لە عێراق شەڕ ڕوو دەدات؟

عێراق 03/08/2022

چاودێر

 

كەناڵی (ئەلحوڕە)ی ئەمەریكی لە زاری ئەحمەد زوبەیدی، شیكەرەوەی سیاسییەوە بڵاوی كردەوە، ململانیی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، كە ئێستا وا دەردەكەوێت لەسەر دیاریكردنی كەسێك بێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵام ئەگەری ئەوەی دروست كردووە، كە لە بنەڕەتدا حكومەتیش پێك نەهێندرێت و ئەگەر شەڕیش ڕوو بدات بە ئاسانی کۆتایی نایەت.

هاوكات جەختی كردووەتەوە كە دۆخی ئێستا بە ڕادەیەكی زۆر گەورە مەترسیدارە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هەریەك لە ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، جەماوەری خۆیان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەگەڵدایە، جگە لەوەی هەردوولا دەیان هەزار چەكداریان هەیە.

ئەو كەناڵە لە زاری شیكەرەوەكەوە هۆشداری داوە لەوەی هەر پێكدادانێكی چەكداری و شەڕێك لە عێراق ڕوو بدات، بە ئاسانی كۆتایی نایەت.

زوبەیدی ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە دیاریكردنی گەورەترین كوتلە، وا دەكات ئەو كوتلەیە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دابنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو كوتلەیەی سەرۆكوەزیرانی بە دەستەوەیە، زۆر بەدەسەڵاتتر بێ، بۆیە لەوە ناچێ هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ململانێكە ئامادەبن سازش بۆ ئەوەی دیكە بكەن.