لەسەر فیلمی (شمشێری بیابان)، رێباز محەمەد-ی دەرهێنەر هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكرێ

کوردستان 17/03/2019



بابان  – چاودێر نیوز:

كورتە فیلمی (شمشێری بیابان)، كە رێباز محەمەد كاری دەرهێنان و نووسینی سیناریۆكەی بۆ ئەنجامداوە، كورتە فیلمێكە لەسەر مێژووی فتوحات و هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بە ئیسلامكردنی ناوچەكە بە زەبری شمشێر.
ئەم كورتە فیلمە تەواو بووە، بەڵام  سیناریست و دەرهێنەرەكەی بە (چاودێر نیوز)ی رادەگەیەنێت  " تەنها ترەیلەری فیلمەكەمان  لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوكردۆتەوە، بە بڵاو كردنەوەی ترەیلەری كورتە فیلمەكە، چەندین هەرەشەی كوشتنمان لەلایەن كەسانی نەناسراوە لێكراوە.
رێباز محەمەد دەشڵێت: ئەو هەرەشەو گوڕەشانە لەم بەرهەمە ساردم ناكاتەوە، بەم زوانەش ئەو بەرهەمە دەخرێتە بەردیدی بینەران و رەخنەگران و سینەما كارو سینەما دۆستان.
دەشڵێت: ئەم فیلمە گێڕانەوەی  بەشێك و مێژوویەكی ئەم ناوچەیەیە، ئەگەر بەڵگە مێژوویەكان و لاپەڕەكانی مێژووش تاو توێ بكەین، بەركەوتەی هەمان واقع و حاڵ دەبیت، لەم فیلمەدا هەوڵی ئەوە دراوە ئەو بەركەوتە مێژووییە بخرێتە بەر دید.
كورتە فیلمی (شمشێری بیابان)، بەیەكەمین كاری سینەمایی دادەنرێت لەسەر مێژووی هاتنی ئاینی ئیسلام بۆ ناوچەكانی كوردستان و زاڵكردنی زەبری شمشێر بۆ ئیسلامبوون.
لەم كورتە فیلمەدا هەر یەكە لە رێباز محەمەد و پێشەوا ناصح و چۆمان دڵشاد وەك ئەكتەر بەشدارن و زانیار فەتاح-یش كاری وێنەگرتنی ئەم كورتە فیلمەی ئەنجامداوە و بڕیارە لەماوەیەكی زوودا ئەم فیلمە نمایش بكرێت.