لە نیاز و چاوەڕوانی بەهێزبونەوەی چەپ لە ئەوروپا

کوردستان 13/07/2024

ئەکرەم میهرداد: چەپەکانی ئەوروپا، دژی ئەو سیاسەتەی ئێستای ئەمریکان.. مەلا بەختیار: سەرکوتنی چەپەکانی فەرەنسا مانادارە و راگوزەر نیە.

رۆژی 13\7\2024، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (لە نیاز و چاوەڕوانی بەهێزبونەوەی چەپ لە ئەوروپا) بۆ نوسەر و توێژەر ئەکرەم میهرداد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، ناوبراو وتی: فۆکۆیاما کە نوێنەرایەتی لیبرالیزمی نوێ دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی هەیە بەناوی دیموکراسی رزگار بکەن، تێیدا دەڵێت ئەگەر چەپەکان سەرنەکەونەوە ئەوا لیبرالیزمی نوێ بەرەو فاشیزم دەڕوات.
ئەکرەم میهرداد، هۆکارەکانی لاوازبونی چەپەکانی جیهانی باس کردو وتی: لەدوای ساڵانی نەوەدەکان چەپەکانی جیهان بەرەو لاوازی رۆشتن، کە شکستی ئۆردوگای سۆسیالیستی رۆڵی هەبوو لە لاوازی چەپەکان. هۆکاری دوەمیش ئەوەبوو سۆسیال دیموکراتەکان بەرەو راست و لیبرال هەنگاویان نا. هۆکاری سێیەم ئەوەبوو چەپە تازەکان جیاوازی زۆر رونیان لەگەڵ سۆشیال دیموکراتدا نەبوو. لە بەرامبەردا، لیبرالیزمی نوێ بەردەوام لە بەهێزبوندا بوون.
ناوبراو، سەبارەت بە سەرکەوتنی چەپەکانی ئەوروپا بە تایبەتی لە هەردوو هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی بەریتانیا و فەرەنسا، باسی لەوەکرد: یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی چەپەکانی ئەوروپا بە تایبەتی لە فەرەنسا، دروستکردنی بەرەیەک بوو لە پارت و رێکخراوە چەپەکانی فەرەنسا بە هەموو رەنگ و دەنگ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانەوە، کە ئەمەش جۆرێکە لە پلورالیزم. خاڵێکی تری سەرکەوتنی چەپەکان ئەوەیە دژی ئەو سیاسەتەی ئێستای ئەمریکان بەرامبەر بە ئەوروپا کە ئەوروپای کردۆتە بارمتەی خۆی، هەربۆیە چەپەکانی ئەوروپا لایەنگری بەردەوامی پیدانی چەک و پارە نین بە ئۆکرانیا بۆ بەردەوامی جەنگ، هەروەها چەپەکان پێیانوایە سیاسەتی جەنگیی ئیسرائیل لە سیاسەتی بەرگریکردن لەخۆی تێپەڕیوەو بەرەو کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ هەنگاوی ناوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا. ئەکرەم میهرداد، باسی لە هەندێ فاکتەری دیکە کرد کە وایکردوە چەپەکانی ئەوروپا بەرەو بەهێزبونەوە هەنگاو بنێن، لەوانە: باوەڕی چەپەکان بە فراوانکردنی دیموکراسی لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی، هەروەها چەپەکانی ئیستا بە پێچەوانەی جارانەوە بەشێکن لە چارەسەرکردنی کێشەکان نەک خۆیان کێشە بن، هەروەها بەشێک لە بەرنامەی چەپەکان ئاماژەیە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە رەگوریشەوە. هەروەها بەرنامەکانیان بەشێکن لە چارەسەر بۆ کێشە و گرفتە ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانی خەڵک، وەکو ئەوەی بەرەی خەڵکی نوێ لە فەرەنسا پەیڕوەی لێکرد. خاڵێکی دیکە سەرکوتنی چەپەکان ئەوەیە، کە چەپەکان دژی جەنگن.
دوای تەواوبونی قسەکانی ئەکرەم میهرداد، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێک لە سەرنجەکان ئەوەبوو کە ئایا چەپەکانی کوردستان لە کوێی ئەم گۆڕانکاریانەی دونیا و ئەوروپادان؟ ئایا دەتوانرێت چەپەکانی کوردستانیش بەرەیەکی بەهێزی چەپ دروست بکەن؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، ئەکرەم میهرداد، پێیوابوو: چەپی کوردستان دەتوانێت ئیلهام لەوان وەربگرێت و یەک بگرن و بەرەیەک دروست بکەن. وتیشی: لە ئێستای کوردستاندا ئۆپۆزسیۆنی جدی تێدا نیە، بۆیە پێموایە لە هەرێمی کوردستان هەتا ئۆپۆزسیۆنێکی چەپ دروست نەبێت، ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بونی نابێت.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو، ناوبراو پێیوابوو: بەدرێژایی مێژوو ئەوەندەی چەپ خۆی  زیانی لە خۆی داوە، ئەوەندە راست و لیبرالیزم زیانیان لێ نەداوە، بۆیە دەروازەی بەهێزبونەوەی چەپ ئەوەیە کە واز لە شەوارەی تیۆری بێنێت، کە زیانێکی گەورەی لە بزوتنەوەی چەپ دا لە جیهاندا.
سەبارەت بە سەرکەوتنی چەپەکانی ئەوروپاش، مەلا بەختیار رایگەیاند: سەرکەوتنی چەپەکانی ئەوروپا بە تایبەتی لە فەرەنسا، سەرکەوتنێکی مانادارەو راگوزەر نیە، بەشێک لە هۆکارەکەی ئەوەیە ئەزمونی حەفتا ساڵەی لیبرالەکانی ئەوروپا گەیشتۆتە بنبەست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوروپا و لە ئێستادا ناتوانن لەوە زیاتر پێشکەش بکەن. لە کتێبی (کۆمەڵە، چەپ، چەپی نوێ و دیموکراسی) هەروەها لە کتێبی (دیموکراسی و چەپ.. گلان و راسان) پێشبینی ئەم دۆخەم کردوەو وتومە: لە پێنج بۆ  دە ساڵی ئایندە بزوتنەوەی  عەدالەتخواز لە ئەوروپا و بزوتنەوەی دیموکراسیخواز لە رۆژهەڵاتدا بەهێز دەبن.