عێراق لێپرسینەوە لەو کۆمپانیا نەوتییانە دەکات کە لەگەڵ هەرێم کار دەکەن

عێراق 03/06/2022

چاودێر

 

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو كۆمپانیایانە دەگرێتەبەر، كە لە هەرێم لە بواری نەوت و وزەدا كار دەكەن و دەبێت هەفتەی داهاتوو بچنە بەردەم دادگای بازرگانیی عێراق.


پێگەی “ئۆیل ڕیپۆرت” بڵاویكردووەتەوە، وەزارەتی نەوت و حكومەتی عێراق دەستدەكەن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی، كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەوەش وەك یەكێك لە هەنگاوەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵيی عێراق.


ئاماژە بەوەشكراوە، پێشتر لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نامەیان ئاڕاستەكراوە سەبارەت بە هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق و شێوازی مامەڵەكردنیان، كە دەبێت پابەندی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی بن.


ئەوەش خراوەتەڕوو: ڕۆژى یەکشەممەی داهاتوو لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بچنە بەردەم دادگای بازرگانیی عێراق.