چاكسازی بەدەم رێوە ؟

نسار مستەفا 14/12/2020


حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە بەڵینی چاكسازی بە خەڵكی خێرلە خۆ نەدیوی ئەم هەرێمە دەدات، بەڵینی نەمانی گەندەڵی ، بەڵێنی چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەری یاسا، بەڵێنی چاككردنی موچە و ئیمتیازات، باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی، خاڵی كردنەوەی قاسەی گەندەڵكاران و گەڕانەوەی بۆ گیرفانی خەڵك وەك سەرەتایەك بۆ ڕایكردنی  شەقام پشوی خەڵكی پێ‌ درێژكرۆتەوە، لەبەر درێژەدان بە دەسەڵاتی چەندین ساڵەی بەڵێنەكانی وەك هەمیشە بێ‌ كرداربووە.
فاڵگرتنەوە بۆ چارەنوسی حكومەتی هەرێم دەمان گەرێنێتەوە  بۆ خاڵی دەستپێكی ناڕەزاییە یەك لە دوا یەكەكانی ئەم چەند ساڵەی كە لە ئەنجامی گەندەڵی توشی هات لێشاوی كۆچی گەنجان و خنكانیان لە رێگا ئاویەكان و تەنگ پێهەڵچنینی بێ‌ كاری بە گەنجان و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و كەڵەكەبوونی قەرزەداراییەكان و بەخەبەر نەهاتنی حكومەتی هەرێم و جێ بەجێنەكردنی بەڵێنەكانی و دواترینیان گرێبەستی 50 ساڵەی لەگەڵ توركیا و خۆدزینەوە لە هەموو بەرپرسیارێتیەك ئەگەرێكی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت، ناڕەزاییەكان بەرهەمی ئەو ساڵانەن حكومەت لەسەریەتی یەك بەیەكی بچنێتەوە لەبەردەم گەل بەبەڵێنێكی ڕاستگۆیانە و كرداریانە ئەو شەرمەزارییە بسڕێتەوە ئەگەر نا زبڵدانی مێژوو ڕەحم بە هیچ دەسەڵاتێك ناكات، هەرچەند گەل متمانەی بەم حكومەتەو بەتەواوی دەسەڵاتی كوردی لاواز بووە، پارتە سیاسیەكانیش دەبێت گوڵبژێری ئەوە بكەن شوێنی شیاو بەكەسی شیاو پڕبكرێتەوە چونكە دۆخی ئێستای شەقامی كوردی كەسانێك خولقاندوویانە كە شیاوی ئەو پێگەو دەسەڵاتە نین  و ئەمەش فەراغی بۆ تەواوی دەسەڵاتە ئیداری و ئابوری یەكانی هەرێم دروست كردووە.
تاوانی حكومەت بەرامبەر بە خەڵك و موچەخۆران زۆر موقفی تێپەراندووە  تا كار گەیشتۆتە ئەم گرژیە، لێشاوی ناڕەزاییەكان پێمان دەڵێن ( حكومەت )و بەرپرسانی حكومەت ئەوانەشی پێكهاتەی سەرەكی ئەم حكومەتەن بە حزبەكان و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە توانای بەرێوەبردنیان نیە و ناتوانن سیستەمێكی گونجاو و كاتی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە بە ئەنجام بگەیەنن ئەگەر ڕێكەوتنێكی جدی نەكرێت لەگەڵ بەغداو نەگەیشتنە چارەسەری بنەبەست گومانی تێدا نیە دەبێت چاوەڕێی زیادبوونی ناڕەزاییەكان بكەین بە هەولێرو دهۆكیشەوە.
نیگەرانی خەڵك و موچەخۆران لە حكومەت بەرامبەر شایستە داراییەكانیان پێماندەڵێت كۆمەڵگا لەبەردەم قۆناغێكی باش و تەندروست دا نیە، تەنانەت پەیوەندی نێوان پارتە سیاسیەكان و خەڵكیش گەیشتۆتە ئاستێك ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دابەزین دایە، ئەوەی خەڵكی ئومێدی پێ‌ هەڵچنی بوو حزبەكان بوو بەڵام حزبەكان لەم ساڵانەی دواتر بە ئێستاشەوە نەیانتوانی هاوشانی جەماوەر بن خواستەكانیان بە جێ بگەیەنن و پارێزەرو داكۆكیكاری مافی خەڵك بن، ڕووداوەكان و بەركەوتنی  گەنجان و پارتە سیاسیەكان  لە داهاتوو دا بار و ئەركی حزبەكان قورستر دەكات و حزبەكان وەك جاران ناتوانن بنكەیەكی جەماوەری فراوانیان هەبێت ئەگەر پێداگری لە قوتی خەڵك نەكەن و خۆیان نەخزێننە نێو جەماوەر و پەیوەندییەكانیان بە ئاراستەیەكی باشتر نەبەن و خەلكی بێ ئومێد كراو ئاشت نەكرێنەوە با بۆ ئەمجارەی هەڵبژاردنەكان چاوەڕێی بردنەوەی گرەوی هەڵبژاردنەكان نەكرێت سەنگ و قورسی خۆیان لە دەست دەچێت .