فەریبا محەمەدی: پرسی ژن لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تەواوەتی لە پەراوێزدا بووە

ژن 23/04/2022


چاودێر
فەریبا محەمەدی، نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان ڕایدەگەیەنێت، لە بارودۆخی ئاڵۆز و شەڕدا و بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، پرسی ژن لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پەراوێز خراوە.
لە کۆڕێکدا کە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بۆ فەریبا محەمەدی، چالاکوان و نووسەر لەژێر ناونیشانی "ژنان لەکوێی گوتاری فیکریدان"، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕێکی خستبوو، ئاشکرای کرد: ژنان بە شێوەیەدوورمەودا بەشداریی فیکرییان نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ژنان لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە و نەیانهێشتووە بیر بکاتەوە و لە ماڵەوە قەتیسیان کردووە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، ژنان ڕۆڵیان هەبووە لە بزووتنەوەی کوردیدا، بەڵام نەیتوانیوە بڕیاردەری ڕاستەوخۆ بێت.
وتیشی: "ژن و پیاو جیاوازییان نییە و توانای عەقڵ و بیرکردنەوەیان یەک شتە. بەڵام هۆکاری تر هەیە کە ژنان کەمتر لە پیاوان بەشداریی فیکرییان کردووە و دەبینین لە ڕۆژئاوا دەرفەت و زەمینە باشتر بووە ژنان باشتر بەرەوپێشچوونی فیکرییان هەبووە."
ئەو پێی وا بوو، فیکر و ئایین هۆکار بووە کە ژن لە ماڵەوە قەتیس بکات و هەمیشە بیکات بە خزمەتکاری هاوسەر و منداڵ و قەتیسبوونی لە دایکایەتیدا، هەوروەها جەختی لەوە کردەوە لە پەروەردەشدا بە هەمان شێوەیە.
سەبارەت بە ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕۆڵیان لە پرسی فیکرد، فەریبا محەمەدی وتی: "ڕێکخراوەکان بەتاڵن لە فیکر و لەو ڕووەوە کاریگەرییان نییە، چونکە ئەوان بەڕاستی خەمی تریان هەبووە، خەمی پاراستنی ژنان و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ئابوورییان."
بە پێوستیشی زانی، ژنانی کورد فیکری فیمینیستی لەگەڵ پرسە نەتەوەییەکەدا ئاشت بکەنەوە و پێشی وا بوو، دەبێت ژنی کورد خۆی خۆی پێناسە بکات و لەو پێناسەیە خۆی ڕزگار بکات کە لە دەرەوەی خۆیەوە بۆی دەکرێت.