ئەو ڕۆژەی (دکتۆر یوسف) بوو بە سەرۆکی پەرلەمان!

ماجد خەلیل 23/06/2020

کەڵەشێرە ناوەختەکانی نەتەوەی کورد!

ئەو ڕۆژەی (دکتۆر یوسف) بوو بە سەرۆکی پەرلەمان!
چەند چیرۆکێکی بێمانای ئەزموونی ژیانم!

من نازانم، زانست پشتڕاستی وەها گریمانەیەک دەکاتەوە یان نا، وەلێ هەم لە کەلتوری کۆن و هەمیش لێرەو لەوێ خەڵکانێک هەڵکەوتوون، کە توانای پێشبینی و پێشهاتیان، پڕ بەمشتی بۆچونەکانیان بووە.

 جاران بۆ ناسینەوەی توخم و تۆرەمەی کەسێک کە بزانن ئەولادو ئەجدادی کێیە، کەسانێکی بەهرەمەند هەبوون و پێیان دەوترا سەرناس(قائف).
بۆنمونە گەر لەنێو خێڵێکی عەرەبدا، شەڕو شک لەسەر کۆرپەیەک هەبووایە، کە کێ بابییەتی، ئەوا قائف، شکو شەکواکەی دەڕەواندەوە.
 بەبەکەیان بە مەلۆتکەیی دەهێنایە بەردەمی و ئەویش چاوێکی لێزیتدەکردەوەو ئەویانی دەنوقاندو بێ یەکودوو دەیدایە پاڵ شینە پیاوێکی ئەو شەوگەو هەوارەی کە خانمی دڵتەڕی تێدا ژیاوە. 
دیارە کۆمەڵی کوردیی ئەو گرفتو گیرۆدەییەی تێدا کەمتربووەو ئێستایش دنیای (D.N.A)، بەهەمان چاوی نوقاوی سەر موختەبەرەکانەوە میراتی قائیفەکان درێژە پێدەدەن.

راستییەکەی بابەتەکە باسێکیترە، وەلێ هەر باسی سەرناسە. سەرناسی بەهرەیەکی خۆڕسکەو کەراماتێکی کتوپڕی ڕوانگەی کەسێکە بۆ دەوروبەر. 
بۆنموونە بابم کەمجار بەناوی کەسەکان رازییەو بۆخۆی ناویتریان دەنێت، جا ناوی سەیرسەیر، ئیدی هەر بەوناوەیشەوە بانگیان دەکات. 
بۆنموونە وەختی خۆی ئاوارەی شارێ ببوو. لەوێ تەوای ژنانی دەرو دراوسێی بەناوێکەوە بانگدەکردن کە بۆیان بگونجێن. 
بەجۆرێک شووەکانیشیان بەناوەکەی بابمەوە خێزانەکانیان بانگدەکردن.تازە بەسەریاندا سەپابوون. 
کابرایەکی سەیرە، تەنانەت ناوی مریشکو کەڵەشێری کوچەو کۆڵانەکەیشی بەنێوی خەڵکەکەوە ناونابوو.
جاری وا هەبوو کەڵەبابێ ڕاوی مامرێکی دەکرد. ئیدی منداڵانی گەڕەک هاواریان دەکرد:
 وا فڵانەکەس، فسا بەسەر فڵانەکەسا.
بۆنەگبەتی جاری واهەبوو سوتفەی دەکرد، ناوەکان ژن و مێردێکی جیاوازبوون.
 ئیدی ژنانی کۆڵان بەشەرمێکەوە خۆیاندەکردەوە بە پشتدەرگای حەوشەکانیاندا.
باوەڕتان هەبێت، خۆ هێندەی نەمابوو، خوا رەحمی پێکردبوو، نازانم چۆن کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشی بۆ نەتاوێنرابوویەوە. 

ئەم خەسڵەتە، خەتای خۆی نەبوو، خەڵکێک هەن وەهان. مەلایەکی هاوڕێم، خەوزان و خەتیبێکی دەگمەنە، خاکییەو خەرمانێ نوسینی دانسقەی هەیە، پیاوێکی پانوپۆڕو بەخۆوەیە، ئەویش موبتەلای میراتی قائفەکانەو بەجوانی چواردەوری دەناسێ. 
ئەو ڕۆژەی (یوسف موحەمەد سادق) بوویە سەرۆکی پەرلەمان، وتی من عەقڵم بێ، حەوت ساڵ گرانی دادەکەوێ! هەڵبەتە سەرسامی سیاسەت و بوێری و باوەڕی نەلەخشاوی دکتۆر یوسفیش بوو، وەلێ دەیوت: تازووە بڕۆن دوو فەردە ئارد خەزن کەن!

دیارە پێوەرەکانی بڕیاری لەوجۆرە تایبەتن. بۆنموونە بەیانییەکی زوو لە شاری مهاباد، دەستمان بۆ پەیکانێ راگرت، شۆفێرەکە پیاوێکی سەرزلی کورتەبنەبوو، تەمەنی شەست ساڵێ دەبوو، بەئاشکرا دیاربوو، کە تاقمەکەی دەمودانی، نەختێ شەقببوو بۆی. 
وەختێ دەدووا بەڕووی سەکندا، بەتەواوی ئاگای لە سوکان(فەرمان) نەدەماو، بەتەووی سەری وەردەسوڕاند. ئەو ناوی میرزا بوو، ریشێکی روشی ماشوبرنجی هەبوو، پەیکانەکەی لێکردبووینە لەگزز، لەکاتێکدا، دەرگاکەی لای من، بەتەلی تەلەفۆن بەسترابوویەوە. کابرا تەرمۆزە چایەکی لەپاڵدەستدا بوو، زوو زوو قومی دەنا بە دۆلکەچاکەیەوەو پاشان فەرمویشی لە ئێمە دەکرد. ئەو کلێتەیەکی ئازەری لەسەرنابوو، دەستێکی سیگارو دەستەکەی تریشی، دۆلکە چاکەبوو، من لەدوواوەبووم، قەسەم دەخۆم، دەستی من زیاتر بەر سوکانەکە دەکەوت. تەسجیلەکەیشی گۆرانییەکی ناسری رەزازی لەبان بوو، ئەوەی کە دەڵێ: 
هەڵوەدام و کەیلە دڵ، بۆ دیتنی کوێستانەکەم
تاسەبارم، تاسەباری، خاکی کوردستانەکەم.
زووزوویش کلێتەکەی بەرزدەکردەوەو سەری دەخوراند. من دەمزانی هەرکات درۆیەکی بکردایە، ئەوا نائاگا دەبوو سەری بخورێنێ.
 ئاغای ڕانەندە زووزوو زەنگی مۆبایلەکەی لێیدەداو هەڵینەدەگرت، پێمان گوت، بۆ وەڵام نادەیتەوە؟ دەیگوت: ئەوە خێزانەکەمە، هەرگیز پێش کاتژمێر نۆ نابێ وەڵامی تەلەفۆنی ژن بدرێتەوە، چون هەبێ و نەبێ هەواڵێکی ناخۆشی پێیە. 
نیو سەعات قسەی بۆمانکرد، تەنها دووای ئەو قسەیە سەری نەخوراند!

کەمجار رێکدەکەوێ ژن و مێرد، لە فیکەی یەکتریی تێنەگەن. ژنێک هەبوو، بە سڕوتڕی مێردەکەی دەزانی، کۆدی کابرای لەدەستابوو. دەیوت: هەرکات باسێکی گێڕایەوەو لەکۆتایی باسەکەدا مشێکی کرد، ئەوە درۆ دەکات.

بەڵێ تەواوی ئەم ڕاوەڕێوییەم بۆ شینی هەریسەکەیە. دەمەوێ بڵێم، ئیدی پێویستە میللەت بەهرە وەربگرێ لە شوناس و شێوەی دەسەڵات، پێویستە سەرناس و قائف بین بەرامبەر سیاسییەکان و فیکرو فەلسەفەو فیکەیان بناسین. ئیدی ناکرێ لەو هەموو مشەمشەی میدیای دەسەڵات تێنەگەین، کە لە پێناوی چاکسازی و چڵەپوشی بڕینی موچەخۆراندا دەستیبۆدەبات!