ئەردۆغان پێش گڵۆپە سەوزەكە، كارتە سوورەكەی بەڕوودا بەرزكرایەوە

ڕاپۆرت پێش 3 هەفتە

چاودێر:

ئەمڕۆ لوتكەی توركیا و روسیا و ئێران لە تاران بەڕێوەدەچێت و بابەتی سەرەكیش پرسی سووریایە، رەجەب تەیب ئەردۆ غان سەرۆكی توركیاش چاوی لەوەیە گلۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان بە دەستبهێنێت، بەڵام پێش لوتكەكە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران كارتی سوری بەرووی ئەردۆغاندا بەرزكردەوە، داوای كرد كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن و پەنا بۆ كردەی سەربازی نەبەن.
ئەمڕۆ دیداری ئەردۆغان لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران و عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی میدیای ئێران، خامنەیی لە دیداری لەگەڵ ئەردۆغان گوتویەتی: پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا زۆر گرنگە‌و هەرجۆرە هێرشێكی سەربازیی بۆسەر باكوری سوریا بە زیانی توركیا‌و سوریا‌و هەموو ناوچەكە تەواو دەبێت‌و سورد بە تیرۆرستان دەگەیەنێت. 

خامنەیی گوتی: ئێمە ئاسایشی توركیا‌و مەرزەكانی بە ئاسایشی خۆمان دەزانین، ئێوەش ئاسایشی سوریا بە ئاسایشی خۆتان بزانن، پرسی سوریا دەبێت بە دانوستان چارەسەر بكرێن‌و ئێران‌و توركیا‌و سوریا‌و روسیا بە گفتوگۆ كۆتایی بەم پرسە بهێنن. 

راشیگەیاند ئێمە هەمیسە لە پرسە ناوخۆییەكان‌و لەبەرامبەر دەستوەردانەكاندا بەرگریمان لە حكومەتی ئێوە كردووە، هەروەك وتتان لەكاتە سەختەكاندا دۆستی یەكترین‌و نزا بۆ میللەتی موسوڵمانی توركیا دەكەین. 
 
لەبەرامبەردا ئەردۆغان گوتی: لە سوریا گروپە كوردییەكان لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا لەوانە ئەڵمانیا‌و بەریتانیا‌و فەرانسا‌و بەتایبەتی ئەمریكا چەكی قورسیان پێدەدرێت.

گوتیشی: هەڵوێستی توركیا سەبارەت بە یەكپارچەیی خاكی سوریا روونە، چاوەڕوانین دەوڵەتی سوریا دەست بە پرۆسەی سیاسی بكات و لە دانیشتنی ئەستانەدا پرسی سوریا بەشێوەیەكی تایبەت لە بەرنامەی كاردایە‌و هیواداریم ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە. 

لای خۆیەوە ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێكدا گوتی: ئامانج لە لوتكەی تاران كەمكردنەوەی پەرەسەندنەكانی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاسانكاری ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لە سووریادایە.

عەبدوڵڵاهیان گوتیشی: ئەم لوتكەیە خوازیارە ئامانجەكانی ئاستانە بچەسپێنێت و بەشێك لە شرۆڤەكارانیش لەوباوەڕەدان رەنگە توركیا بتوانێت گڵۆپی سەوزی رووسیا و ئێران بۆ دەستپێكردنی هێرشەكەی سەر رۆژئاوای كوردستان بە دەستبهێنێت.

لەسەر ئاستی مەیدانیش گرژییەكان بەردەوامن ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ فڕۆكەكانی توركیا پێگەكانی سوپای سوریایان لە حەلەب بۆردومانكرد و دوو ئەندامی سوپای سوریا برینداربوون.
 
هاوكات سوپای سوریا لە رەوانەكردنی هێز بەپێی رێككەوتنی دیمەشق و هەسەدە بەچاودێری روسیا بۆ بەرەكانی جەنگ لەگەڵ توركیا بەردەوامە.

ئەمڕۆ مەحموود حەبیب گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ ئاژانسی نۆڕس پرێس گوتی: هەڕەشەكانی سووپای توركیا هێزەكانی سووریای دیموكراتی ناچاركردووە بكەونە ئامادەباشییەوە.

حەبیب گوتیشی: هێزەكانی سووریای دیموكرات و گرووپە هاوپەیمانەكان لەئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جەنگ لە حاڵی هاتنەناوەوەی سووپای توركیا بۆ ناوچەی نوێ لە باكووری سووریا.

راشیگەیاند هێزە سەربازییەكان ئەركیان پارێزگاری لە ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سووریایە، لەگەڵ رێگری لە هەر هێرشێكی توركیا بۆ ناوچەی نوێ.