كارەسات و زەنگی ئاگاداركردنەوە

نسار شیخ مستەفا 19/04/2020

ڕاستی قەیرانە یەك لە دوایەكەكان و ئەزمونی تاڵی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان خەریكە بە دۆخێكی كارەساتاوی تر دا دەگوزەرێت، هەڵبەت ئەمەش ڕێك لە ساڵی 2014 بارێكی نائاسایی لە ڕووی ئیداری و ئابوری و سیاسی یەوە تا بە ئێستا دەگات بەردەوامی هەیە هەرچەند ساڵانی پێش 2014 باشتر نەبووە قەیران لە دوای قەیران بەكورتی و بەتایبەتی لە ڕووی ئیداری و ئابووری یەوە چەند جۆرێك لە بڕینی قوتی خەڵكی تاقیكرایەوە هەرجارەو بە بیانوویەك جارێك بەناوی پاشەكەوت و جارێك بەناوی كورتهێنانی بودجە و مەسەلەی نەوتیش لەولاوە بوەستێت كە چۆن دەسەلاتدارانی حكومەتی هەرێم هەندێكیان بوون بە بازرگانی نەوت و مافیا، شاهیدی وتەكانیشم ئەو  ووتارو كۆمێنتانەیە لەكاتی سەروبەندی هەڵبژاردنەكان كە خەڵكی پێ‌ قایل دەكەن و بریق و باقی وشەكانتان تەنها ماوەی هەڵبژاردنە ئەویش وەك هەمووشتەكان كورت دەخایەنێت.
لە سەردەمی ڕووخانی رژێمی بەعسەوە خەڵكی چاوەرانی باشترو باشترینە لەم حكومەتە بەڵام خراپ و خراپترینی چنیەوە، باشە گەندەڵی هەیە كێن ئەوانەی گەندەڵن و گەندەڵكارن فەرموو بیدەن بە دادگا بایاسا كاری خۆی بكات و سەروەری بۆ یاسا بگەرێنینەوە جارێكی تر هیچ بەرپرسێك زاتی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی پۆستەكەی نەكات لەبەرژەوەندی شەخسی، حكومەتێكی شەفاف و بەرپرسیار ئاراستە بكرێت كە جێ ی ڕەزامەندی كۆمەلانی خەڵكی بێت،
ڕوون نیە ئەم ڕووداوانە تا كوێ‌ دەڕوات ئایا حكومەتی خەمخۆر خێرا رێگاچارەیەك بۆ ئەو كێشەو ناهەمواریانە دەدۆزێتەوە یان دیسانەوە دەكەوێتە حاڵەتی بەرگریكردن وەك هەموو جارەكان گرەوی یاریەكان دەبەنەوە، وا ئەمجارەش ئەم یاریە لە بەرژەوەندی حكومەت كۆتایی هات ئەی داهاتوو .
خاڵێكی تر دەست بردن بۆ موچەو كەمكردنەوەی یان دانی موچە  بە 45 رۆژ جارێك نابێتە چارە بۆ دۆخی ئێستا و ڕەنگە ببێت بە كلتور لە داهاتوودا و ببێت بەیەكێك لە داهێنانەكانی حكومەتی هەرێم .
لەبیرمان نەچێت خراپتر لە ئێستا ئەبێت چۆن بێت حكومەت بەرنامەو پلانی چی یە؟ نە موچە نەپرۆژە نە خزمەتگوزاری  نە هەلی كار هیچی بەردەست نیە، حكومەتێك خاوەنی دەیان بیرەنەوت بێت نەتوانێت كەمترینی ئەو خزمەتگوازریانە دابین بكات بگرە نەتوانێت 2 بەرمیل نەوت لە ساڵێكدا دابین بكات بۆ هاوڵاتیانی ڕەنگە 2 بەرمیل زۆریشم وتبێت.
ئەمە ڕووی راستەقینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە هاوڵاتیانی تا لێواری مەرگ بردووە، سەدان گەنج لە بێ‌ كاری و لە گەندەڵی تا سنوری مەرگ وڵاتیان بەرەو غەریبی جێهێشتووە هەر لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا تەرمی چەندینیان بە خنكێنراوی گەرانەوە باوەشی نیشتمانی ساردو سڕیان، حكومەت یەك تۆز هەستی نەجوڵا بەدابین كردنی هەلی كار و رێگەگرتن لەسەفەری گەنجان ، شاهیدێكی تری وتەكانم خۆكوشتنی گەنجان و ئەو رێژەیەی تا ئێستا تۆماركراوە زۆرینەی لە بێ‌ كاری و دەردەسەری دایە ئەی بۆ ئەمە حكومەت وەك هەموو جارەكان هیچ باكی نیە با سلێمانیش بێتە پاڵ ئەو كەمتەرخەمیەی حكومەتی هەرێم و ئەو جیاوازییەی لە نێوان پارێزگاكان دروستی كردووە ئیتر بەس نیە ئەم ناعەدالەتی و نابەرپرسیارێتی یە، ئەگەر ئەم دۆخە وابروات ئاسۆیەك بەدی ناكەم، كاتی ئەوە هاتووە بەجدی حكومەت ئاوڕ لە هەموو ئەو كێشەو بارەنەخوازراوانە بداتەوە لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری و عەدالەتی كۆمەڵایەتی .