ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە چی بوون لە ماڵەكەی ترامپدا دەستیان بەسەردا گیرا؟

جیهان 13/08/2022


ئا/ رەمەزان شێخانی
وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی هێزێكی نوسینگەی لێكۆڵنەوەی فیدراڵی "ئێف بی ئای" لەهەڵمەتێكی پشكنیندا لەماڵەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە فلۆریدا دەستیان بەسەر 11 كۆمەڵەی بەڵگەنامەی نهێنیدا گرتوە، كە لەنێو بەڵگەنامەكاندا بەڵگەنامەی زۆر نهێنی هەن.
بەگوێرەی سەرچاوەكە نوێنەرانی داواكاری گشتی گوومانی ئەوە دەكەن ترامپ یاسایی سیخوڕی پێشێل كردبێت.
سەرچاوەكە ئاشكرای كردوە بەپێی فەرمانێكی دادوەری فیدراڵی پشكنینەكە ئەنجامدراوە بۆ ماڵەكەی ترامپ لە مارلاگۆ لە بالم بیچ.
دۆناڵد ترامپ لەپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " ترۆس" بڵاویكردوەتەوە ئەو تۆمارانە باری نهێنیان لەسەر لابراوە و لە گەنجینەیەكی ئەمیندا پارێزراوە.
راشیگەیاندوە، پێویستی نەدەكردپشكنین بۆماڵەكەی بكەن و "ئێف بی ئای " دەیتوانی هەر كاتێك بیان ویستایە ئەو بەڵگەنامانەیان رادەست بكەین نەك بكرێتە گەمەیەكی سیاسی و هەڵكوتنە سەر ماڵەكەی لە مارلاگۆ.
وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە ئێمە كاتێك داواكاری پشكنینی ماڵەكەی ترامپ مان بەرز كردەوە كە لەلایەن "برۆس راینهارت" دادوەری دادگای فیدراڵی رەزامەندی لەسەر درا گومانمان هەبوو ترامپ یاسای سیخوڕی فیدراڵی پێشێلكردبێت كە بەپێی یاساكە قەدەغەیە زانیاری بەرگری نیشتیمانی لای خۆت بپارێزیت یان بیگوازیتەوە.
تەئكیدیشی كردوەتەوە مەترسی ئەوەمان هەیە ترامپ چەندین یاسای دیكەی پێشێل كردبێت سەبارەت بە خراپ مامەڵە كردن لەگەڵ تۆمارە حكومییەكاندا لەوانەش یاسای قەدەغەكردنی هەوڵی شاردنەوە یان لەناوبردنی بەڵگەنامە حكومیەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئەو تۆمارانە نهێنین یا خوود نا.
رۆژی هەینی دۆناڵد ترامپ راپۆرتێكی واشنتۆن پۆستی رەتكردەوە،گوایە ئۆفیسی لێكۆڵنەوەی فیدراڵی بەدوای ئەو بەڵگەنامانەدا گەڕاون لەماڵەكەیدا كە پەیوەندی بە چەكی ئەتۆمیەوە بوە.
ترامپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویكردوەتەوە" پرسی چەكی ئەتۆمی فێڵیەكەو هیچی تر.
رۆژی 8ی ئەم مانگە نوسینگەی "ئێف بی ئای" پشكنینیان بۆ ماڵەكەی ترامپ كرد لە مارلاگۆ لە بالم لە ویلایەتی فلۆریدا و فۆرمێكیان بڵاوكردەوە سەبارەت بەو بەڵگانەی دەستیان بەسەردا گرتوە ،كە ئەوەش بەپەرسەندنێكی گەورە دادەنرێت لەو لێكۆڵینەوە زۆرانەی كە رووبەروی ترامپ بوەتەوە لەماوەی سەرۆكایەتی و كارە تایبەتەكانی خۆیدا.
بەگوێرەی راپۆرتەكان،پشكنەرانی" ئیف بی ئای" دەستیان بەسەر 11 كۆمەڵە بەڵگەنامەدا گرتوەو بۆ 3 جۆر پۆلین كراون لەوانە یەك كۆمەڵیان بە زۆر نهێنی و هەستیار دیاری كراوە 4 كۆمەڵەی زۆر زۆر نهێنی و 6 گۆمەڵەی تری زۆر نهێنین.
هەروەك لیستێك بەناوی ئەو شتانەوە بڵاوكردوەتەوە كە لەماڵەكەی ترامپ دا دەستی بەسەراگیراوە،نوسینگەی فیدراڵی بڵاویكردوەتەوە دەست بەسەر 20 سندوق بەڵگەنامە و ئەلبوومی وێنەو یادداشت دا گیراوە كە بەدەستی خۆی نوسراوە كە فەرمانی كردوە بەزەیی بەرامبەر رۆجر ستۆن هاوپەیمانی ترامپ دا مامەڵە بكەن.
دەزگای "ئێف بی ئای" ئەو یادداشت و بەڵگەنامانەی دیاری كردوە كە پێویستە دەستی بەسەردا بگیرێت ونابێت لەلای سەرۆكی پێشوو بپارێزرێت چونكە پێشیلكردنی یاسای بەرگری نیشتیمانیە.
لێكۆڵەرەوان 33 ماددەیان دەست نیشان كردوەو لەكاتی پشكنیندا دەستیان بەسەردا گرتوە لەوانەش فەرمانی لێخۆشبوون لە "رۆجر ستۆن "هاوپەیمانی ترامپ و چەند زانیاریەك كە پەیوەندی بە ئیمانۆیل ماكرۆن سەرۆكی فەرنساوە هەیە لەگەڵ چەندین ئەلبوومی وێنەو چەند یادداشتێك كە ترامپ نوسیویەتی