كەریم دەشتی و چاپی سێیەمی كۆ بەرهەمە شیعرییەكەی
خەسرەو میراودەلی
بۆ جاری سێیەم و لە لایەن خانەی موكریانەوە و لەمساڵدا (2021)، كۆ بەرهەمە شیعرییەكەی كەریم دەشتی، لە سێ بەرگی گەورەی جواندا، چاپ و بڵاوكرانەوە.
كەریم دەشتی یەكێكە لە شاعیرە باش و دیارەكان، لە ساڵی هەشتاوە بەرهەمەكانی بڵاودەكاتەوە، بە پشوویەكی درێژەوە تائێستا هەر بەردەوامە لە نوسین و بەرهەم، واتە بۆتە خاوەنی ئەزموونی پتر لە چل ساڵ.
لە خاڵە جیاكەرەوە دیارەكانی ئەزموونی تایبەتی ئەم شاعیرەمان، كورتبڕی و، نوسینی دەقی كوت و چڕ و پوختە، كە بەداخەوە ئەم دیاردە گرنگە شیعرییە لای ئێمە كەمتر بەرچاو دەكەوێت، بەڵكو زۆربەی شاعیرەكانمان، تەنانەت لاوە تازە ئەزمونەكانیشمان، لە هەوڵی نوسینی شیعری درێژ و، هەندێكجار هەر لەسەرەتاوە لە خەمی داهێنانی قەسیدەی درێژدان! لێرەشەوەیە كە ئێمە زۆرجار بەر ئەو دەقانە دەكەوین كە چەندین لاپەڕەی گەورەیان داگیر كردوە و، سەرەنجامیش هیچمان پێشكەش ناكەن و بەدەستی بەتاڵ (و رۆحی خاڵیی)یەوە دەگەڕێنەوە! ئەم بابەت بەو بابەت دەسپێرێت و، ئەم وێنەیە دەداتە پاڵ ئەوی دیكەیان، لە كۆتاییشدا هەرچەند دەكەین ناگەین بە شیعر!!
تایبەتمەندییەكی دیكەی دەقەكانی كەریم دەشتی، هەڵوەستە كردنە لەسەر بابەتە ئیستاتیكیەكان، لەسەر دۆخ و دیاردە سروشتی و مرۆیی و دەرونییە تایبەتە هونەرییەكان.
واتە (دەشتی) بەردەوام خۆی لەو بابەتانە بەدوور گرتووە كە كەمتر بۆ كەرەستەی شیعر و هونەر دەشێت، بەڵكو رووی لەو بابەتانە كردووە كە لەخودی خۆیاندا هونەریین.
مەبەست ئەوەیە كەمتر رووی لەو بابەتە سیاسی و كۆمەڵایەتییانە كردووە كە بۆ وتار زیاتر دەگونجێن نەك بۆ بەرهەمهێنانی هونەر.
پێویستە ئەوەش بە بیر خوێنەری ئازیز بهێنینەوە كە ئەم شاعیرەمان تەنیا خاوەنی دەقی شیعریی نییە، بەڵكو لە پاڵ شاعیرێتیەكەیدا، كۆمەڵە چیرۆك و رۆمانیشی نوسیوە و، لە وەرگێڕانیشدا جێدەستی دیارە.
هەندێك لە بەرهەمە شیعریەكانیشی بۆ زمانەكانی (عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی، فارسی) وەرگێڕدراون.
چەند نموویەك لە شیعرەكانی:-
سەرەتا هەورێكی سپیی بوو
لە سینەی ساماڵێكی زیویین
بایی هات رایماڵی
چی نهێنی هەبوو لە بەریا دایماڵی
ئێستێكەش دڵۆپەی بارانی
لە شوێنێ هەڵناكا
دەیەوی پیریی خۆی جێهێڵێ و
بچێتەوە ئاسمانی جارانی
بەرگی یەكەم، ل 295
"ئێمە یەك قومە ئاوی ئەوینمان خواردەوە
یەك دەریا فرمێسكمان هەڵڕشت
بەرگی یەكەم، ل 398
"ئەوەندە چووە ناو دڵی تۆ خودایە
تا نەمام
ئەمێستا كە نیم، تۆم
كە تۆشم، نیم
من خۆشم نازانم، ئەمێستا ئەمن چیم؟" ل 454
"ئەی نادیار
بۆ یەك ساتێ بەدیار كەوە
من بۆ ئەبەد ئاوا دەبم ل 454
شیعر
كە گەڵاكان لێم تووڕەبوون
چوومە لای باغ ئاشت بووینەوە
كە ئاوەكان جێیان هێشتم
كەنار بوو دڵیان دامەوە
كە شیعر دەرگای لـێ داخستم
هەموو لایەك خۆڵەمێشیان نایە مشتم
بەرگی دووەم، ل 481
زۆری ماوە
هێشتا لووتكەی گەلـێ مانای بەرز ماوە
شیعر پەی بێ نەبردووە
هێشتا رێگەی زۆر تاریك و نووتەك ماوە
هەنگاو رێ پێ نەبردووە
دێوی زۆر كوشندە ماوە
رێگەی ئاوی لە عاشقاندا گرتووە
زۆر باغ ماوە گوڵی ئازادی لـێ بچنین
زۆر بێستانی شیعر ماوە
تا چاویدانیی تیا بڕنین
بەرگی سێیەم، ل 407.