شوێنەواری هەڵبژاردنەكان

نسار مستەفا 12/08/2020

 
چارەنوسی هەڵبژاردنەكان گەل دیاری دەكات كەوایە گەل باڵانسی یەكلاكەرەوەی هێزە سیاسیەكانن لەو وڵاتانەی سیستەمی فرە حیزبی تێدایە، مەبەست لە بایەخ و گرنگی هەڵبژاردن گۆرینی سیستەمی حوكمڕانی یە بۆ سیستمێكی جێگیرو دادپەروەر لەسەر بنەمای ڕەزامەندی و خواستی خەڵكی ، حیزبە سیاسیەكان تاقیدەكرێنەوە، كەواتە كاتێك باس لە ڕابردووی هێزە سیاسیەكان دەكرێت ئەزمونی حوكمڕانی كردنیان دەبێتە بنچینەو شاهید بۆ دابین كردنی داخوازییەكانی گەل یان نوێنەرەكانیان كە هەڵبژێردراوی گەلن تاچەند جێ ی متمانەن و خواستی گەلیان پێكاوە، بۆ هەر پێكهاتەیەكی سیاسی چانسی بردنەوەی هەڵبژاردن بەندە بە:
1-  ئەو گۆرانكاری و خزمەتگوزاریانەی لە ماوەی نێوان دوو هەڵبژاردن پێشكەش دەكرێت، دەبێتە جێ ی سەرەنجی لایەنگران ئەنجام سەرخستنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردن.
2- دیاری كردنی كاندید و پێوەرەكانی هەڵسەنگاندنی كاندید.
هونەری پەیوەندیگرتن لەگەڵ خەڵكی و قایلكردن و بەدەست خستنی متمانەیان هێزی پارتە سیاسیەكان دەردەخات، پارتە سیاسیەكان چەند كۆكن لەسەر بەردەوامی خزمەتگوزاری و جێ بەجێكردنی كردانەكانیان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ئیدعای دەكەن، گرنگە خەڵك هەستی زیاتری دەبێت پەسەندی دەكات، ئەوكات خۆیان دێن و بەشداردەبن لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەی كە دەیانەوێت،
متمانە بوون پرۆسەیەكە كە هێزی پێدان و بەخشین و وەرگرتنی هەیە لەهەمان كاتیشدا بەرپرسیارێتی یە.
بەرپرسیارێتی یە لە ئاست پەیوەندییە خێزانی و سیاسی و كۆمەلایەتی  و ئابوری و ئایدۆلۆژیا و كلتورو نەریتە باوەكان .  
لە نێوان هاوڵاتی و سیستەمی سیاسی دا كۆمەڵێك ئامانج و بەرژەوەندی هاوبەش هەن كە پاڵنەری سەرەكین بۆ دەستخستنی متمانەی هاوڵاتیان، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ماوەی ( 29 ) ساڵە چاوەڕوانی باشتربوونی ژینگەی ئابوری دەكەن بە ژینگەی سیاسی  و كۆمەڵایەتیشەوە، لەبەر ئەوە هاوڵاتیان  پێوەر و بژاردە و خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە لەسەر سیستەمی سیاسی و ئەنجام كاردانەوەی دەبێت لەسەر دروست بوونی متمانە و رادەی متمانە بوون بە حیزبە سیاسیەكان.
متمانەو تێڕوانینەكانی خەڵكی پێوەری سەرخستنی پرسی سیاسی یە كە  پرسی هەڵبژاردنی لێدەكەوێتەوە بە پێچەوانەشەوە.
متمانە كاڵایەك نیە وەك براندێكی جیهانی سەیر بكرێت و بكڕدرێت بەڵكو وەستاوە لەسەر كۆی ئەو پەیوەندیانەی تاك  بە حزبێكی سیاسیەوە گرێ‌ دەدات و زیاتر وەك رێكەوتنێك دێتەبەرچاو لە نێوانی حزب و تاك دا، كێشكردنی مەیلی تاك بەلای حزبێكی دیاری كراودا بەوەدەبێت تاچەند لە ئاستی داخوازی و خواستە شەرعیەكانی تاك دەستكراوەو پەرۆشە، راستی كۆمەڵگای كوردی بەهۆی ئەوەی بە چەندین فلتەری سەخت و دژواردا گوزەریان كردووە تاسەی ئەوەن ببنە خاوەنی پێگەیەكی حوكمرانی بەهێز كە ئەمە مەیل و ئارەزووی تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگایەیە.