تەڕبوونی تاریكی
سامی هادی، یەکێکە لە شاعیرانی کورد، ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر لە دایک بووە. “ئایینی گیاکان”، “زەنگێ لە کەناری بێهوودەیییەوە” و “بەلەمی نادیار” سێ کتێبی شیعریی ئەون. هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کۆمەڵێک لە شیعرەکانی کردووە بە عەرەبی و بە ناوی “لا منزل یشبیە البحر” لە بیرووت چاپ و بڵاو بووەتەوە. لێرەدا سێزدە کورتەشیعری ئەو دەخوێننەوە، کە لە نێوان ژیان، مەرگ، مۆسیقا و ئەویندا دەخولێنەوە و وێنەیەکی شیعری درووست دەکەن، کە ڕوون، هەستپێکراو و واتادارە.
تەڕبوونی تاریكی
سامی هادی
١
ژماردنەوەی سێوەكان
یان بە دیوێكی تر
خواردنی سێوەكان
هیچ مانایەك نابەخشێتە
ئەو جەستەیەی بە ڕووتی
لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا
دەبێت بە باڵندە
٢
ئەو سەیرم دەكات
من نابینێ، باران دەبینێ
پەنجەكانی پڕە لە فێنكایی
من نابینێ دارستان دەبینێ
ئیتر ئەو هەموو چرایە بۆ داگیرساوە
من دەبینێ و چرا نابینێ
٣
ژیان لە دوو لاوە لەتی كردووم
یەكیان وەرزەكان دەیبات و
ئەوی تریش
نۆتەی پیانۆیەكی پیر كۆی دەكاتەوە
٤
پەیوەندیم بە تاریكییەوە
نە چرایە
نە مۆمێكی كوژاوەی ژێر بارانە
پەیوەندی ئەو نیگەرانییە بوو
هەمیشە دەمویست،
تەنیا لەناو تەڕبوونی تاریكیدا
جەستەم بدەم بەو ژنەی
یەك جار ڕەشبوونی ماچ كرد.
٥
بیرت دێ
لە یەكەم بارانبارینی پاییزدا
بێگومانم شەو بوو
تۆ جگەرەت داگیرساند و
منیش بە ئارامی سەیری پێكی عەرەقم دەكرد
بیرت دێ
گوتت، تكایە ماچەكان مەكە بە فرمێسك و
دوای خۆشت تەنیا دەرگاكە دابخە و
هیچی تر.
٦
شتێ وەكوو پاییز
بۆنی هات و
مەرگیش،
پێچەوانەی هەموو تاریكییەكان
بۆ گۆڕستانی زیندووەكان گریا
٧
ئیتر بڵێم چی ئەی بەختەوەری
دە ئامێزی مێینەبوونتم بۆ بكەرەوە
***
هێندەی بووم بە خەون
ئیتر نەمتوانی چیتر
ژیان كۆ بكەمەوە
٨
مانگتان دیوە
گوێ لە ڤیڤاڵدی بگرێت،
ئەی ئەو هەموو ڕەنگەی بە چی كرد
بە كۆلارە و
ئەو هەموو جوانییەی چۆن
بەخشییە شەو
٩
بیرم دێت
بڕوا بكە بیرم دێت
هێندە بە نهێنی و شەرمەوە گوتم
تۆ تەڕتری یان باران
تۆ پڕوەرزتری
یان شۆڕەبی
بیرم دێت
پڕ غوربەتی ڕیشۆڵەكان
بیرم دێت
وەك كزیی چرایەكی بەساڵاچوو
گوتم بەڵێ
گوتم
خۆشم دەوێیت.
١٠
دایكم بوو گوتی
باوكت وەك شەو بێدەنگ بێدەنگ
ماچ و گۆرانیی لێك جیا دەكردەوە
هەموو ئێوارەیەك حەزی دەكرد
خۆی چراكە داگیرسێنێ
كەمدوو وەك ئارامیی وەرزێك لە وەرزەكان
كە خستییانە ناو كاروانی تووڕەییی حزب
سەیری خۆرئاوابوونی دەكرد
ئەمیش نە هەولێر بوو… نە شەقامی بێبزەی تەیراوە
ئەو لە دەرەوەی دەریا
وەك باڵندەی كۆچێكی زۆر ماندوو.
مرد…
١١
لە چاوی تاریكیدا
هەموو پەنجەكانم دارستانە و
بارانیش، پیانۆیەكە لە هەناسەی
كچێكدا… بە شەرمەوە
بە ڕێنوار دەڵێت
ئیتر وادەی ڕووتبوونەوەم
تەواو.
١٢
لە نێوان من و تۆدا
تەنیا لە دوێنێوە
هیچ نەگۆڕاوە، جگە لە زمان
پێم بڵێ لەم ژوورە پڕ تەنیایییەدا
كامێرەكانی چاودێری
سەیری جەستەمان دەكەن؟
ئیتر بۆ گلەیی لە پاییز بكەم
لە دوای هەموو تەڕبوونێكدا
تەنیا پێدەكەنێت.
١٣
یەكەم جار كە دەریام بینی
گۆرانیم دەگوت،
بۆ ئەوەی سەرخۆش بم
دووەم جار كە بینیمەوە
زۆر سەرخۆش بووم
بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم
(• ئیحای حیوارێكی تیۆدۆر كالیڤاتیدیس)
سلێمانی – ٢٠٢٢