تێگەیشتن و پێگەیشتن، یان ھەردووکی؟

ژن 07/05/2022

کوێستان محەمەد

دوو دەستەواژەن، دوو بنەمای جیاوازی هەیە لە پێشینە و لێکەوتەوە بەرکەوتەیدا، تێگەیشتن لەگەڵ ھاتنە بوونی مرۆڤەوەیە، پێگەیشتن لەگەڵ ژیانکردن و ئەزموونی جۆرێتی ژیانکردنە بەگوێرەی ژینگە و کۆمەڵگە و ویست و ئامانج و ژیانبینی ویستراو و نەویستراوی خودی مرۆڤەوە.
 تێگەیشتن:
مرۆڤ بە خۆڕسکی، کەدێتە ناو بازنەی ژیانەوە بە پرسیارە ورد و سەرسورھێنەرەکانی منداڵییەوە، بە ڕامان و لێگەڕینی، بە ڕۆچوون بەناو بابەتەکاندا بەبێ ھیچ ئەزموون و زاناییەکدا دەردەکەوێ تێگەیشتووە،تەنانەت ھەندێ پرسیاری سادەی منداڵێکی ٦-٧ ساڵە وا دەکات گەورەکان سڕبن و لەبری وەڵامدانەوە، خۆیان سەرگەران دەبن بۆ دەستکەوتنی وەڵامی پرسیارەکە بۆ خودی خۆیان، لێرەدا دەردەکەوێ مرۆڤێکی تێگەیشتوو و بەئاگا پرسیاری لەمرۆڤێکی بەتەمەن کردووە، بەھۆی ئەوەی مرۆڤە بەتەمەنەکە ئاستی تێگەیشتنی لاوازە و تەمەنی ژیانکردنی ڕاگوزەر بووە، وەڵامی دروستی لە ھەگبە و تورەگەدا نیە.

پێگەیشتن:
بەگوێرەی ژیانکردن و ڕۆچوونە کون و کەلەبەرەکانی ژیانەوە مرۆڤ پێدەگات، بەشێوەیەک بۆ ھەر دۆخ و پرس و بابەت و رامانێک را و سەرنجی خۆی ھەیە، روونتر بڵێین بۆ ھەر پرسیارێک لە ژیان دەیکا وەڵامێک دەخاتە ھەگبە و تورەگەکەیەوە.
 
مرۆڤە ئازاکانی ژیان، کە مەرجە روحیەتی یاخی بوونی تێدابێت، لە قۆناغی تێگەیشتنەوە گورج و گۆڵانە ھەنگاو بەرەو تێگەیشتن دەنێت، سەرەرای قورسی و سەختییەکان و کۆسپە مرۆڤییەکان وەک داب و نەریت و کۆتە دینی و یاسا سەپێندراوەکان، بێوچان بە تێگەیشتنەوە دەگاتە ئاستی پێگەیشتن.

 لەنێوان تێگەیشتن و پێگەیشتندا فەلسەفە خاڵی گرینگ و کاریگەرە، مرۆڤی باڵا تێگەیشت و پێگەیشتووە، تاکی کوردی لە قۆناغی تێگەیشتندایە، رووکەشانە دەروانێتە ھەموو جوڵە و پرس و بابەتەکانی ژیانی رۆژانە و دەورووبەری ھەر بۆیە ھەڵسەنگاندن و لێگەرانی زۆر کەمە، ئەمەش بەھۆی تەمبەڵی بیری تاکەوەیە.

دواجار ئەوەی سودمەندە لە تێگەیشتن و پێگەیشتن ژینگە و کۆمەڵگە و تاکەکانن بەسەر یەکەوە نەک تاکە کەس، چونکە ئەنجامی تێگەیشتن و پێگەیشتن دەچێتە خزمەتی ھەمووانە، وە دەشێ زۆربەی کات پێگەشتوان، مرۆڤە باڵاکان باجی ماندوو کردنی ماسولکەی زانایی و بە ئاگاھاتنەوەیان بە قورسی بدەن و نامۆبن بە دەورووبەر.