حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق دەتوانێت چی بکات و چ دەسەڵاتێکی هەیە؟

عێراق 15/05/2022

چاودێر


دادگای باڵای فیدراڵی كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراق، دەڵێ حكومەتی ئێستای كازمی كە كاربەڕێكەرە بۆی نییە پڕۆژەیاسا پێشكەش بكات یاخود قەرز بكات‌ یاخود خەڵك لە پۆستی باڵا دابنێت.


بەرهەم ساڵح،  سەرۆككۆماری عێراق لەسەر داوای ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان، نوسراوێكی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە.
لەم نوسراوەدا، سەرۆك كۆمار داوا دەكات دادگا لێكدانەوە بۆ دەستەواژەی "حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە" بكات كە لە ماددەی (64/دووەم)ی دەستوردا هاتووە.
دادگا وەڵامی سەرۆك كۆماری داوەتەوە‌و دەڵێ، حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە بەو حكومەتە دەوترێت كە لە حكومەتێكی سروشتییەوە بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە گۆڕاوە بۆ حكومەتێك كە دەسەڵاتەكانی سنوردار بێت، ئەمەش لە دوو حاڵەتدا پێكدێت:
یەكەم: وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران تا كاتی دروستكردنی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ، بەگوێرەی ماددەی (61/ هەشتەم)ی دەستور.
دووەم: لە حاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بەگوێرەی ئەوەی لەماددەی (64/یەكەم)ی دەستوردا هاتووە.
دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێ لەم دوو حاڵەتەدا حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت‌و دەبێت بە "حكومەتی كاربەڕێكەر".
لەبارەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانەوە، دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەكات، ئەم حكومەتە بڕیارو رێوشوێن دەگرێتەبەر كە بۆ بەردەوامیدانن بە كاروباری دامەزراوە گشتییەكان‌و بەردەوامیدان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، ئەمە ئەو بڕیارانە ناگرێتەوە:
ئەو بڕیارانەی كە هۆكارو پاڵنەری سیاسییان هەیە‌و كاریگەری گەورەیان لەسەر ئایندەی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی عێراق هەیە.
پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا.
قەرزكردن.
دانان‌و لابردن لە پۆستە باڵاكانی دەوڵەت.
داڕشتنەوەی پەیكەری وەزارەت‌و فەرمانگەكان.
ماوەی حەوت مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراق تێپەڕیوە، هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، ئەنجامی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەكانی عێراقی بە جیاوازی پێكهاتەكانیانەوە دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەدا، حكومەتی ئێستای عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات حكومەتێكی كاربەڕێكەرە، چونكە ئەو پەرلەمانەی كە ئەم حكومەتەی هەڵبژاردووە هەڵوەشاوەتەوە‌و ئێستا خولێكی نوێی پەرلەمان لەسەر كارە.
درێژەدان بە تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر لەم قۆناغەدا جێبەجێكردنی تەواوەتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان دوادەخات یاخود هەندێك هێواشی دەكاتەوە.