راگەیاندنی پارتی: نوری مالکی بە تەنیا ماوەتەوە

عێراق 17/07/2022

کەناڵی k24ی سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە نوری مالکی بە تانیا ماوەتەوە.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتوە: ئەوەی ئێستا بە روونی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەدی دەکرێ، پەرتەوازەیی ناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و بەتەنیامانەوەی نووری مالیکییە. زۆربەی لایەنە شیعەکان پشتی مالیکیان چۆل کردووە، بەڵام دیسانیش ئەو سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێ پرسی پێکهێنانی حکوومەت یەکلا بکاتەوە و هەر بۆیەش لەو هەفتەیدا بڕیارە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ ببێتەوە.
وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە. سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەکەی رادەسپێرێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە:
دوایین زەبر کە بەر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کەوت، هەڵوێستی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بوو.  عامری، کە وەک دووەم هێزی ناو چوارچێوەکە دەناسرێ، رایگەیاند بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقدا ناکات.
پێشتر نووری مالیکی و هادی عامری، دوو ناو بوون کە لە ناو ماڵی شیعە و میدیا عێراقییەکاندا وەک بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، قسەیان لەسەر دەکرا.
هادی عامری رۆژی ٧ی تەمووز، دووپاتی کردەوە، "خۆم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید ناکەم".
دوابەدوای ئەو هەڵوێستەی عامری، هەر یەک لە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، هەڵوێستیان بەرامبەر بە هاوکاری لەگەڵ نووری مالیکی و حکومەتی داهاتوو گۆڕدرا.