وەفدی هەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە

عێراق 28/03/2021


ئەمرۆ یەكشەممە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسیەكانی نێو پەرلەمان و وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمان لە دەرەوەی بینای پەرلەمانی عیراق كۆبونەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بەو خاڵانەی ناكۆكیان لەسەرە بە ئامانجی یەكلایكردنەوەو چارەسەركردنی ناكۆكیەكان ، تا لە دانیشتنی ئێوارەی ئەمرۆدا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021 بدرێت. 
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی نێو پەرلەمان كۆبونەوەكە لە تەلاری میوانداری ئەنجومەنی وەزیران سازكراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كۆبونەوەیەكی دیكە لە بینای پەرلەمانی عیراق دەبەسترێت لەنێوان لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسیەكان بە ئامانجی یەكلایكردنەوەی هەڵوێستی فراكسیۆنەكان بەر لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە.
لەلایەكی دیكەوە دەستەی سەرۆكایەتی لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە گفتوگۆكانی نێوان فراكسیۆن و هێزە سیاسیەكان لەگەڵ حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەردەوام دەبێت سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجە.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بریاری داوە لەكاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمرۆ پەرلەمانی عیراق كۆبێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە.