میدیا و مێشك (1)

د. کۆیار شێرکۆ 06/05/2020

وەرگێڕان: د.كۆیار شێركۆ
س: كراش كۆرس
بیهێنە پێش چاوی خۆت، دانیشتوویت و تەماشای فیلمێكی نوێ دەكەیت. یان لە ئۆتۆمبێلەكەتدا، ڕادیۆكە دادەگیرسێنیت. مێشكت لەو ساتەدا چی دەكات؟ بە دڵنیاییەوە، كۆمەڵێك كاری زۆر. لە هەمان كاتدا، مێشكت كار بۆ تێگەیشتن لەو میدیایە دەكات كە بەركەوتنی لەگەڵیدا هەیە. بۆ هەموو كاردانەوەیەكی ئاگامەندانەت بەرامبەر میدیا، مێشكت نائاگامەندا كاردانەوەی هەیە. بێگومان زۆرن ئەو شتانەی مێشكمان ئۆتۆماتیكی ئەنجامیان دەدات. بۆ نموونە بە سییەكانمان دەڵێت هەناسە بدە و بە دڵیشمان دەڵێت لێبدات. لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لەم كارە ئۆتۆماتیكییانە، سوودبەخشن، كۆمەڵێكی تر هەن بە پێچەوانە، زیانیان هەیە، بەتایبەت كاتێك باسی میدیا دەكەین.
كەواتە كاردانەوەی مێشكمان بۆ میدیا چۆنە؟ بۆ ئەوەی تێگەشتنێكی باشمان بۆ میدیا هەبێت، دەبێت بەسەر تەزووە خراپەكانی مێشكماندا زاڵبین، ئەنجامدانی ئەمەش ئێجگار قورسە.

دوایین جار كەی بوو بیرت لە داخستنی قەیتانی پێڵاوەكانت كردەوە؟ بەڕاستی، قەت بیری لێدەكەیتەوە؟ ڕەنگە لەو كاتەوەی فێربوویت، بیرت لێنەكردبێتەوە. چونكە مێشكت ئۆتۆماتیكی پرۆسەكە ئەنجام دەدات. ئەمە پێی دەوترێت میمۆری ماسولكە. مێشكمان ئێجگار كارامەیە لە ئاسانكردنی كارە ڕۆتینییەكانماندا. ئەمەش لە پێناو كەمكردنەوەی ماندووبوونی مێشكدایە، تا كاتێكی كەمتر و تەركیزێكی كەمترت پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی كارەكان. وای دابنێ مێشكت وەك كۆمپیوتەرێكە و لە هەموو كاتێكیدا ڕامێكی زۆری هەیە بەكاری بهێنێت. بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لەم هێزە وەربگرێت، پشت بە پلانێك دەبەستێت پێی دەوترێت 'سكیما'.

سكیما ڕێگایەكە كە مێشك لە ڕێیەوە لە شتێك، لە دەرەنجامە باشەكانی شتەكە و ستراتیجی گەیشتن پێی تێدەگات. مرۆڤ هەر ڕۆتینێكی هەبێت، سكیمایەكیشی هەیە بۆ كاركردن لەسەر ئەو ڕۆتینە. كەواتە چی دەربارەی وەرگرتنی هەواڵ؟  بەیانییان بەر لەوەی مۆبایلەكەت بگریت بە دەستەوە و لە تویتەر بە دوای تازەترین مانشێتدا بگەڕێیت. یان بەر لە داگیرساندنی تیڤییەكەت، مێشكت جگە لەوەی ئۆتۆماتیكی ئامادەیە بۆ هەڵگرتنی مۆبایلەكە و داگیرساندنی تیڤییەكە، هاوكات بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش ئامادەیە بۆ شێوازی تێگەشتنی تۆ لە هەواڵەكان. هەموو ئەو كارامەییەی مێشكمان، كە بۆ شتنی دان و دەرگا كردنەوە پێویستە، زیانبەخشە بۆمان كاتێك مامەڵە لەگەڵ زانیاری ئاڵۆز و نوێدا دەكەین. مێشكمان لەسەر كورتكردنەوەی ڕێگاكان ڕاهاتووە، ڕێگا كورتەكانیش ڕێگای خراپن كاتێك دەمانەوێت لە ڕێیانەوە بە حەقیقەتی میدیا بگەین.

كەواتە ئایا هیچ بەشێك لە مێشكدا هەیە بۆ ڕێگرتن و پاراستنمان لەمە؟ نەخێر! هەواڵە خراپەكە ئەوەیە كە ڕێك پێچەوانەكەی دروستە. مێشكی مرۆڤ شتێكی ئێجگار ئاڵۆزە. دەتوانین شتێكمان بیربكەوێتەوە كە دوانزە ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە، بەڵام بیرمان دەچێتەوە بەیانی چیمان خواردووە. لیركسی چەندین گۆرانیمان لەبەرە، بەڵام ناوی ئەكتەرێكمان بیر دەچێتەوە. بۆ هەموو ئەم ناڕێكییانەش، مێشكمان كار لەسەر تەواوكردنی وێنەكان دەكات. كاتیك قسە لەسەر هەستی بینین دەكەین، دەتوانێت كۆمەڵێك خاڵ لە شێوەی ورچێكی پاندادا ببینیت. بەمەش دەوترێت یاسای داخستن. كاتێك بەر میدیا دەكەوین، بەردەوام هەوڵدەدەین جۆرێك لە داخستن دروست بكەین، مێشكیشمان ئەم كارە بە شێوەیەكی ئۆبجیكتیڤ ئەنجام نادات. هەر جارێك زانیارییەكی نوێ وەردەگرین و دەمانەوێت وێنەكە تەواو بكەین، ئەزموون و زانیاری ڕابردووی ژیانمان بە كار دەهێنین. بۆ نموونە كاتێك ئەم مانشێتە دەخوێنیتەوە "دیكاپریۆ و وینسلێت دیمەنە ئەفسوناوییەكەی تایتانیك دووبارە دەكەنەوە" زانیارییە لەپێشینەكانت بەكار دەهێنیت بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان. تۆ دەزانیت كە فرانك دیكاپریۆ و ماگی وینسلێت بەشدارییان لەو فیلمەدا نەكردووە، كەواتە دەبێت مانشێتەكە ئاماژە بێت بۆ لیۆناردۆ دیكاپریۆ و كەیت وینسلێت.
ئەم ویستە بۆ ماوەییە كە كار لەسەر پێكەوە بەستنی خاڵەكان دەكات و دەیەوێت لە بری بەشەكان، هەموو ببینێت، هۆكاری لاوازی مرۆڤە بەرامبەر زانیاری هەڵە.