مەلا بەختیار: ئەگەر خۆپیشاندانی گەورە دەستپێبكات، ئەگەری شەڕی ئەهلیش دێتە پێشەوە!

کوردستان 23/06/2022


مەلا بەختیار، لەگەڵ لوككاس گەسێر، ئاییندەی عیراق و دوا پێشهات‌و ئاڵنگارییە سیاسییەكان، شرۆڤە دەكەن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (23/6/2022) مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، پێشوازی لە لوككاس گەسێر، باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عیراق كردو، لەگفتوگۆیەكی هەمەلایەنەشدا، هەلومەرجی سیاسی ئێستای عیراق و ئەو ئاڵنگارییانەشیان تاوتوێ‌ كرد، كە سەرەنجامی دۆخی دوای هەڵبژاردنەكان هاتونەتە ئاراوە.
لەدیدارەكەدا، لۆككاس گەسێر، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەدووبارە دیداری بەڕێز مەلا بەختیار و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: تێڕوانینەكانی رابردووی بەڕێز مەلا بەختیار، بەتایبەت سەبارەت بەئۆكرانیا، خوێندنەوەو شرۆڤەیەكی وردو قوڵی سیاسی بوون و وتی:
شرۆڤە و خوێندنەوە دروستەكانت بۆ رووداوەكانی ئۆكراینا و شەڕی رووسیا، بێ‌ زیاد و كەم، وەكو خۆی هاتنەدی، كە ئەمە بۆ ئێمە مایەی سەرسوڕمان و پێزانین بوو.
لۆككاس گەسیر، راشیگەیاند: ئەم سەردانەشم بۆ لای بەڕێزتان، بەهۆی تەواوبوونی ئەركەكەم، دوا سەردان دەبێت، بەڵام دەمەوێ‌ رایبگەیەنم: ئەوەی وایكرد كە بەر لەتەواوبوونی ئەركەكانم ئەم دیدارو سەردانە ئەنجامبدەم، خوێندنەوە قوڵ و ورد و دروستەكانی بەڕێزتان بوو لەدیدارەكەی رابردووماندا، بۆیە بڕیارمدا جارێكی تر بێمەوە سلێمانی و سەردانتان بكەم. چونكە لەدیداری رابردوومانەوە، بەباشی تێگەیشتن كە بەڕێزتان چەند بەقوڵی و وردبینییەوە لەدۆخە جیاوازەكان ‌و هەلومەرجە سیاسییەكان دەڕوانن.
لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، بەسوپاسەوە لەوتەكانی بەڕێز لۆككاس گەسێر، باڵیۆزی سویسرای لەئوردن و عیراق روانی و هاوكات هیوایخواست باڵیۆزی نوێش، لەڕاپەڕاندن و ئەركە دیپلۆماسییەكانیدا سەركەوتوو بێت.
لەدرێژەی دیدارەكەشدا و لەبەشێك لەگقتوگۆكانیدا سەبارەت بە پرسیار و تێڕوانینەكانی باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عیراق، سەبارەت بەهەلومەرجی سیاسی و ئاییندەی عیراق، مەلا بەختیار، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەئێستادا و لەسەر داواكاری (ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی ئۆكراینا)، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیەكە سەبارەت بەتێرۆری نێودەوڵەتی.. راشیگەیاند:
دۆخی عیراق، هێڵ و پاكێجێكی پێكەوە بەستراوە! ئۆرۆپا و سویسراش، بەم هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنەكانی رابردووش، هیچ باوەڕ مەكەن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شتێك هەبێ‌ بناوی دیموكراسی! ئەوەی هەیە تەنها تێستی دیموكراسییەو هێشتا زۆری ماوە، رەنگە (25) ساڵی تری پێویستبێ‌! چونكە دیموكراسیی پرۆسێسێكی درو درێژە، بەهەڵبژاردنێك یان دووان و سیان، نایەتەدی!!
ئەو شەڕانەی ئێستا لەعیراق، یەمەن، سوریا، لیبیا و جەزائیر لەنێوان هێزە ئیسلامییەكان و هێزە مەدەنییەكان هەیە، تێكەڵ بەخەباتی سیاسی دیموكراسی بووە و جیاوازییەكەشی لەگەڵ رۆژئاوا ئەوەیە، كە: لەرۆژئاوا شەڕ لەنێوان فێندەمەندتالیستەكان و هێزە ئەقلانییەكان و فەلسەفییەكان، پێش شۆڕشی دیموكراسی كران و كۆتایهات. ئەمەش زەمینەی بۆ سەركەوتنی شۆڕشی دیموكراسی لەڕووی فكرەوە، ئەقڵەوە، فەلسەفەو كۆمەڵایەتییەوە خۆشكردبوو.
مەلا بەختیار، تەئكیدیشی كردەوە: مەترسیدارترین بابەت بۆ سەر دیموكراسی، تێكەڵكردنی ئەقڵی تائیفییە بەدەسەڵاتی سیاسی. هەروەكو ئێستای عیراق، یەمەن، لیبیا، سوریا و لوبنان و تەنانەت میسریش وایە! وتیشی:
هیچ ئومێدێكم نییە كێشە بنەڕەتییەكانی عیراق، كێشەی نێوان شیعە و سوننە، شیعەو شیعە لەنێوان خۆیاندا، كورد و شیعە و سوننە، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت!
لەبەرئەوەی فاكتەری پاسیفیزم، زۆر زاڵترە بەسەر فاكتەری پۆزەتیزم لەسیاسەتدا. ئەمەش هەڕەشەو مەترسییە بەردەوامەكەیە. بۆیە تەنها چارەسەری كاتی لەعیراقدا بوونی هەیە، نەك چارەسەری بنەڕەتی!
پرسیارەكەش ئەوەیە لەسەر بنەمای ئەم چارەسەرە كاتییە، لەعیراقدا چی روودەدات؟ وەڵامەكەش ئەمەیە:
یەكەم، رۆڵی ئێران زۆر گرنگە! هەموو ئەو پرۆسەیەی لەدوای هەڵبژاردن و لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران گیریخواردووە، لەپشتی پەردە، كاریگەرترین هێز، ئێرانە! ئەمەش وایكردووە، ململانێیەكە بكەوێتە نێوان هێزەكانی پرۆ ئێران و هێزەكانی كەمتر لایەندار یان بیلایەن و كەمێك سەربەخۆترن! لەكاتێكدا ئەو هێزانەی لەگەڵ ئێران نەبوون، زۆرینەی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی حكومەت پێكبهێنن (صەدرییەكان، سوننەكان، پارتییەكان). ئەمەش بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە دیموكراسی نییەو بەزۆرینەو كەمینە نییە! بەڵكو كێ‌ پشتیوانی هەرێمایەتی زۆرترە، ئەو لایەن و هێزانە دەتوانن دوا بڕیار بدەن. بەپێچەوانەی سیستمی دیموكراسییەوەو باشترین نمونەش دۆخی ئێستای ئیسرائیل و كێشەكەیانە لەسەر سەرۆك وەزیران، كە كنێست هەڵوەشێندرایەوەو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیانداوە، پاشان سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێرن و بەو شێوەیەش كۆتایی بەكێشەكەیان دەهێنن. لەبەرامبەردا دۆخی لوبنان هەیە، هەڵبژاردنی كردووە، بەڵام لەسەر سەرۆك وەزیران، چەندین مانگی تریش ناتوانن رێكبكەون! بۆ؟ لەبەرئەوەی حزبوڵڵا ئەگەرچی لە (110) كورسی (13) كورسی هێناوە، بەڵام چونكە هێزی چەكداری هەیە، هەژمونی لەسەر دۆخەكە هەیە!
جەختیشیكردەوە: لەعیراقیشدا بەهەمانشێوە.. لەئێستادا یان دەبێ‌ پارتی و سوننە، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكبكەون، كە ئەم رێككەوتنەش روونادات ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار نەگۆڕێت. بەڵام ئەگەر سەرۆك كۆمار گۆڕا، ئەوا پارتی رێككدەكەوێت، كە پارتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوت، ئەوا سوننەكانیش رێكدەكەون؛ رونیشیكردەوە: هیچ زانیارییەكەم لەسەر گۆڕینی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام بارودۆخەكە وا دەخوێندرێتەوە.
بەپێچەوانەشەوە پرسیار ئەوەیە: ئەگەر پارتی و سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكنەكەون و سەرۆك كۆمار نەگۆڕدرێت، چی روودەدات؟
رایگەیاند: لەم ئەگەرەشدا، خۆپیشاندانی گەورە دەستپێدەكات! هەر كاتێكیش خۆپیشاندان دەستپێكرد، ئەوا ئەگەری شەڕی ئەهلیش دێتە پێشەوە! چونكە (سەرایا سەلام) كە هێزی چەكداری صەدرە، دەگوترێ‌ (100) هەزار چەكداریان هەیە! ئەمەش كۆی تابلۆ گەورەكەیە لەبەرچاوماندا.
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا، سەبارەت بە تەكتیكی كشانەوەی موقتەدا صەدر و كوتلەكەی لەپەرلەمان، مەلا بەختیار رونیكردەوە:
موقتەدا صەدر، بەتەنها كێشەی سیاسی نییە، بەڵكو: كێشەی ململانێ تەقلیدییەكەی مەرجەعیەتی بنەماڵەكەی‌و كۆنترۆڵی وڵاتەكەی هەیە.
دەشزانێت ئەگەر نەیارەكانی، وەكو مالیكی و عامری لاواز و بچوك نەكاتەوە، مەرجەعیەتەكەی دەستناكەوێت و بنەماڵەكەشی سەرناكەوێت. بۆیە هەموو ئەم یارییانەی دەیكات، لەدەوری ستراتیجی بنەماڵەكەیی و چۆنێتی كۆنتڕۆڵكردنی سیستەمی عیراق دەسوڕێتەوە.
ئەگەرچی (73) كورسی پەرلەمانی هێنا، بەڵام كاتێك نەیتوانی دەسەڵات كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە نەیویست لەناو دەسەڵاتێكی گەورەدا بەتەنیا هێزێك بێت! هەر ئەمەش وایكرد پاشەكشە بكات‌و بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی هەموو شەقامی سیاسی بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیی‌و جەختیشیكردەوە:
خوێندنەوەم وایە ماوەیەك ئارامی دەبینم، بەڵام ئەمە ئارامی پێش زریانە!