لەپەراوێزی پینەوپەڕۆی خوێندنی ئەمساڵدا

ماجد خەلیل 27/05/2020

دەڵێن: ئەسپیان هێنابوو ناڵی بکەن، کەچی کیسەڵ قاچی هەڵبڕیبوو!
لەپەراوێزی پینەوپەڕۆی خوێندنی ئەمساڵدا


تێبینێ: 
گەربتوانرایە، موچەی مامۆستاو مووەزەفی خوێندنی باڵاو پەروەردە بدرایە، بڕیاری تێپەڕاندنی پەلەی خوێندن نەدەدرا. 
گەریش بزانرایە شەپۆلی شۆڕش و بایکۆت، شان بەشانی کۆرۆنا سەرهەڵناداتەوە، بڕیاری تێپەڕاندنی خوێندن نەدەدرا.
 لە ئەمەریکا سەدهەزار کەس مردوون، وەلێ خوێندن دەستپێدەکاتەوە، لە خۆرئاوایش بڕیاری دەستپێکردنەوە درا. وەلێ لێرە، لێنەگەڕان. 
بەڵێ ئەوەڕاستە، رێوشوێنەکانی میریی دروستن، بەڵێ ئەوەراستە، وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردە، پاساوەکانی پاساوی پێناوێکی دروستن.

بەڵام!

ماوەیەکە مێمڵێک ملیکێشاوەتە حەرەمو حەوشەو هەیوانی خوێندنی باڵاو پەروەردەوە، ماوەیەکی چی؟ من دەڵێم دەساڵ، تۆ بڵێ قەڕنێکە.
 تاوێ تیکەی پەروەردە، پڕبوو لە دانی رۆکراوی فاشیزم، زاڕۆ زرنگەکان، بەرگی تەڵائعیان لەبەردەکراو، دەکرانە کۆرسی وەتەنولمەداوە.

 تاوێ تیکەی پەروەردە لەنێو ڕۆنی ڕاسیزم و عروبەدا سورسوردەکرایەوەو دەکرا بە گەرووی گەورەو بچوکی کوردا.
وەلێ گڵۆڵەی گەمە سیاسییەکانی سەدام دای لە لێژی و دوواجار چاڵکەنەکە لە بێخی چاڵەکەی خۆیدا بەکۆڵێ ریشو روومەتی تۆزاوییەوە دۆزرایەوە.

 ئەو ساتانەی تیشکی لایتشەحنەکەیان دەدا لە دەمودانی سەدام، هێشتا هێندەی دەمی قولاپێ، پلەگۆشت لەبندانیدا مابوویەوە، تا لە گۆماوە گەرمەکەی ئێرەدا شۆڕبکرێتەوەو ماسییە گەورەکانی پاش راپەڕین بگرێت!

ئەوەتانێ، گۆشتی دەم قولاپەکەی سەدام، هێندەی ئەسپێیەک دەبێت.
ئەوەتانێ هەموو هێزی پەروەردەو خوێندنی باڵا، لە گیرفانی مامۆستاو فێرخوازەکاندا سەوزەڵێ خانم دەڵێت.

 بەڵێ ئەوەتانێ دامەزراوەی پەروەردە، ئەسپێی نێو لەپی نابینایەکە، مەرخوابزانێ چۆن دەیپروکێنێ!

رۆژان ڕۆیشتن و رۆژان هاتن. 
سەلکە پەنیری پەروەردەی دەم قەلی قەیران، رێوی بەلایدا تێپەڕی.
وتی:
 ئەی بولبولی زەمان
ئەی نەغمەی جوانی سەر تەلێ
بیستومە من ناو بانگی تۆ
توخوا گۆرانیم بۆ بڵێ

 رێک لەم ئانوساتەدا، شۆڕشی چاکسازی و گۆڕانکاری پەروەردە
هێزی هەستانەوەو هیواو ئایندە
 لەگۆرانی زاری قەلێ دەچێ، وەختێ دەمی دەکاتەوە، وەختێ بڕیارو رێنومایی دەردەکا، وەختێ میتۆدی سویدی و سیناریۆی خۆرئاوا دەڵێتەوە، وەختێ براندی باوەڕی بەرژەوەندییەکانی زانست بەرز ڕادەرێ، وەختێ پۆڵۆنیا پڕۆسێس پشتوێنی کوردانەی لێدەبەستێ.
ئیدی بەکاوەخۆ پاروە پەنیرەکەی پەروەردە، دەکەوێتە بن تەلێ.
 لێرەشدا رێوی پڕدەداتە پەنیرو پێمان دەڵێ: وەختێ شتێکت گرتەدەم
 کەر مەبە گۆرانی مەڵێ.

ئەوەتانێ کۆرۆنامان گرتە دەم، ئەوەتانێ جەنگی داعش و بڕینی بوجەی بەغدامان گرتە دەم، ئەوەتانێ بانگی چاکسازیمان هەڵداو لەم ناوەختا گۆرانیمان وت، بۆیە هەموو هیوایەکی ماریفەو میتۆدو میراتی خوێندنی ساڵەهامان کەوتە دەم ڕێوییەکانی رۆژگار.
ئێستا جڵەوی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەدەستی دێڕەکانی زانستدا نییە، ئێستە جڵەوی جوانییەکانی خوێندن، کەوتووەتە دەم ڕێوی و ڕێوی رێگای رزگاریی دادەنێ.
لێرە دامەزراوەی پەروەردەو خوێندنی باڵا، وەزیرو گزیرەکان، با دڵسۆزو دلاوەری دنیا جوانەکەی خۆیانبن، بەڵام سیاسەتی پەنهان و دنەی دەردناکی حزبەکان و ئەژداو ئابادی ئابورییە ترسناکەکەی گیرفانی بازرگانەسیاسییەکان، ناهێڵن رێچکەیەکی راستگۆیانە بدۆزنەوە.
 بەڵێ هەموو کەس دەزانێ کەری خۆی چەند مەن هەڵدەگرێ! 
کەری خۆمان دەناسین و دەزانین، لە هەورازی زانست و ماریفەدا، مسقاڵێک مەینەتی دەوامو شەونخونی هەڵناگرێ. 
دەزانین، بوینەتە قوربانی ئافاتی ئەدەبیاتی قەرزوقۆڵەکەی کابرا!