو.. لەمیاندا، شەرمەزار بوون.
هەڵەی ستراتیژی سێهەمیشیان؛ تێكەڵاوكردنی هێزی چەكدار بوو بە خۆپیشاندان. ئەم هەڵەیە، جگە لە كوشتارەكەی.. خۆپیشاندانەكەشی لەبار بردو پاساوی سەدریەكانی لاواز لاواز كرد. سەرەنجام، بە شەوورۆژێك سەماحەتی موقتەدا لە مەترسیەكان تێگەیشت‌و بەتوندی هاتە سەر هێڵ‌و بڕیاری كشانەوەی هێزی سەرایا سەلامی دا. خۆپیشاندانەكەشی راپێچا.
رابەری قاڵ‌و قوڵبوو.. دەبێ‌ بزانێ‌، ستراتیژ چۆن دیاریدەكات‌و تاكتیكەكانی چەند زیرەكانە هەڵدەبژێرێ‌. چۆن چۆنیش بارودۆخیان بۆ دەڕەخسێنێ‌.
ئێستا ئیتر عێراق، بۆ هەلومەرجێكی سیاسی نوێ‌ وەردەچەرخێ‌.. تاڕادەیەك، كارتە تێكەڵاوەكانی لایەنەكانی یەكاڵا دەبنەوە. نە سەدریەكان چەشنی جاران دەتوانن بڕیار بدەن. نە چوارچێوەی هەماهەنگیش دەتوانێ‌.. بە رقی سیاسی‌و پەرچەكردار و خۆسەپاندن، بڕیار بدات.
هێزە كوردستانیەكانیش.. ئیتر كاتێتی فریای كوردستان‌و دەستور بكەوون.. هەلومەرجە نوێكە لەدەست مەدەن.. ئۆباڵ لە ئەستۆتان.