بافڵ تاڵەبانی: یەکێتیمان لە هەڵدێر پاراست

کوردستان 31/07/2021

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.
ھەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانییان کردەوە بە ئاڕاستەی لێکنزیکردنەوەی زیاتر و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی. ھاوڕابوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو ھەموو لایەنەکانی کورد لەچوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لەبەغدا پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیەننە عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، رێڕەوی حیزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی رێکخراوەییە و درێژە بە ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێنەوە. بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ ھەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین لەپێناو کوردستانێکی بەھێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی. بەم ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان لە ھەڵدێر پاراست.