یەک پارتی و دوو ڕوئیای جیاواز!

فەهمی بورهان 22/05/2020


ئەوەی ئێستا زۆر ترین ڕوبەری ناو دونیایی میدیای ئێمەی داگیر کردوە، قسەو باسە لە سەربونی دوو دونیا بینی جیاواز لە ناو پارتی داو زیاد لە شیکاری و خوێندنەوەیەکی بۆ ئەکرێت،ئەگەرچی ئەم دیاردەیە لەناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا نامۆنیەو بەشێکی گەورەی مێژووی بزوتنەوەکانی ئێمە بەم دیاردەیەدا تێ پەڕیون و زۆر جاریش بۆ جیابونەوەو لێکترازان پەلی کێشاوە،ئەوەی ئەم دیاردەیەی زیاتر بە ئاراستەی دیالۆگی زۆرو مشتومڕی زیاتر بردوە، پێگەی پارتی و ڕۆڵی لە ڕووداوەکانی ئەم دوودەیەی کوردستان لە لایەک و قسەو باسی ئەم هێزەبوە لە سەر دیاردەی دونیابینی جیاواز لای یەکێتی وەک ڕکابەری سەرەکی پارتی ،قسە کردن لە سەر ئەم دیاردەیە لە ناو هەناوی پارتی دا، بۆ ئەوەی قسەیەکی زانستی و دوور لە بنەمای کاردانەوەبێت، پێشوەخت پێویستی بەوە دەبێت ،خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ دۆخی ناوخۆیی ئەم هێزەبکرێت و پاشان بەروارد بکرێت بە هەڵوێست و دەربڕینەکانیان لە بەرامبەر کێشەکانی ئێستای کوردستان و عێراق،ئەم هێزە زیاد لە دەساڵە بە بیانووی دۆخی ناوخۆیی کوردستان و عێراق نەیتوانی وە کۆنگرەی خۆیی ببەستێ و جۆمگەکانی ژیانی حیزبی بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە قۆناخی کلاسیکی حیزبایەتی تێپەڕێنێت و پارتی بۆ ژینگەیەکی لە بارتر بگوازێتەوە،هەمیشە لە ڕێگای سینارێۆی دروست کراوەوە وێنەی پارتیەکی یەکگرتوو بەهێزی نیشانداوەو داویەمین پڕۆسەی هەڵبژاردنیشی بە دروشمی کوردستانێکی بەهێز دەست پێکرد ،کە ئەم تایتڵەش، ڕاستەوخۆ گرێدراوی پارتیەکی بەهێز بوو،تا سەر ئەنجام کابێنەی نوێێ حکومەتی پێک هێنا، ڕوداوەکانی ناوخۆیی ئەم هێزە بە دورخستنەوەی تیمەکانی سەرۆکی پێشوتری حکومەت لە کۆیی کایە جیاوازەکانی ژیانی فەرمان ڕەوایمان دەستی پێکرد، ئیتر لێرە بەدواوە قسەکردن لە سەر یەک خیتابی و پارتیەکی یەکگرتوو، جگە لە بانگەشەی شاردنەوەی لێکەوتەی هەنگاوەکانی بارزانی کوڕ ،هیچی تری وەک دەر ئەنجام لێ نەکەوتەوە،قسەی جیاواز و خوێندنەوەی جیاواز بۆ ڕووداوەکانی کوردستان و عێراق لە نێوان هەردوو بەڕێزان نێجیرەڤان بارزانی  و مەسرور بارزانیدا، لە دوومیدیای جیاوازی خۆیاندا بە ئەندازەی جیاوازی دوو حیزبی کوردی دەرکەوتن ، ئیتر هیچ مانایەک بۆ شاردنەوەی ئەم دیاردەیە نەمایەوە، سەرئەنجام پارتی بە سەر دوو کادری یەک ڕێکخراوو تا بە لوتکەی دەسەلاتیان ئەگات دابەش بوو،لە سەر پرسی مامەڵە لەگەڵ عێراق جیاوازن،لە سەرپرسی نەوت و ئابوری سەربەخۆ جیاوازن، لە سەرپرسی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و قۆناغی تازەی ژیانی حیزبایەتی لای یەکێتی جیاوازن، لەسەر شێوازی مامەڵە کردن لە گەڵ خۆپیشاندەرانی پارێزگای دهۆک جیاوازن،تەنانەت لە دوو سنوقی جیاوازەوە کۆمەک و هاوکاری بۆ لافاوی زستانی ئەم ساڵی بادینانیش هەر جیاوازبوون، ئەمە سەرباری بوونی دوو دیدی جیاواز لە سەرپرسی ڕۆژئاوا،ئەوە ئینفیعالە ڕوونەی کە بەخیتابی کادرانی نزیک لە سەرۆکی حکومەتەوە ئەبینرێت، ئاماژەی دیاری بارگرانی ئەم پرسە نیشان ئەدات لە سەرپارتی،تەخوینی بەردەوام و فۆبیا لە سەرکردایەتی تازەی یەکێتی وبە گژداچونەوەی کۆی هێزەکانی کوردستان وهەڕەشەی لە ژمارە نەهاتووی کادرەکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەت، هەموو ئادابی گفتوگۆیی مۆدێرنی تێ پەڕاندوەو پارتیشی لە گۆشەیەکی بچوکی خۆیدا جێهێشتوە ،کە بەبڕوایی من، قەد بەئەندازەی ئێستا پارتی بەتەنیا نەبینراوە،ئەم جۆرە لە مامەڵەیەی باڵی دەست ڕۆیشتوی پارتی، ئەوەندەی هەڵگری مەسجی سیاسی و جۆرێک لە هۆشداریە بۆ باڵە دەوڵەت مەدارەکەی پارتی، ئەوەندە ئامانجی لێدان نەبوە لە یەکێتی، سەرئەنجامی ئەم خیتابە دراسە نەکراوەی ئێستای دەست ڕۆیشتۆکانی پارتی، حکومەتێکی لاواز و بێ ستراتیژی لێ بەرهەم هاتوەو خەڵکی کوردستان بە دەست دەیان کێشەوە گیرۆدەن، وێنا کردنی سیاسەت لای باڵی دەست ڕۆیشتووی بارزانی کوڕ و ئەوتێگەیشتنە تایبەتەی کە بۆ سیاست و کاری هاوبەش هایانە، لە سەربنەمای گەورە بۆ بچوک و زاڵکردنی یەک هەژموونی بیرکردنەوە بینا کراوە، یەکەمین هەنگاوی تەرجومەکردنی ئەم دیدەشیان لە ناوخۆیی حیزبەکەیان بەرامبەر بەڕێز نێچیرەوان بارزانی و لایەنگرەکانی دەستی پێکردوو پاشان ڕووبەری هەوڵەکانیان بۆ ناو حکومەت گواستەوە، سەرئەنجام پارتیەکی تەنها و خیتابێکی تەواو نامۆ بە دونیایی کرانەوە وەک دیارترین دەسکەوتی ئەم سیاسەتەیان ئەبینرێت.