سەرۆكی گەورەترین پارتی سیاسی بایكۆتی هەڵبژاردنی راگەیاند

عێراق 15/07/2021

چاودێر:
ئەمڕۆ  پێنجشەممە، موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر، بایكۆت كردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند.
ناوبراو، سەرۆكی گەورەترین و كاریگەرترین پارتی شیعیە لەهەڵبژاردنەكانی عیراق و بەكشانەوەی پێشهای نوێی سياسى لەعێراق هێنایە ئاراوە.
لەپەیامێكدا سەدر، رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین و خۆمان لەحكومەتی عێراق بێبەری دەكەین.
روونیشیكردەوە، " پێتان رادەگەیەنم، بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا ناكەم، نیشتمان لەهەموو شتێك گرنگترە. دەست دەكێشمەوە لەهەموو ئەوانەی سەر بەو حكومەتەن، حكومەتی ئێستا و داهاتوو، هەمووان و ئەوانەشی كەمتەرخەمن، یاخود دەستیان لەگەندەڵییە، هەموو لەژێر لێپرسینەوەدان.

دووپاتیكردەوە، هەمووان لەژێر لێپرسینەوەدان و وەزیرەكانی سەر بە رەوتەكەم لەكابینەی مستەفا كازمی، كشاندەوە.
روونیكردەوە، "خۆم بێبەریی دەكەم لەوانەی لەحكومەتی ئێستای عێراق و كابینەی داهاتوون، چونكە هەموویان گەندەڵكارن".
ئەوەشی خستەڕوو، " من خۆم لەبەرپرسیاریەتی نادزمەوە، بەڵام دەزانم پیلانێك لەئارادایە، بۆ زەلیل كردنی عێراقییەكان. نابێ دۆخی عێراق وەك سووریا و ئەفغانستانی لێ بێت".
سەدر، راشیگەیاند: بەداخەوە هەموو شتێكی جوان لەعێراق سەندراوەتەوە و وێرانكاری ماوەتەوە، پڕ بووە لەداگیركار و گەندەڵكار، هەموویان لەسەر بەرژەوەندی كەسی رێككەوتوون، هەموویان پارە و دەسەڵات و چەكیان دەوێت".
دانا شەهید جەزا، پەرلەمنتاری كورد لەبەغدا، رایگەیاند، كشانەوەی گەورەترین و كاریگەرترین پارتی شیعی لەهەڵبژاردنەكانی عیراق، كە سەدرە ئایندەی عیراق بەرەو نادیاريی دەبات.
پێشیوایە: بڕیارەكەی سەدر، لەم كاتەدا وەك بۆمبێك بەغدای هەژاندووە، چونكە هەڵبژاردن بەبێ سەدر مەحاڵە.
بڕیارە لە10ی تشرینی یەكەمی داهاتووى ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و لەئێستاشدا، لەزۆربەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بانگەشە دەستیپێكردووە.