ئاڵای شۆڕش!

سەرباز ئیبراهیم سەمین 18/09/2020

ڕۆژگارێک هەموو ئەمانە شۆڕشگێڕی گەورە بوون، باشترین کار خوێندنەوەی ئەو مێژووەیە نەک پەرچەکرداریی کتوپڕ، کۆمەڵێکیش هیچ نەبوون و نین، لە ئاوی لێڵا ماسیی دەگرن، گەر ئەو مێژووه بخوێنینەوە، ئەوا ئاڵای شۆڕش ڕەوت و تێزێکی تازە بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە داگیرکەرانی کوردستان و هەڵێنجراوی تێزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو. بەڵام من دەڵێم گەر ئەنجامی ئاڵای شۆڕش لە هەشتاکاندا ئەو زیندان و ئەتک و چەوسانەوە و کوشتنە بوو، بۆچی جیابوونەوەی گۆڕان ئازادیی بوو بە پارەی خودی ینک. هەرچەندە ئاڵای شۆڕش ڕەوتێک بوو لە ناو ینک نەک پارتێکی جیاواز. گەر دەتانەوێ بڵێن سەرکردەکانی ئێستای ئاڵای شۆڕش مامەحەمەیی بۆ پدک دەکەن، ئەوا خەڵک گاڕان نییە و دەزانێ سپیکار و ئاواتەکانی حکومەتە پۆلیسیی و توندوتیژەکەی خێڵپارتی بارزانیی هەر گردەوان و مێشکبەرانی دوێنێن. خەڵک دەزانێ کێ ڕۆشت قاوەی لە سەری ڕەش خوارد، تکایە پەرچەکردار مەنوێنە و نەختێ ڕامێنە: پاش لەتوپەتکردنی ئاڵای شۆڕش تازەبەتازە سەرانی ئێستای کورد ناتوانن ڕێکارێکی هاوسەنگ بدۆزنەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێراق، ڕێکارێک کە نە جاشێتیی بێ و نە تەقاندنەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەک بەنداوی دەربەندیخان. ئەم تیرۆری کەسێتییەی ئێوه دەیکەن درێژەی هەمان تیرۆری جەستەیی و ئەتکی کەسێتییەکانی ئاڵای شۆڕشی ڕابردووە. هیچ سوودێکیشی نییە. خۆ هێشتا کتێبەکە بڵاو نەبووەتەوە، بهێڵن ئەو خەڵکە هەناسەیەک هەبڵێنێتەوە. ئەم گشتە جوێنە لە کوێ دێنن؟! کەسی بتپەرەست دەمارگیر و توندوتیژە!
پاشان بڵاوکردنەوەی پۆزشنامە و پەشیماننامە لەژێر زۆری لوولەی تفەنگ و ئەشکەنجەدا مایەی نەنگە نەک ئازایەتیی و قسەکانی مەلا بەختیار ئەسەلمێنێ.

سەرباز ئبراهیم سمین.

وتاری زیاتر