چیرۆکی ئەو کچەی بەبێ ئاگایی لەکوردستان لەشفرۆشی پێکراوە

کۆمەڵایەتی 14/04/2021

چاودێر:

د. دیلمان ئازاد خۆشناو پسپۆری پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکی چیرۆکی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ باسدەکات، کە لەیانەیەکی شەوانە کاری لەشفرۆشی پێکراوە، کە بەم جۆرەی خوارەوەیە:

 

پۆلیس کچێکیان هێنا بۆ پزیشکی دادوەری، تا پشکنینی کچێنی بۆ بکەین، چونکە لە یانەیەکی شەوانە کاریکردووە کە پۆلیسی لێ ئاگادارکرابووەوە کە کاری سێکسفرۆشی تێدا دەکرێت!

کچەکە چیرۆکی ژیانی خۆی بەمجۆرە بۆم باسکرد:

"من تەمەنم ١٥ ساڵە، دایک و باوکم بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەیەکتر جیابوونەوە و هەریەکەیان بەرپرسیارێتیی ژیانی خۆی هەڵگرت و کەسیان منیان لە خۆ نەگرت"
ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوڕێیەکی کچەکە وەکو فریادڕەس خۆی پیشاندەدات و دەڵێ ڕیگەچارەیەکم بۆت هەیە.

"وتی وەرە لەو یانەی شەوانەیە کار بکە کە منی لێم، کێشەی جێگە و ڕێگەی مانەوەت نامێنێ و مووچەیەکی باشیش وەردەگریت!" کچە هەڵخەڵەتێنراوەکە وای وت!

ئێستا دەرکەوتووە شەوانە خاوەنی یانەی شەوانەکە ئەم کچەی بە دەرمان بێهۆشکردووە و کاری سێکسفرۆشی پێکردووە، لەکاتێکدا ئەم کچە تەمەنی یاسایی پێگەیشتوویی تەواو نەکردووە و تەمەنی خوار هەژدە ساڵە!

کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لەڕووی یاساییەوە، ئەگەر خۆیشیان رازی بە پەیوەندی سێکسی بن ئەوە هەر بە دەست درێژی سێکسی لەقەڵەم دەدرێت و تاوانە، چ جای ئەوەی بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری خۆیان و بە بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر!

لێرەدا کۆمەڵگە و خێزان دەبێ بزانن هەڵوەشانەوەی خێزانێک چ کارەساتێک دێنێت بۆ منداڵ و نەوجەوانانی ئەو خێزانانە و لەوانەیە ژیانیان وێران بکات.

هەروەها هاوڕێی بەدخو دەتوانێت ئاییندەی منداڵ و نەوجەوان بەو شێوە کارەسات ئامێزە تێکبدات و پەلکێشی بکات بۆ کاری نەشیاو.

بازرگانانی سێکسفرۆشی و لەشفرۆشیش سڵناکانەوە لە فرۆشتنی هەست و جەستەی تەنانەت منداڵ و هەرزەکارانیش بۆ پەیداکردنی پارەی زیاتر!

جێی خۆیەتی کۆمەڵناس و دەروونناسان بە جددی ئەم حاڵەتانە وەربگرن و رێنمایی دەزگا تایبەتمەندەکان و خێزان و تاکەکان بکەن تاوەکو ئەم حاڵەتانە نەبنە چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە، چونکە دەکرێ هەر ئەم منداڵ و نەوجەوانانە باش ئاراستە بکرێن و تاکی بەسوودیان لێ دەربچێت بۆ خێزان و کۆمەڵگە و نیشتیمان.