هەڵوێستی فێمێنیزمی رۆشنگەری بۆ دۆخی ئێستای ژن لە کوردستان

ژن 13/02/2022

سیستەمی کۆمەڵایەتی بیری کۆمەڵە، هەموو چالاکییەکی کۆمەڵ لە ژێر کاریگەری بیری کۆمەڵدایە. خۆشویستن، کارکردن، جنێوو گەشەکردن؛ هەرچی لەژیاندا بێت لەناو بیری کۆمەڵدا کۆدەبێتەوە، مرۆڤەکانیش لە منداڵییەوە تا گەورەبوونیان لەناو ئەو سیستمەدا فۆرم و شێوەی بیری تاکایەتییان دروستدەبێت.

بیری کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواری لە ئێستادا بە چەندین هۆکاری وەک ئاین، دابونەریت، داگیرکاری...هتد، بیرێکی دژە ژنە. لە دوایین ئەو رووداوانەی ژن کوشتن لە  چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان، ئێمە دەخەنە دۆخێکی بەرپرسیارانەو تێرامان لەم سەردەمەی تێیدا دەژین، لەگەڵ سەرجەم گۆرانکارییەکانی لە جیهان و ناوچەکەدا لەبواری پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو دۆزینەوە زانستییەکان لە ئاستی جیهان و گەشەکردن و زیادبوونی ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەی زانکۆ و پەیمانگاکاندا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، رۆژانە ژن دەکوژرێت لەبەر ژن بوونیان.

ئایا ناوەندەکانی خوێندن و فەلسەفەی پەروەردەی ئەم هەرێمە، ژن کوژی بەرهەم دێنێتەوە؟ کچە خوێندکارێک لە وانەکانیدا نمرەی باش بەدەست ناهێنێ خۆی دەکوژێ، دایکێک جەرگ سوتاو دەبێت و گریان و ناڵەی  دەکەن بە کەرەستەی لایک و کۆمێنتی سۆشیال میدیاکان، ژنێک لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە و دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە، مرۆڤێک رەگەزی خۆی دەگۆرێ بە ژن لەلایەن ئەو فکرەی خۆی بە خاوەنی هەست و جەستەو کەسایەتی ژن دەزانێت، جا برایە یان باوکە یان مێرد بەبێ جیاوازی دەکوژرێت.

ئەم دۆخە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ ئەم پرسیارە ئاراستەی سەرجەم کۆمەڵ و تاک بەتاکی مرۆڤەکان دەکەین، بەبێ جیاوازی رەگەز، چونکە بڕوامان وایە ئەم بیرە و ژینگە کۆمەڵایەتییەی تیایدا دەژین و منداڵەکانمانی پێپەروەوەردە دەکەین دروست نییەو دژ بە ژن و پیاوە، ئەو پیاوەی خۆی بە خاوەنی ژن دەزانێت و ژن دەکوژێت، قوربانیی ناو ئەو پەروەردە و بیرەکۆمەڵایەتییەیە،  کە ژن بە شەرەف و نامووسی پیاو دەزانێت،  هەر ئەم هەڵە تێگەیشتنەش پیاوان دەکات بە دڕندەو ژن کوژ .

فێمێنیزمی رۆشنگەری ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتنێک دەکات. گۆڕینی ئەم دۆخەش لە هۆشیاری ژناندا دەبینێتەوە، کە بەرپرسیارانە بەرامبەر بە سیستەمێکی بیری کۆمەڵایەتی ناسروشتی یەکبگرن و تێبکۆشن لە پێناو گۆڕانکاریەکی ریشەییدا.

 فێمێنیزمی رۆشنگەری

١٣/٢/٢٠٢٢