حكومەتی سپارتا و حكومرانی لەهەرێمی كوردستان

نەشوان ئەحمەد سەعید 10/05/2020

یۆنانی كۆن لەسەر سیستمێكی فیدڕاڵی بەرێوەدەچوو، بەجۆرێك هەر ناوچەیەو حكومەتی خۆی هەبووە،  هەموشیان یەك پایتەختیان هەبووە كە ئەسینا بو.

بەپێی سەرچاوە مێژوویەك، حكومەتی یەكێك لە ناوچەكان كە ناوی سپارتا بو لەباشوری یۆنان، خەڵكەكەی جەنگاوەری ئازاو چاونەترس بوون، بە ئازاترین‌و كاریگەرترین هێزی شەڕكەر لە ناو یۆنانی كۆندا دەناسران. "كاتێك كە داریوش پاشای فارسەكان‌و دواتریش زێركسیس، كە ماوەی ٥٠ ساڵ شەڕیان  دژی یۆنان كردو بەشێكی زۆری وڵاتەكەیان داگیركرد، دواجار سپارتانەكان تاكە هێز بوون كە فریای یۆنان‌و ئەسینا كەوتن‌و توانیان سوپای فارسەكان تێكبشكێنن‌و لە یۆنان دەریان بكەن.

لەگەڵ تەواوبونی جەنگ، خەڵكی سپارتا كە توانیان فارسەكان تێكبشكێنن‌و خۆیان وەك پاڵەوان‌و براوە  دەبینی، پاش  ئەوە لەلایەن حكومەتی ئەسیناوە دەسەڵاتیان پێ نەدرا، بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی جەنگیان دژی حكومەتەكەی ئەسینا بەرپاكردو سەرئەنجامیش سەركەوتن.

ئەم روداوە وایكرد كە سەركردە دەست رۆشتوەكانی ئەسینا هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی كەسانی دەسترۆشتووی سپارتا بە پارەو ئیمتیاز بكڕنەوە، سەرئەنجام كارەكەشیان سەركەوت.

هەرێمی كوردستان كە قەوارەیەكی سەربەخۆیەو  لە ساڵی ١٩٩١ پاش  راپەڕین توانی حكومەت‌و پەرلەمانی خۆی دابمەزرێنێت، هەندێك لە شۆرشگێرەكانی دوێنێ، لەگەڵ گەیشتنەوەیان بە شار، بێگوێدانە خەبات‌و رابردووی پڕ شكۆیان، دەستیان دایە بازرگانی‌و خۆ دەوڵەمەند كردن.

گیڤارا كاتێك كە شۆرشی سەرخست لە كوبا، كرا بە وەزیر، بەڵام پۆستەكەی جێهێشت‌و لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیران، وتی؛ هێشتا خوێنی شۆرشگێری لە دەمارەكانم قوڵپ دەدا.

لەم هەرێمەش سەركردەكانمان جگە لەوەی رابردووی پاكی خۆیان كردە قوربانی پلەو پۆست، رۆژانەش هێندە خەیاڵیان لای  ئاودیو كردنی كەلوپەلە گرانبەهاكان بو، هێندە لە بیری چۆنیەتی بەرێوەبردن‌و بە دامەزراوی كردنی هەرێم نەبون.

جۆكۆ وڵینك، كە ئەفسەری خانەنشینی هێزە تایبەتییەكانی ئەمریكایە، لە كتێبی Extreme ownership، نوسیویەتی؛ "هیچ تیمێكی خراپ بوونی نیە، تەنها سەركردەی خراپ هەیە. سەركردە ئەبێت بەرپرسی هەموو شتێك بێت گەر كەسێك لە تیمەكەی  هەڵەی كرد بەرپرسیارێتی هەڵەكەی هەڵگرێت‌و بۆی راست بكاتەوە، دەشڵێت؛  سەركردەی سەركەوتوو خۆبەزلزانینەكەی لە دەرەوەی ئەرك بەجێدەهێڵێت‌و هەر بیرۆكەیەك وەرئەگرێت لە هی خۆی باشترە، تیمەكەی بە زەبری هێز بەرێوە نابات، بەڵكو بە قەناعەت پێكردن‌و ڕێبەریكردن ئەبێتە سەركردەیەكی سەركەتوو". 

لە هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی ئەم بۆچونە سەركردایەتی حزب‌و حكومەتیش دەكرێت، سەركردەكانی ئێمە هێندە خۆ بە گەورە دەبینن، هێندە عەسكەرتاریەت زاڵە بەسەرماندا، كەس ئەوی تر ناخوێنێتەوە، لێرە پارەو كۆمپانیا حكوم دەكەن.

تائێستا بە دەگمەن، ئەگەرنا هەرگیز روی نەداوە كە كەسێك بە كەفائەت‌و توانای خۆی پۆستێكی بەركەوتبێت، یان دەبێت كوتلەی فڵان بیت، یان دەرگاوان‌و گوێرایەڵی بەرپرسەكان بیت، ئەو كات دەتوانیت لەناویان بیت‌و بگاتە  ئەو  ئامانجەی  خۆی دەیەوێت.
كەم هەیە لەم حزبۆچكانەو سەركردەكان نەكەوتبێتنە داوی پارەوە، سەركردەی وامان هەیە لە شاخ هێندە نەبەزو چاو نەترس بو، هەر بە ناوهێنانی دوژمن ئەژنۆی دەلەرزی، بەڵام ئێستا لەبەر پارەو كۆمپانیا، توانای وتنی راستیشی لە دەستداوە.

ئێستا سپارتاكانی ئێمە هێندەی سەرقاڵی باخ‌و بیرە نەوت‌و كۆمپانیاو چاو سوركردنەوەن، هێندە لە خەمی باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان نین.

ئاخر لە كوێی ئەم دنیایە بوە، فەرمانبەر ٥ مانگ موچەی نەبێت، داوای سەبری ئەیوبی لێ بكەیت.
ئەوەی نەتدیوە لەم هەرێمە رۆژگار هەمویت پێ ئاشنا دەكات.






پڕ خوێنەرترین
بەهێز حسێن.. بەم نوسینانە بەهێز نابی!
1 رۆژ پێش ئێستا
هەڵوێستی سەرۆكی پارلەمان، دروست بوو یان هەڵە؟
1 رۆژ پێش ئێستا
كاك مەسروور ئەمریكاش درۆ دەكات، ستێر گرووپ هی جەنابت نییە؟
5 رۆژ پێش ئێستا
ژن‌و كاركردن‌و سێكس وەك ڕسوای لەكۆمەڵگەی كوردی
1 رۆژ پێش ئێستا
خەزانی سورە چنارێكی دانا (بۆ ساڵمەرگی موكری)